گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’زۆر زیاترە لەو رێژەیەى عادل عەبدولمەهدى بەدەستیهێنا’

راپرسییەک پشتیوانى 64%ى عێراقییەکان بۆ مستەفا کازمى دەردەخات

2020.06.16 - 15:49
راپرسییەک پشتیوانى 64%ى عێراقییەکان بۆ مستەفا کازمى دەردەخات

ناس کورد-

زیاتر لە 60%ى هاووڵاتیانى عێراق متمانەیان بەتواناى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران هەیە بۆ بەرێوەبردنى قۆناغى ئێستاى وڵات، کە زیاترە لەو ئاستەى بەسەرۆکوەزیرانى پێشوو دراوە، ئەوەش بەپێی ئەنجامى راپرسییەکى گروپێکى سەربەخۆ بۆ توێژینەوە، نوێنەرى دامەزراوەى کالوبى نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە.

 

مازن ساحب، توێژەر لەبارەى راپرسییەکەوە ڕایگەیاند، سەرەڕاى دابەشبوونى عێراقییەکان بەڕێژەى  (50/50) لەبارەى رەزامەندییان لەسەر هەڵبژاردنى کازمى بۆ سەرۆکوەزیران، بەڵام زۆرینەیەکى رەها بەرێژەى (64%) کازمیان بەباش زانیوە، ئەوەش ڕێژەیەکە نزیکە لەوەى حەیدەر عەبادى لەمانگى یەکەمى دەسەڵاتیدا بەدەستیهێنا، بەڵام زۆر زیاترە لەو رێژەیەى عادل عەبدولمەهدى بەدەستیهێنا کە رێژەى (36%) بوو لەمانگى یەکەمى پۆستەکەیدا.

 

ئاماژەى بەوەشکرد، راپرسیەکە دەریخستووە کە 60%ى بەشداربووان متمانەیان هەیە بەوەى دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکانى سەرشانى بەجێبهێنێت، ئەوەش زۆر زیاترە لەو ئاستەى عەبدولمەهدى بەدەستیهێنابوو کاتێک 46%ى خەڵک پێیانوابوو دەتوانێت بەرپرسیارێتییەکانى سەرشانى بەجێبهێنێت. بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگیرێت کە ئەمە یەکەم راپرسی هاووڵاتیانە  لەبارەى کازمییەوە و ئەگەرى گۆڕانى ئەنجامەکان هەیە.

 

راپرسییەکە لە رێگەى تەلەفۆن و کۆمپیوتەرەوە ئەنجامدراوە بەشێوەى هەڕەمەکى بەبەشدارى هەزار کەس لە ناوچە جیاجیاکان لەنێوان  6-11 ى ئەم مانگە.

 

بەپێی ئەنجامەکان، هاووڵاتییان متمانەیان نییە بە وڵاتانى دراوسێ بەگشتى و وڵاتانى نێودەوڵەتى، هەریەکە لە ئێران و ئەمریکا و سعودیە و تورکیا کەمتر لە سێیەکى پشتیوانى هاووڵاتیانیان بەدەستهێناوە، ئێران کەمترین وڵاتە کە تەنها متمانەى عێراقییەکانى بەڕێژەى  15% بەدەستهێناوە، 13.5% هاووڵاتیان پێیانوایە هاوبەشى متمانپێکراوى عێراقە.

 

بەپێی راپرسییەکە، هەڵبژاردەى عێراقییەکان بۆ پرسى هاوبەشى لەگەڵ وڵاتان بەپێچەوانەى سیاسییەکانەوە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى وڵات بووە، نەک بنەماى مەزهەبی و ئایدۆلۆژى و ئاینى و نەتەوەیی. هاووڵاتیان چینیان بەیەکەم هاوبەشى ئابورى عێراق ناوبردووە، بەڵام ئەمریکایان وەکو یەکەم هاوبەشى سەربازى هەڵبژاردووە، هەروەها یەکێتى ئەوروپایان وەکو هاوبەشى رۆشنبیرى هەڵبژاردووە.