گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوایەکی بەپەلە لە تەندروستی سلێمانییەوە.. ’’75 توشبووی کۆرۆنا تەندروستییان ناجێگیرە’’

2020.06.16 - 19:00
داوایەکی بەپەلە لە تەندروستی سلێمانییەوە.. ’’75 توشبووی کۆرۆنا تەندروستییان ناجێگیرە’’

ناس کورد-

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی دەڵێت، 75 توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی باری تەندروستییان ناجێگیرە و 20 توشبووش لە "دۆخێکی خراپدان".

 

یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی لە فەیسبوکی خۆی جگە لەو ژمارەیە، داوای هاوکاری کردووە لە بەخشینی پلازما بۆ ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکانی تر.

 

زیاتر بخوێنەوە: سلێمانى؛ پلازماى خوێنى چاکبووان بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت

 

لە چەند هەفتەى ڕابردوودا، ژمارەى توشبوون و گیانلەدەستدان بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەرێم بە گشتی و لە سلێمانی بە تایبەتی زیادی کردووە، بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان و 133 توشبووی نوێی نەخۆشییەکە لە سلێمانی تۆمار کراون. 

 

بەشێک لە توشبووانى کۆرۆنا لە سلێمانى بەدواى ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە، بۆ ئەوەى پلازماى خوێنیان وەکو چارەسەر بۆ بەکاربهێنرێت، بەرپرسانى تەندروستیش دەڵێن، ئەوانەى چاکبوونەتەوە هاوکارن.  

  

لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوا لەو کەسانە دەکرێت کە توشبووى کۆرۆنا بوون و دواتر چاکبوونەتەوە، بچن بە هاناى توشبوویەکەوە لە سلێمانى کە بارى تەندروستى ناجێگیرە تا پلازماى خوێنیان وەکو چارەسەر بۆ ئەو توشبووە بەکاربهێنرێت.  

  

کەسێکى نزیک لەو توشبووە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دواى ماوەیەکى کەم لە بڵاوکردنەوەى بانگەوازەکە دوو کەس کە پێشتر لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و هاتونە تا پلازماى خوێنیان وەک چارەسەر بۆ توشبووەکە بەکاربهێنرێت.  

  

وتیشى، "پزیشکەکان باسیان لەوەکردووە کە ئەو جۆرە چارەسەرە دواى سەرجەم رێگەکانى دیکە بەکاردەهێنن، بەڵام چارەسەرى بنەڕەتى نییە و مەرج نییەه هەموو توشبوویەک سودى لێوەربگرێت".  



  

چارەسەرى توشبووان بە دژە تەنى ئەو کەسانە چاکبوونەتەوە، لە قۆناغى یەکەمى بڵاوبوونەوەى کۆرۆنادا لەدوو مانگى ڕابردوودا وەکو چارەسەرێکى پشتپێبەستراو لە سلێمانى بەکاردەهێنرێت تا ئێستا.  

  

سەرەتاى مانگى نیسانى ئەمساڵ یەکەم توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى بەو رێگەیە چارەسەرکرا، کە توشبوویەکى تەمەن 46 ساڵ بوو.  

  

زیاتر بخوێنەوە: چیرۆکى چارەسەرکردنى یەکەم توشبووى کۆرۆنا لە سلێمانى بە پلازما  



  

یاد نەقشبەندى، وتەبێژى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئەوە رێگەیەکى چارەسەرە لەناو دەیان رێگەى دیکەدا کە بۆ توشبووانى کۆرۆنا بەکاردەهێنرێت".  

  

وتیشى، "چارەسەرەکان بنەڕەتى نین، وەستاوەتە سەر وەڵامدانەوەى جەستەى نەخۆشەکە، مەرج نییە جەستەى هەموو توشبووەکان وەڵامیان بۆ چارەسەرەکە هەبێت".  

  

لە هەرێمى کوردستان لەکۆى هەزار و 89 توشبوو، 448 کەسیان چاکبوونەتەوە، کە بەشێکیان دواى بەکارهێنانى خوێنى کەسانى چاکبوەوە لە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.  

  

یاد نەقشبەندى باسى لەوەکرد، ئەوانەى چاکبوونەتەوە لە ڤایرۆسى کۆرۆنا هاوکارن، پەیوەندى بەهەر کەسێکیانەوە دەکرێت ئامادەیە هاوکارى توشبووان بکات.  

  

وتیشى، "هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو دۆخەى داوا لەو کەسانە بکەین کە بێن بە هاناى توشبووانەوە، چونکە هاوکارن".  

  

بەکارهێنانى پلازماى کەسانى چاکبووەوە بۆ توشبووانى کۆرۆنا هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەى خێراى ژمارەى توشبووانى کۆرۆنا لەسەرتاسەرى هەرێمى کوردستان.  

  

"ئێستا لە دۆخى تاکپارێزیداین، ئەگەر خەڵک هاوسەنگى رابگرێت لەنێوان خۆپاراستن و بژێوى خۆى، رەوشەکە تا ڕادەیەک بەرەو باشى دەچێت، بەڵام ئەگەر خەڵک پابەند نەبێت رەوشەکە خراپتر دەبێت"، یاد نەقشبەندى وایوت.  



  

چارەسەرى پلازما بریتیە لە وەرگرتنى پلازماى خوێنى ئەو توشبووانەى کۆرۆنا کە حاڵەتەکانیان مامنانەوەند یان قورس بوون و چاکبوونەتەوە، دواى تەواو چاکبوونەوەیان دوبارە خوێنەکانیان وەردەگیرێتەوە و بەکاردەهێنرێت بۆ چارەسەرى ئەو توشبووانەى کە جەستەیان وەڵامدانەوەیان بۆ هیچ چارەسەرێک نەبووە..  

  

ئامانج لە بەکارهێنانى پلازماکە، چارەسەرکردنى نیشانەکانى کۆرۆنایە لەسەر جەسەى کەسانى توشبوو بە ڤایرۆسەکە و باشکردنى تواناى سیستەمى بەرگرى جەستە بۆ بەرهەمهێنانى دژە تەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا.  

  

.دژە تەنەکان بریتین لە پڕۆتینێک کە دەبێتە هۆى پارێزگاریکردن لە تەندروستى مرۆڤ و لەناوبردنى بەکتریا و ڤایرۆس.