گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

دووەمجارە پارەی بۆ تەرخاندەكرێت

ڕێكەوت زەكی: تێچوی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بۆ 40 ملیار دینار كەمكرایەوە

2019.04.15 - 18:57
ڕێكەوت زەكی: تێچوی پڕۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی بۆ 40 ملیار دینار كەمكرایەوە

ناس كورد - ئەحمەد مستەفا

ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەساڵی 2014 وە نەخشەی كۆتایی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی ئامادەیە، سەرەڕای ئەوەی نادیارە كەی دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكرێت، بڕەكەشی بۆ 40 ملیار دینار كەمكراوەتەوە.

.

رێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند "بڕیاربوو لە كۆتایی مانگی ئـادار پرۆژەی شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی دەستپێبكات، ئەوەش پاش ئەوەی تەمویلی بۆ بكرێت لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، بەڵام تائێستا تەمویلی پرۆژەكە نەكراوە، لەوەش زیاتر كەمایەی نیگەرانییە هەرچەندە بڕی تەرخانكردنەكەی بۆ ساڵی 2019 بڕی 90 ملیار دینار بوو، بەڵام كەمكراوەتەوە بۆ 50 ملیار دینار لەمساڵدا".

.

بەوتەی زەكی، بەو پێیە بێت بڕی 40 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكە كەمكراوەتەوە، لەو بارەیەوە وەزارەتی دارایی و حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە بەرپرس زانی.

روونیشیكردەوە، نەك ئەو بڕەی ئێستا دانراوە، بەڵكو بڕی 470 ملیار دینارەكەش كە بۆ ساڵی 2019 دانراوە بەشی تەواوی پڕۆژەكە ناكات و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە "تائێستا هیچ ئەگەرێكیش نییە بەم نزیكانە پڕۆژەكە دەستپێبكات".

.
وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنوسراوی ژمارە 3119 لە 26-12-2018 بڕی تەرخانكراوی پرۆژەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی دیاریكردووە بە 90 ملیار دینار بۆ ساڵی 2019 لەكۆی نزیكەی 470 ملیار دیناری سەرجەمی تێچوی پرۆژەكە.

.

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەراووردی كرد لەنێوان پڕۆژەكانی هەولێر و سلێمانی و ئاماژەی بەوە كرد، دوای تەواوكردنی شەقامی 120 مەتری لەشاری ھەولێر وا دەستكرا بە شەقامی 150 مەتری.

.

رێكەوت زەكی هەموو ئـاوەدانی و پێشكەوتنێكی پایتەختی هەرێمی كوردستانی بەمایەی دڵخۆشیزانی، بەڵام نیگەرانی خۆشی نەشاردەوە لەوەی كە هێشتا سلێمانی لە شەقامی 60 مەتریدایە و 100مەتریشی نییە.

.

وتیشی "بە بۆچوونی من نوێنەرە بڕیار بەدەستەكانی ئـەم شارە كەبڕیاری خەرجكردنی پارەیان بەدەستە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان كەمتەرخەمی یەكەمن لەمەداو نازانین بۆ وادەكەن".

.