گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامارەکە لەلایەن بەرپرسێکی تەندروستییەوە بڵاوکرایەوە

تەندروستی سلێمانی ڕونکردنەوە لەسەر ’’توشبوونی 80 بۆ 100 هەزار کەس’’ بە کۆرۆنا دەدات

2020.06.17 - 12:05
تەندروستی سلێمانی ڕونکردنەوە لەسەر ’’توشبوونی 80 بۆ 100 هەزار کەس’’ بە کۆرۆنا دەدات

ناس کورد-

تەندروستى سلێمانى ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ ئەو ئامارانەدا نییە کە باس لە بوونى 100 هەزار توشبوو دەکەن لەسنورى پارێزگاکە، ئەوەش دواى بەرپرسێکى تەندروستى ئاماژەى بە بوونى 80-100 هەزار توشبوو کردبوو.

 

شەوى ڕابردوو شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌زگای ته‌ندروستی پێشمه‌رگه‌ لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبوک ڕایگەیاندبوو، بەپێی داتا و ئامارەکانیان نزیکەى 80 بۆ 100 هەزار توشبووی کۆرۆنا لە سلێمانی و دەوروبەری هەن، تکایە خۆتان بپارێزن، بەڵام دواتر پۆستەکەى سڕییەوە.

 

ناس کورد چەند جارێک هەوڵیدا لێدوان لە شەماڵ جەبار یاوەرە وەربگرێت لەو بارەیەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون.

 

لاى خۆیەوە، عەبدوڵا ئەحمەد، جێگری بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی بەناس كوردی ڕاگەیاند، "ئەوەی ئەو بڵاویكردووەتەوە نازانم پشتی بە چ داتا و ڕێپێوییەك بەستووە و وەكو خۆم لەگەڵ ئەو داتایانەدا نیم و دەشتوانن لەسەر ئەوەی كە بڵاوی كردووەتەوە لەخۆی بپرسن".

 

وتیشی، "دەمانەوێت زانیاری دروست لەسەر دۆخەكە بدەینە هاوڵاتیان بۆ ئەوەی خۆیان لەپاراستنی تەندروستیان بەرپرس بن و خۆشیان بپارێزن و لە وتنی زانیارییە دروستەكانیش درێغی ناكەین".

 

لەبارەی بەخشینی پلازمای خوێنی چاكبووەكانی توشبووانی كۆرۆناوە كە چەند ڕۆژێكە بانگەوازی بۆ دەكرێت، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی وتی "تا ئێستا ژمارەیەكی زۆر كەم خەڵكی پێشوازی لە بانگەوازەكەیان كردووە و بەهاناییەوە چوون و چاوەڕوانن ژمارەیەكی زۆرتر ئەوانەی كە لەو پەتایە چاكبوونەتەوە بێن و پلازمای خوێنەكەیان ببەخشن".

 

بەپێی ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى، تا ئێستا لەسنورى پارێزگاى سلێمانى هەزار و 62 توشبووى کۆرۆنا تۆمارکراون کە 52 کەسیان گیانیان لەدەستداوە و 640 کەسیان چاکبوونەتەوە.