گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی سەردانی ئەمریکا دەکات؟

وەزیرانی دەرەوەى عێراق و ئەمریکا تاوتوێی هەماهەنگی بازرگانی و وزەیان کرد

2020.06.16 - 23:22
وەزیرانی دەرەوەى عێراق و ئەمریکا تاوتوێی هەماهەنگی بازرگانی و وزەیان کرد

ناس کورد-

فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان لەبوارەکانی وزە، ژێرخان و وەبەرهێنان و هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق کرد.

 

لەوبارەیەوە ئەحمەد سەحاد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "هەردولا گفتوگۆیان کرد دەربارەی گەشەدان بە هاریکاریی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاوازەکاندا".

 

جەختیشیکردووەتەوە: "باسیان لە هاندانی وەبەرهێنان لە تەواوی کەرتەکاندا کردووە، لەنێویشیاندا کەرتی نەوت و هاندانی وەبەرهێنەرەکان بۆ کارکردن لە عێراق و ژێرخان".

 

وتەبێژەکەى وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، فوئاد حسێن ئامادەیی عێراقی نیشانداوە کە "هەوڵ دەدات لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بنیاد بنێت".

 

دەشڵێت، فواد حسێن ڕایگەیاندووە کە "ئەگەر بارودۆخی  تەندروستی ڕێگە بدات، مستەفا کازمی سەردانی ئەمریکا دەکات".

 

ئەحمەد سەحاف ئاماژەی بەوەشکردووە، مایک پۆمپیۆ پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە: "ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق دەگرین".

 

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردووەتەوە: "ئەمریکا خۆشحاڵە بە ئەنجامە سەرەتاییەکانی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێراق و هیوادارین بەردەوامی بە گفتوگۆکان بدرێت".

 

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپەیۆ جەختیکردووەتەوە لەوەی وڵاتەکەی ڕێز لە سەرەوەریی عێراق دەگرێت و پشتیوانی لە حکوومەتەکەی کازمی دەکات.