گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شارەزایان هۆشدارى دەدەن: شەپۆلى دووەمى داخستن بەهۆى کۆرۆناوە خراپتر دەبێت لە یەکەم

2020.06.16 - 10:32
شارەزایان هۆشدارى دەدەن: شەپۆلى دووەمى داخستن بەهۆى کۆرۆناوە خراپتر دەبێت لە یەکەم

ناس كورد-

دواى هەڵگرتنى رێوشوێنەکانى داخستن لە ئەمریکا، ژمارەیەکى پێوانەیی توشبوون بە کۆرۆنا لە بەشێک لە ویلایەتەکان تۆمارکرا، ئەوەش ترسی لەبارەى شەپۆلى دووەمەوە دروستکردووە.

 

د.غوناسان راینر مامۆستاى کۆلێژى پزیشکى لە زانکۆى جۆرج واشنتن دەڵێت "روبەڕووى راستییەکى توند بووینەتەوە لەبەشێک لە ویلایەتەکان کە پێویستى بەدوبارە داخستن هەیە، شەپۆلى دووەمى داخستن زیانى زیاتر دەبێت لە شەپۆلى یەکەم".

 

وتیشى "ئەگەر نەخۆشخانەکان و شوێنەکانى چاودێرى چڕ پربون ئەمریکا ناچار دەبێت پەنا بباتەوە بۆ رێوشوێنى داخستن".

 

لاى خۆیەوە، د.کریستۆفەر موراى بەڕێوەبەرى پەیمانگاى هەڵسەنگاندن لە بوارى تەندروستى لە زانکۆى واشنتن ڕایگەیاند، بەهۆى کاریگەرى ئابورى کەرەنتینە، شەپۆلى دووەمى داخستن کاریگەرى گەورەتریى دەبێت لەسەر کۆمپانیاکان کە ناتوانن پابەندبن بە بەڵێنەکانیان.

 

بەپێی کەناڵى سی ئێن ئین، زیانى دارایی یەک قۆناغى داخستن کارەساتبار دەبێت، چونکە زیاتر لە 44 ملیۆن کەس لە ئەمریکا لە ناوەراستى ئازاردا داوایان پێشکەشکردووە بۆ وەرگرتنى یارمەتى بەهۆى ئەوەى بێکاربوون.

 

د. ويليام شافنرشارەزاى نەخۆشییە گوازراوەکان و مامۆستا لە سەنتەرى پزیشکى زانکۆى فاندربيلت دەڵێت، کۆرۆنا پشووى هاوینەى نییە، بەکردەیی هەلێکى نوێى هەیە بۆ بڵاوبوونەوەى دواى گەڕانەوەى ژیانى ئاسایی.

 

باسى لەوەشکردووە، بژاردەى قورس و گەورە کە روبەڕووى وڵاتان دەبێتەوە لەچەند مانگى داهاتوودا رێوشوێنەکانى داخستنى دووەمە.

 

بەوتەى ستیفن منوچین وەزیرى خەزێنەى ئەمریکا، کاریگەرى داخستنێکى دیکە گەورە دەبێت، بۆیە ناکرێت دوبارە چالاکییە ئابورییەکان بوەستێنرێن، زیانەکەش تەنها ئابورى نییە، بەڵکو کاریگەرى دەبێت لەسەر تیمە پزیشکییەکان و تواناى نەخۆشخانەکان.

 

 پرۆسەى دووەمى داخستن بەکردەیی لەچەند وڵاتێک دەستیپێکردووە، لە هۆنگ کۆنگ و سەنگافورە و دووەم گەورەترین دورگەى یابان کە هوکایدویە، دواى سوککردنى رێوشوێنەکان حکومەتەکان ناچاربوون رێوشوێنى توندتر بگرنەبەر.

 

بەپێی سی ئێن ئێن، لەئێستادا چارەنوسى پەتاکە دراوەتە دەست خەڵک، ئاستى پابەندبوونیان بە رێوشوێنەکانەوە یەکلاکەرەوە دەبێت.