ناس کورد-
تەندروستى سلێمانى هەفتەى داهاتوو بە یەکلاکەرەوە دادەنێت بۆ دەرکەوتنى تەواوى ئامارى هەڵکشانى ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام دەڵێت مانگرتنى کارمەند و پزیشکان بەهۆى نەبوونى موچەوە بەربەستى گەورەى لەبەردەم ئامادەکارییەکانیان دروستکردووە.
عەبدوڵا ئەحمەد، جێگرى بەرێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "ئامارى توشبووان و مردووان تادێت لە زیادبوندایە و دۆخەکە زۆر خراپە، دەتوانین بڵێین ڤایرۆسەکە لە کوچە و کۆڵان و زۆربەى شوێنەکان بوونى هەیە".
وتیشى، "ئامادەکارییمان کردووە بۆ هەفتەى داهاتوو، تا دۆخەکە بەتەواوى دەربکەوێت"
ئامادەکاریی تەندروستى سلێمانى لەو بارەیەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ کارمەندانى تەندروستى و پزیشکان مانگرتنى سەرتاسەریان ڕاگەیاند لەسنورى پارێزگاى سلێمانى و نەخۆشخانە حکومییەکان جگە لە نەخۆشخانەکانى تایبەت بە کۆرۆنا چۆڵکران.
عەبدوڵا ئەحمەد وتى، "ئەوە کێشەیەکى گەورەمان بۆ دروستدەکات، تەنانەت ئەگەر هەموو ئامادەکارییەکانیش تەواو بکەین، بەبێ کارمەند و پزیشک ناتوانین کارەکان بکەین".
لەماوەى 15 ڕۆژى ڕابردوودا هەزار و 562 توشبووى نوێی کۆرۆنا بە هەرێم تۆمارکراون، هەروەها 40 کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە زۆرترینیان لە سنورى پارێزگاى سلێمانییە.
بەپێی زانیاری فەرمی هەرێم لەبارەى ڤایرۆسى کۆرۆنا، لە یەکى ئەم مانگەوە تا ئێستا ژمارەى توشبووان لە 745 کەسەوە بازی داوە بۆ دوو هەزار و 307 توشبوو، هەروەها ژمارەى ئەوانەى گیانیان لەدەستداوە لە حەوت کەسەوە بۆ 47 کەس بەرزبووەتەوە.
بەرزبوونەوەى ئامارەکە لەو ماوەیەدا بەشێوەى ئاسۆیی بووە و بەردەوام ئامارەکە لە هەڵکشاندایە تا ئێستا، ئەوەش دواى ئەوەى شەپۆلى نوێی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە بەشێوەیەکى بەرفراوان لە هەرێم بڵاوبووەوە.
ئامارەکە دەریدەخات کە بەرزترین ئاستى بەرزبوونەوەى توشبووان لە سنورى پارێزگاى سلێمانییە، بەو پێیەى لەماوەى ئەم 15 ڕۆژەدا ژمارەى توشبووان لە 402 حاڵەتەوە بۆ هەزار و 500 حاڵەت بەرزبووەتەوە. پاشان هەولێر دێت کە لەو ماوەیەدا ژمارەى توشبووان لە 282 حاڵەتەوە بۆ 656 حاڵەت بەرزبووەتەوە.
زۆرترین ژمارەى توشبووان لە تەمەنى 30-39 ساڵیدان، پاشان تەمەنى 20-29، پاشان 0-19، کەمترینشیان لەتەمەنى حەفتا ساڵ بەرەو سەرەوەن.
لەکۆى ژمارەى توشبووان لە ئێستادا، 1200 کەسیان کە دەکاتە 54%ى لەژێر چارەسەردان، هەزار کەسیان کە دەکاتە 44% چاکبوونەتەوە، 47 کەس کە دەکاتە 2%ى توشبووان گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها لەسەر ئاستى رەگەز توشبووان بەم جۆرە دابەشبوون: 59% نێر، 41% مێ.