گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە 40 دۆلار نزیکبووەتەوە

نرخى نەوت رووى لە هەڵکشان کردەوە

2020.06.16 - 11:12
نرخى نەوت رووى لە هەڵکشان کردەوە

ناس کورد-

 

نرخى نەوت ئەمڕۆ سێشەممە رووى لەبەرزبوونەوە کردەوە و نرخى هەر بەرمیلێک لە 40 دۆلار نزیکبووەوە، ئەوەش بەهۆى بوونى ئاماژەى ئیجابی لەسەر زیادبوونى خواست لەسەر وزەو پابەندبوونى وڵاتانى ئۆپیک بە رێککەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان.

 

بەپێی پێگەى بلومبێرگ، نرخى گرێبەستە دواخراوەکانى نەوتى خاوى ئەمریکا بە  37.18  دۆلار مامەڵەى پێوەکراوە و بەرێژەى 0.16% بەرزبووەتەوە.

 

هەروەها نرخى نەوتى خاوى برێنت نزیکبووەتەوە لە 40 دۆلار و بە 39.82 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەى پێوەکراوە، کە بەرێژەى 0.25% بەرزترە لەنرخى پێشوو.

 

دوێنێ نرخى نەوت جارێکى تر رووى لە دابەزین کردەوە، بەهۆى زیادبوونى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین و یابان و ئەمریکا و ترس لە گەڕانەوەى پەتاکە بەشێوەیەکى بەفراوان کە ببێتە هۆى کەمبوونەوەى خواست لەسەر وزە.  

  

بڕیاریشە رۆژى پێنجشەممە لیژنەى چاودێرى ڕێککەوتنەکە لە ئۆپیک کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئاستى پابەندبوون بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان لەلایەن وڵاتانەوە.  

  

عێراق کە لەناو ئەو وڵاتانەدایە کە پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەوە، ڕۆژى یەکشەممە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى نەوت رێککەوت بۆ کەمکردنەوەى زیاترى ئاستى بەرهەمهێنان، ئەوەش بەوتەى چەند بەرپرسێکى عێراقى.