گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیاش وەڵامی داوەتەوە

پەکەکە ’’بە چەکى قورس’’ هێرشیکردە سەر بنکەیەکى سوپای تورکیا لە سیدەکان

2020.06.15 - 21:34
App store icon Play store icon Play store icon
پەکەکە ’’بە چەکى قورس’’ هێرشیکردە سەر بنکەیەکى سوپای تورکیا لە سیدەکان

ناس کورد- ئاکۆ حەمەد رابی

گەریلاکانی پەکەکە هێرشیانکردە سەر بنکەیەکى سەربازى سوپاى تورکیا لە سنورى سیدەکان، تورکیاش بە تۆپ و هاوەن وەڵامی هێرشەکەی داوەتەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گوندە سنوریەکانی ناحیەی سیدەکانی سەر بە قەزای سۆران ئەمڕۆ دووشەممە (15ی حوزەیران) بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "دوای کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ گەریلاکانی پارتی‌ کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە چەکی قورس هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی سەربازی سوپای تورکیا لە ناوچە سنورییەکانی سیدەکان".

 

باسی لەوەشکرد، هێرشەکە ماوەیەکی کەمی خایاندوه و نازانرێت ئایا سوپای تورکیا زیانی بەرکەوتوە یاخود نا.

 

پەیامنێری ناس کورد چەند جارێک پەیوەندیکرد بە وتەبێژو بەرپرسانی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە، بەڵام ژمارەکانیان بەردەست نەبوون.

 

هەر لەو بارەیەوە، جەلال عوزێر، موختاری گوندی خەلیفان کە گوندێکی سنوریە بە ناس کوردی ڕاگەیاند، "کەمێک پێش ئێستا و دوای هێرشی پەکەکە سوپای تورکیا دەستیکرد بە تۆپباران و هاوان بارانکردنی گوندە سنوریەکان و تا ئێستاش تۆپبارانەکە بەردەوامە".

 

وتیشى، "هەریەک لە گوندەکانی خەلیفان، ئالەکان، سیران و گەروا زرارا بوونەتە ئامانجی تۆپبارانی سوپای تورکیا".

 

جەلال عوزێر ڕونیشیکردەوە کە "بەهۆی تۆپبارانەکەوە ئاگر لە پوش و پاوانی ناوچەکە کەوتووەتەوە و هاوڵاتیان و گوندنشینانیش تووشی ترس و دڵەڕاوکێ بوون،" بەڵام تۆپبارانەکە تا ئێستا هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبووە.

 

درەنگانی شەوی ڕابردوو سوپای تورکیا ئۆپراسیۆنێکى نوێی دژى پەکەکە لە خاکى هەرێمى کوردستان دەستپێکرد و لەڕێگەی فڕۆکەی F16ی جەنگیەوە لەیەککاتدا بۆردومانی قەندیل، شەنگال، بادینان، قەسرێ، برادۆست، کەمپی مەمخورو بەشی زۆری هەرێمەکانی پاراستنی میدیای  کرد.

 

وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە کە لەهێرشەکەی شەوی ڕابردوو بنکە و بارەگاکانی پەکەکە بۆردومان کراون و چەند دیمەنێکی بۆردمانەکەى بڵاوکردنەوە.

 

لەبەرامبەردا ئەمڕۆ دووشەممە هێزەکانی‌ پاراستنی گەل (هەپەگە)باڵی سەربازی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەبەیاننامەیەکی فەرمیدا  ڕایگەیاند "هیچ زیانێک بە هێزەکانمان نەگەیشتوەو دژی هەموو هێرشێکی سوپای تورکیاش دەوەستینەوە".