گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یاسا ڕێگە دەدات بە گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا؟

2020.06.15 - 18:35
یاسا ڕێگە دەدات بە گواستنەوەى موچەى فەرمانبەرانی هەرێم بۆسەر بەغدا؟

ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح  

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، یاسای کارگێری دارایی و خزمەتی شارستانی عێراق ڕێگە بە گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەڕێم نادات بۆ سەرهەژماری حکومەتی فیدراڵی.

 

لە کۆتایی مانگی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق 400 ملیاری دیناری بۆ هەرێم نارد و 30 ڕۆژ مۆڵەتی بە هەرێم دا تاوەکو بگەنە ڕێککەوتن، تاوەکو ڕێککەوتنەکەش واژوو نەکرێت هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرن.

 

دەربارەی کێشەی دابەشنەکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەرباری ناردنی 400 ملیارەکەش، فەیسەڵ حسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی عێراق لە هاوپەیمانی نەسری سەر بە حەیدەر عەبادی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی وت: "400 ملیارەکە نیاز پاکییەک بوو بۆ برەودان بە گفتوگۆکانی هەردوولا، پارەکەش بەشی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناکات، چونکە بەگوێرەی زانیارییەکانمان پێدانی موچە بە تەواوی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێویستی بە 900 ملیار دینار هەیە".

 

وتیشی: "دەبێت حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بەزووترین کات بگەنە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە لەڕێشەوە چارەسەر بکرێت، چونکە بە پێچەوانەوە کێشەی دابینکردنی موچە فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت و یەخەی حکومەتی هەرێم دەگرێتەوە".

 

سەبارەت بەداواکارییەکانی موچەخۆرانی هەرێم بۆ گواستنەوەی شایستە داراییەکانیان بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وتی: "یاسای کارگێری دارایی عێراق و یاسای خزمەتی شارستانی فیدراڵی ڕێگە بەگواستنەوە موچە و ڕاژەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نادات بۆسەر حکومەتی ناوەندی، چونکە ئەوە بە یاسا ڕێکخراوە".

 

دەشڵێت: "حکومەتی فیدڕاڵی تەنها مافی ئەوەی هەیە موچەی ئەو دەزگا و فەرمانگە فیدراڵیانە بدات کە لە هەرێمی کوردستانن هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق وەک فەرمانگەکانی ڕەگەزنامە، پاسپۆرت و پاسەوانی سنورچەند دەزگاییەکی تر".

 

هەرێم پابەند نەبێت!

پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی نەسر لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق نەیشاردوە ترسی ئەوەیان لا دروستبووە هەرێمی کوردستان لە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا پاشگەز بێتەوە وتیشی: "بە پێویستی دەزانین هەولێر پابەندی ڕێککەوتن بێت لەگەڵ بەغدا و هەموو ئەو بەڵێنانەى کە لەماوەی ڕابردوودا داویەتی بۆ ڕادەستکردنی نەوت، داهاتی ناوخۆ و نیوەی داهاتی دەروازە سنورییەکان بباتە سەر، چونکە بە پێچەوانەوە دیسان کێشەکان بەردەوام دەبن وبە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە".

 

"ئەگەر حکومەتی هەرێم گەیشتە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی ئەوا بۆ لەمەودا موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم دواناکەوێت، چونکە ناردنی گوژمە داراییەکان بەگوێرەی ئەوە ڕێککەوتنەی کە دەکرێت لە نێوان هەردوولادا بەردەوام دەبێت بۆ هەرێمی کوردستان" پەرلەمانتارەکەی هاوپەیمانی نەسر وای وت.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە دوێنێ (یەکشەممە، 14ی حوزەیرانی 2020) ڕێبوار کەریم، پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا پڕۆژەیەک بۆ گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ سەر حکومەتی عێراق بۆ لایەنەکان و ڕایگشتی خستە ڕوو، پڕۆژەکە لە حەوت هەنگاو پێکهاتووە و داوا دەکات لە شەش مانگی داهاتودا موچەی سەرجەم موچەخۆران کە ملیۆنێک و 256 بچێتە سەر هەژماری حکومەتی فیدراڵی.

 

لەدوای چەند گەڕێکی دانوستان لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، گفتوگۆکان بەهۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەستان، پاش تەواوکردنی کابینەکەی کازمی بڕیارە لەم هەفتەیدا شاندی دانوستکاری هەرێم سەردانی بەغدا بکات.

 

لەوبارەیەوە ئەمڕۆ دووشەممە، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "شاندی باڵای هەرێم خۆیان ئامادەکردووە و ئەگەر گۆڕانکاری نەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە کە ڕەنگە چوارشەممە بێت سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆکان".  

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "دواکەوتنی گفتوگۆکان بەهۆی ئەوەوە بوو کە هەرێم و بەغدا لەسەر دوو پرس گفتوگۆ دەکەن دارایی و نەوت، بەڵام عێراق وەزیری نەوتی نەبوو، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وەزیری نەوتیش دیاریکرا، لە ئێستادا هەردوولا ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن".