گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ماسی سەلەمون چ پەیوەندییەکی هەیە؟

تەندروستی جیهانی وێڵە بەدواى هۆکارى تەشەنەسەندنەوەى کۆرۆنا لە چین

2020.06.15 - 23:45
تەندروستی جیهانی وێڵە بەدواى هۆکارى تەشەنەسەندنەوەى کۆرۆنا لە چین

ناس کورد- 

پاش تۆمارکردنی ژمارەیەک حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە پایتەختی وڵاتی چین، ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، تائێستا دڵنیانەبووەنەتەوە لەهۆکاری دەرکەوتنی ئەو حاڵەتانە، گریمانەکانیش دەربارەی دەرکەوتنی دوبارەی نەخۆشییەکە ڕوون نین.

 

لە بارەی تۆمارکردنی ژمارەیەک توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری پەکین پایتەختی وڵاتی چین، میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردەوە، "ئامیری لەتکردنی ماسی سەلەمۆن لە ناوچەی شیفادی  کە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری پەکین پیسبووە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەش وایەکردووە حاڵەتەکان لە گەورەترین بازاری فرۆشتنی بەکۆمەڵی بابەتە خۆراکییەکان لە ئاسیا سەرهەڵبدات".

 

تۆمارکردنی ئەو حاڵەتانە مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی شەپۆلى دووەمی ڤایرۆسەکەى لای دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئەو وڵاتە دروستکردووە، بۆیە ئەمڕۆ (دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2020) حکومەتی چین شەقامەکانی پایتەختی بە خاڵەکانی پشکنین تەنی و قوتابخانەکانی داخست و دەستی کرد بە پشکنینی مەیدانی بۆ گەڕان بە دوای توشبووانی نەخۆشییەکە.

 

لای خۆیەوە مایک ڕایان، بەڕێوەبەری بەرنامەی فریاگوزاری ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی بە ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند، "سەرلەنوێ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا لە چین بابەتێكە جێی نیگەرانییە، ئەو شارە گەورەیە و پڕە لە جموجوڵ، بۆیە لەژێر چاودێرییەكی وردی ئێمەدایە".

 

ڕونیشیكردەوە، ڕێكخراوەكە هاوكاری زیاتری پێشنیاركردووە بۆ پەكین هەتا هەماهەنگی بكەن بۆ ڕووبەڕووبونەوەی دۆخی ئێستا و تیمەكانی لەو شارەدا بەشێوەیەكی بەرفراوانتر دەجوڵێنێت.

 

ڕایان ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێناچێت ماسی سەلەمۆن نەخۆشییەکە بگوازێتەوە، بەڵام ئەگەری هەیە بە ڕێگایەک لەڕێگاکان ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە".

 

هاوکات  لەبارەی سەرچاوە و گوڕی ئەو شەپۆلە نوێیەی توشبوون بە كۆرۆنا لە چین، تێدۆرس ئادهانۆم، بەڕێوەبەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێكخراوەكە لەبارەی سەرچاوە و گوڕی ئەو شەپۆلە نوێیەی توشبون بە كۆرۆنا لە چین لێكۆڵینەوە و بەدواداچون ئەنجامدەدات.

 

باسی لەوەشكرد، ژمارەی نوێی توشبون بە كۆرۆنا لە پەكینی پایتەختی چین 100 حاڵەتی تێپەڕاندوە، ئەوەش دوای ئەوەی نزیكەی 50 ڕۆژە لەو شارە هیچ توشبویەكی نوێ بە كۆرۆنا تۆمارنەكرابوو.

 

تێدۆرس ئادهانۆم داوای لە سەرجەم وڵاتان كرد، بەمەبەستی خۆپاراستن ڕێگرتن لە سەرلەنوێ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا رێنماییەكان جێبەجێبكەن و دەستبەرداریان نەبن.