گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کۆرۆنا دیسان دەبێتە مۆتەکەى نەوت و نرخەکەى ’’دادەبەزێتەوە’’

2020.06.15 - 17:30
کۆرۆنا دیسان دەبێتە مۆتەکەى نەوت و نرخەکەى ’’دادەبەزێتەوە’’

ناس کورد-

نرخى نەوت ئەمڕۆ دووشەممە ڕووى لە دابەزین کرد، بەهۆى زیادبوونى توشبوون بە ڤایرۆسى کۆرۆنا لە چین و یابان و ئەمریکا و ترس لە گەڕانەوەى پەتاکە بەشێوەیەکى بەفراوان کە ببێتە هۆى کەمبوونەوەى خواست لەسەر وزە.

 

بەپێی ئاژانسى ڕۆیتەرز، نرخى گرێبەستە دواخراوەکانى نەوتى برێنت 15 سەنت دابەزیوە و بە 38.58 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەى پێوەکراوە. هەروەها نەوتى خاوى خۆرئاواى تەکساس 49 سەنت دابەزیوە و بە 35.77 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەى پێوەکراوە.

 

وارن باترسون، بەڕێوەبەرى ستراتیژى نرخ لە دامەزراوەى دارایی جیهانى ئەى ئێن جى دەڵێت، "شەپۆلى نوێی توشبوون بە ڤایرۆسە ترس دروست دەکات لەوەى باشبوونى خواست لەسەر وزە ماوەیەکى کەمتر بخایەنێت وەک لەوەى پێشتر پێشبینی دەکرا".

 

دواى نزیکەى دوو مانگ لە تۆمارنەکردنى هیچ توشبوویەکى نوێ، بەرپرسانى پەکین تۆمارکردنى 79 توشبووى نوێیان ڕاگەیاند لەچوار رۆژى ڕابردوودا. هەروەها ئامارى توشبوون لە ئەمریکاش لە زیادبوندایە، رۆژى شەممە زیاتر لە 25 هەزار حاڵەتى نوێ تۆمارکرا.

 

لەگەڵ ئەوەشدا داتا ئابورییەکانى چین لەو ئاستەدا نین کە پێشبینی دەکرا، بەرهەمهێنانى پیشەسازى بەڕێژەى 4.4% لە مانگى ئایاردا زیادیکردووە بەراورد بەهەمان ماوە لەساڵى ڕابردوودا، بەڵام ئەو زیادبوونە کە کەمترە لە ئاستى پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوەى باشبوونى ئابورى دووەم گەورەترین ئابورى جیهان لە ئاستێکى شڵەژاندایە.

 

دابەزینى نرخى نەوت دواى هەڵکشانى نرخەکەى دێت لەچەند رۆژى ڕابردوودا بۆ بەرزترین ئاست لەماوەى دوو مانگدا کاتێک نرخى هەر بەرمیلێک 40 دۆلارى تێپەڕاند، بەهۆى کاریگەرى درێژکردنەوى رێککەوتنى کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان لەلایەن ئۆپیک و هاوپەیمانەکانییەوە.

 

بڕیارە رۆژى پێنجشەممە لیژنەى چاودێرى ڕێککەوتنەکە لە ئۆپیک کۆبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئاستى پابەندبوون بە کەمکردنەوەى بەرهەمهێنان لەلایەن وڵاتانەوە.

 

عێراق کە لەناو ئەو وڵاتانەدایە کە پابەند نەبووە بە ڕێککەوتنەکەوە، ڕۆژى یەکشەممە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانى نەوت رێککەوت بۆ کەمکردنەوەى زیاترى ئاستى بەرهەمهێنان، ئەوەش بەوتەى چەند بەرپرسێکى عێراقى.