گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران سنوری حاجی ئۆمەران تۆپباران دەکات

2020.06.16 - 12:40
ئێران سنوری حاجی ئۆمەران تۆپباران دەکات

ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی

 

ئەمڕۆ سێشەممە تۆپخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیانکردەوە بە تۆپبارانکردنی سنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە قەزای چۆمان، هاوکات فڕۆکەی چاودێریش بەئاسمانی ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە.

 

کاوە بەهرامی فەرماندەی سەربازی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە چڕی دەستیانکردووە بە تۆپبارانکردنی گوندە سنوریەکانی ناحیەی حاجی ئۆمەران و تا ئێستاش تۆپبارانەکە بەردەوامە".

 

ئاماژەی بەوەشدا، تۆپبارانەکە گوندی ڕایات و دۆڵی ئالانەی لە ناوچەکە کردۆتە ئامانج.

 

بەهرامی باسی لەوەشکرد کە، ئەوەندەی زانیارییان هەبێت تۆپبارانەکە زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

 

وتیشی "ئامانجی ئێران لەو تۆپبارانە زیانگەیاندنە بە خه ڵکی جوتیارو مەڕدارو کاسبی ناوچەکە، هەموو ساڵێک دەیەوێت زیانیان پێبگەیەنێت".

 

بەپێی زانیاریەکانی ناس کورد لەگەڵ تۆپبارانەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران، فڕۆکەی چاودێریش بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا ده سوڕێتەوە.

 

تۆپبارانی ئێران بە بیانوی بوونی بنکەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدەدرێت. ناوچە بۆردومانکراوەکانیش ناوچەی کوێستانی و کشتوکاڵی و ئاژەڵدارین.