گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

هەرێم پلانی هەیە لەمساڵدا پێشوازی لە 3 ملیۆن گەشتیار بكات

زیاتر لە 700 كۆمپانیای گەشتوگوزاری عێراقی گەشتیار بۆ هەرێم دەهێنن

2019.04.15 - 20:38
زیاتر لە 700 كۆمپانیای گەشتوگوزاری عێراقی  گەشتیار بۆ هەرێم دەهێنن

ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح 

.

گەشتوگوزاری عێراق ڕایگەیاند، هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوان گەشتوگوزاری عێراقی و هەرێمدا هەیە، هەوڵدەرێت لە ساڵی 2019دا زیاتر لە 700 كۆمپانیایی گەشتیاری عێراقی گەشتیار بهێنن بۆ هەرێم، حكومەتی هەرێمیش پلانی هەیە پێشوازی لە 3 ملیۆن گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەكی بکات.

.

محەمەد ڕوفەیعی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حكومەتی عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "هەماهەنگییەكی تەواو و تۆكمە لەنێوان حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێم هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزاری لە عیراق و هەریمدا، هەردوولا چەندین چالاکی هاوبەشیان هەبووە".

.

وتەبێژەکەی دەستەی گەشتوگوزاری عێراق، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێی 700 کۆمپانیای گەشتیاری عێراقییەوە، لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا دەیان هەزار گەشتیار ڕوودەكەنە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێم.

.

گەشتوگوزاری عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا لە هەوڵی بە نیشتیمانی کردنی کەرتی گەشتوگوزارە لە عێراق و هەرێم، ئەوەش بە مەبەستی بوژاندنەوەی کەرتی ئابوری لە ڕێی گەشتوگوزارەوە.

.

لە لایەکی ترەوە نادر ڕۆستی وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كورستان تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان و عێراق، بەردەوام لەسەر هێڵن، بۆ پەرەپێدان بەو كەرتە گرنگە، هەردوولا چەندین كۆڕ و پێشانگای هاوبەشیان لە شارەكانی  بەغداد و هەولێر بەڕێوەبردووە، بۆ ناساندنی شوێنە گەشتیارییەكانی كوردستان و ڕاكێشانی كۆمپانیا گەشتوگوزارییەكان بۆ هەرێمی كوردستان".

.

 

"گەشتیاری عێراقی گەشتیارێكی باشە لەڕووی داراییەوە و سودێكی زۆرباشیان هەیە بۆ پەرپێدانی جومگە گەشتیارییەكان لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێم، هەر گەشتیارێكی عێراقی تێكرای خەرجكردنی لە ماوەی سێ‌ ڕۆژی مانەوەیدا لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە 300 دۆلار کە ئەمەش داهاتێكی زۆر باشە"، وتەبیژی گەشتوگوزاری هەرێم وای وت.

.

دەشڵێت، 85%ی ئەو گەشتیارانەی كە ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان، هاوڵاتیانی ناوەراست و باشووری عێراقن، هەرێمی كوردستانیش پلانی هەیە بۆ پێشوازیكردن لە 3 ملیۆن گەشتیار تا كۆتایی ساڵی 2019.

.

بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، تەنها لە نەورۆزی ئەمساڵدا 243 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستانەوە، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ڕێژەکە %4 زیادیکردووە.

.

.