گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نامه‌یه‌كی ناڕەزایه‌تیشی ئاڕاسته‌ی تورکیا کرد

عێراق لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی باڵوێزی تورکیاى لە بەغدا بانگهێشتکرد

2020.06.16 - 15:23
عێراق لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاکەکەی باڵوێزی تورکیاى لە بەغدا بانگهێشتکرد

ناس کورد-

عێراق باڵیۆزی توركیا له‌به‌غدا بانگهێشتکرد و سەرکۆنەی پێشێلکاری و دەستدرێژییەکانی ئەو وڵاتەی بۆ سەر سه‌روه‌ری خاكی عێراق کرد، نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تیشی ئاڕاسته‌ی تورکیا کرد.

 

ئەمڕۆ (سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2020) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق راگەیەندراوێکى  بڵاوکردووە و تێیدا ڕایگەیاند "به‌هۆی بۆردومانه‌كانی باكوری عێراق و دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر هاووڵاتیانی ناوچه‌ سنورییه‌كان، ئەمڕۆ فاتح یه‌ڵدزمان بانگهێشتکرد".

 

ئاماژە بەوەکراوە، "باڵوێزی تورکیا‌ له‌لایه‌ن عه‌بدولكه‌ریم هاشم، بریكاری پێشكه‌وتووی وه‌زاره‌تی دەرە‌وه‌ پێشوازی لێكراوه‌ و سەرکۆنەی پێشێلكارییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی كردوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سه‌روه‌ری خاك و ئاسمانی عێراق ئه‌نجامدراوە"‌.

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، "عه‌بدولكه‌ریم هاشم، بریكاری پێشكه‌وتووی وه‌زاره‌تی دەرە‌وه ی عێراق،‌ توركیای بە سه‌رپێچی بنه‌مای یاساكانی نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق و ڕێزگرتنی هاوبه‌شی نێوانیان تۆمەتبارکردوە".

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە‌، عێراق داوایکردووە تورکیا كرده‌وە سه‌ربازییه‌كانی له‌خاكی عێراق ڕابگرێت و ئاماده‌یی حكومه‌تی عێراقیشی نیشانداوه‌ بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان بپارێزن به‌جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات له‌به‌رچاو بگیرێت".

 

بریكاری پێشكه‌وی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق داواشی له‌ باڵیۆزی توركیا كردوه‌، "ڕێكاری پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ به‌رگرتن له‌ پێشێلكارییه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ سه‌روه‌ری خاکی عێراق و ڕێگری له‌هه‌ر جۆره‌ كرده‌وه‌یه‌كی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ له‌داهاتودا بكه‌ن".

 

شەوی 14ی ئەم مانگە، لە چوارچێوەی ئوپڕاسیۆنی (چرنووکی هەڵۆ) فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا ناوەند و دەوروبەری کامپی پەنابەرانییان لە مەخمور و چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان بۆردومان کرد.

 

لای خۆشییەوە،ه ه‌په‌گه لە ڕاگەیەندراوێکدا، هێرشەکانی توركیاى بۆ سه‌ر كامپی په‌نابه‌رانی مه‌خموری وه‌ك هێرش بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌ ڕاگه‌یاند‌، هێرشەکانیشی بەهاوشێوەی هێرشەکانی چەکدارانی داعش شوبهاند.