گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’ئەوانەى حوکمى سلێمانى دەکەن شعورى بەرپرسیارێتییان نییە’

هێڤیدار ئەحمەد: سلێمانى لەلایەن هاوسەرۆکانى یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت نەک هەڤاڵ ئەبوبەکر

2020.06.17 - 17:46
هێڤیدار ئەحمەد: سلێمانى لەلایەن هاوسەرۆکانى یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت نەک هەڤاڵ ئەبوبەکر

ناس کورد-

هێڤیدار ئەحمەد، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى، بەرپرسیارێتى ئەو دۆخەى کە لە سلێمانى هەیە لە بوارى مانگرتن و بایکۆتکردنى دامودەزگاکانى حکومەت دەخاتە ئەستۆى بەرپرسانى حکومەتى خۆجێى ئەو شارە و ئاماژە بەوە دەکات "سلێمانى لەلایەن هاوسەرۆکانى یەکێتییەوە بەڕێوەدەبرێت نەک هەڤاڵ ئەبوبەکر".

 

هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتارى پارتى لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى راگەیاند "ئەو بایکۆتەى لە سنورى سلێمانى هەیە حکومەتى خۆجێى سلێمانى بەرپرسیارن لێى و  دەبێت ئەوان وەڵامى ئەو خەڵکە بدەنەوە".

 

وتیشى، حکومەتى خۆجێى سلێمانى و بەشێک لەو حزبانەى کە لە سلێمانى هەن  سەریان لە خەڵک شێواندووە و ئەوانى بە بەرپرسیار زانى و ئاماژەى بەوە کرد " ئەوانەى حوکمى سلێمانى دەکەن شعورى بەرپرسیارێتییان نییە".

 

بەوتەى هێڤیدار ئەحمەد، ئەوان هەموو جار خەڵک دەکەنە قوربانى بەرژەوەندى خۆیان و دواتر خۆیان دەیدۆڕێنن و لە ١٦ى ئۆکتۆبەردا کوردستان و کوڕى خەڵکیان کردە قوربانى بەرژەوەندى خۆیان و دواتر  هەم خۆیان دۆڕان و هەم ئەزموونەکەش.

 

جەختیشى کردەوە "ئێستاش کە بەردەوام بن لەسەر ئەو ڕێبازە دواجار خۆیان دەدۆڕێنن".

 

پەرلەمانتارەکەى پارتى ئاماژەى بەوە کرد کە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى هیچى بەدەست نەماوە و ئەوانەى لە ئێستادا یەکێتى بەڕێوە دەبەن سلێمانیش بەڕێوە دەبەن.

 

" ناکرێت گوناهەکە هەمووى بخرێتە ئەستۆى هەڤاڵ ئەبوبەکر  و لەولاوە یەکێتى بەئارەزووى خۆى دەستى بەسەر هەموو دەروازەکان گرتووە و لە باشماخ و سەیرانبەند سەرانە لەخەڵک وەردەگرن و وەکو چەتەى لێهاتووە لەسنورەکان و  پارەکەش نادەنە موچەى کارمەندانى ئەو نەخۆشخانانەى کە خەڵک لەبەرچاویان گیان لەدەست دەدات" هێڤیدار ئەحمەد واى وت.

 

لەبارەى دواکەوتن و نەدانى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کە زۆرێک لە فەرمانگەکان بەو هۆیەوە دەوامیان راگرتووە، هێڤیدار ئەحمەد وتى "ئەوەندەى بەدواداچوونمان کردووە پێمان وتراوە پارەیەک لە داهاتى ناوخۆ لەبەردەستە و هەر کات پارەى فڕۆشى نەوت بگاتە وەزارەتى دارایى دەست دەکرێت بە دابەشکردنى مووچە بەڵام کاتەکەى نازانم".

 

ئاماژەى بەوەش کرد کە پێیان وتراوە ناکرێت هەندێک وەزارەت مووچەى بدرێت و بوەستێت و بۆ دەستکردن بە دابەشکردنى مووچە  چاوەڕوانى داهاتى نەوت دەکرێت.

 

سەبارەت بە بڕیارەکەى سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى هەڵگرتنى پارێزبەندى لەسەر سۆران عومەر پەرلەمانتارى کۆمەڵ، هێڤیدار ئەحمەد جەختى کردەوە "سەرۆکى پەرلەمان لەژێر فشارى حزبەکەى ئەو کارەى کردووە و ئیشێکى خراپیان پێ کردووە و ناچاریان کردووە ئەو کارە بکات".

 

ئاماژەى بەوەش کرد "ئەوە بڕیارێکى پەرلەمانە و یاساییە و لە ڕۆژنامەى وەقائیع بڵاوبۆتەوە و نە بە یەکێتى و نە بە پارتیش ناتوانن ئەو بڕیارە هەڵوەشێننەوە".

 

وتیشى "بڕیارى هەڵگرتنى پارێزبەندییەکە ڕۆشتووە و لە دادگایە و دادگا کارى خۆى دەکات و با ئەوان بۆ خۆیان هەر هەڵپەڕن".