گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکى باڵا وردەکارییەکان ئاشکرادەکات

وەفدى هەرێم بە’شەش دۆسیەوە’ دەچێتە بەغدا

2020.06.16 - 15:13
وەفدى هەرێم  بە’شەش دۆسیەوە’  دەچێتە بەغدا

ناس کورد-

کارنامەى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا شەش دۆسیەى لەخۆ گرتووە، بە ئامانجى گەیشتن بە رێککەوتنى نوێ، ئەوەش بەوتەى بەرپرسێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

 

چاوەڕواندەکرێت لەم هەفتەدا شاندى هەرێم سەردانى بەغدا بکاتەوە، دواى ئەوەى حکومەتى هەرێم هەفتەى ڕابردوو ئامادەیی خۆى بۆ بەردەوامیدان بە دانوستانەکان ڕاگەیاند.

 

بەختیار حاجى، بەڕێوەبەرى کاروبارى پەیوەندییەکان و بەدواداچوون لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "وەفدێکى هەرێم سەردانى بەغدا دەکات بۆ تاوتوێکردنى دۆسیەکانى نەوت و دارایی و خاڵە سنورییەکان و داهاتى ناوخۆ و هەماهەنگى نێوان هەردوو حکومەت لە بوارى کارەبا و غازى سروشتى".

 

وتیشى "حکومەتى هەرێم جدییە لە چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکان، هەردولا نیازێکى راستەقینەیان هەیە بۆ چارەسەرى کێشەکان".

 

بەرپرسەکەى حکومەتى هەرێم ئاماژەى بەوەدا، وەفدێکى باڵاى هەرێم گفتوگۆى لەگەڵ حکومەتى پێشوو کردووە لەسەر سەرجەم پرسەکان و گەیشتوون بە رێککەوتنى نوێ لەو بارەیەوە.

 

جەختیشیکردووەتەوە، حکومەتى هەرێم داواى شتێک ناکات لەدەرەوەى ئاستى داواکراو بێت، لەهەمانکاتدا سازش لەسەر ماف و شایستە داراییەکانى ناکات بەپێی دەستور.

 

حکومەتى عێراق ماوەى 30 رۆژى دیاریکردووە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی لەگەڵ هەرێم، دواى ناردنى بڕى 400 ملیار دینار وەک شایستە داراییەکانى مانگى نیسان بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران.

 

دوێنێ (دوشەممە) فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو "شاندی باڵای حکومەتی هەرێم خۆیان ئامادەکردووە و ئەگەر گۆڕانکاری نەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە کە ڕەنگە چوارشەممە بێت سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆکان".  

  

وتیشی، دواکەوتنی گفتوگۆکان بەهۆی ئەوەوە بوو کە هەرێم و بەغدا لەسەر دوو پرس گفتوگۆ دەکەن دارایی و نەوت، بەڵام عێراق وەزیری نەوتی نەبوو، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وەزیری نەوتیش دیاریکرا، لە ئێستادا هەردوولا ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن.  

 

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئەوەی خستەڕوو، زۆرینەی پرسەکان گفتوگۆیان لەسەر کراوە و تەنها هەندێک وردەکاری ماوە، بۆیە ئومێدیان هەیە پێش ئەو وادەیە بگەنە رێککەوتن و هیوادارن عێراقیش بەهەمانشێوە و ویستی ڕێککەوتن مامەڵە بکەن.