گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری لەزاری نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا

شاندەکەی هەرێم خۆیان ئامادەکردووە و کۆتایی هەفتە بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون

2020.06.15 - 15:25
App store icon Play store icon Play store icon
شاندەکەی هەرێم خۆیان ئامادەکردووە و کۆتایی هەفتە بەرەو بەغدا بەڕێدەکەون

ناس کورد- شەهرام عەزیز

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاشکرای کرد، کۆتایی ئەم هەفتەیە شاندەکەی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆکان و گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لەدوای چەند گەڕێکی دانوستان لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق، بەڵام بەهۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق و دەستبەکاربوونی کابینەکەی کازمی، گفتوگۆکان وەستان.

 

ئەمڕۆ (دووشەممە، 15ی حوزەیرانی 2020)، فارس عیسا، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند :"شاندی باڵای حکومەتی هەرێم خۆیان ئامادەکردووە و ئەگەر گۆڕانکاری نەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە کە ڕەنگە چوارشەممە بێت سەردانی بەغدا دەکەنەوە بۆ دەستکردنەوە بە گفتوگۆکان".

 

وتیشی، دواکەوتنی گفتوگۆکان بەهۆی ئەوەوە بوو کە هەرێم و بەغدا لەسەر دوو پرس گفتوگۆ دەکەن دارایی و نەوت، بەڵام عێراق وەزیری نەوتی نەبوو، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وەزیری نەوتیش دیاریکرا، لە ئێستادا هەردوولا ئامادەن بۆ گفتوگۆکردن.

 

لەکاتی گفتوگۆکانی ڕابردوودا، نرخی نەوت لەنزیکی 30 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا نرخی نەوت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە و لەدەوروبەری 40 دۆلاردایە، بە دواکەوتنی گفتوگۆکانیش بۆچوونێک دروست بووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە هەرێم لە ڕێککەوتن پەشیمان بووبێتەوە.

 

لەوبارەیەوە نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، لە 2019 کاتێک هەرێم لەگەڵ بەغدا ڕێککەوت نەوت نرخی 61 بوو، بۆیە ئەو بۆچوونانە هەڵەن و هەرێم لە ڕێککەوتن پەشیمان نەبووەتەوە و نابێتەوە، بەڵکو هەرێم بۆ ڕێککەوتن چووەتە بەغدا.

 

لەبارەی گۆڕانکاریکردنیش لە ئەندامانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمدا، فارس عیسا وتی: "تاوەکو ئێستا ئەندامانی شاندەکە هەر هی شاندەکەی پێشوون و بڕیارە هەر ئەوان بن و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە".

 

لەماوەی ڕابردوودا و لەکاتی ناردنی بڕی 400 ملیاری دینار بۆ هەرێم لە بەرواری 29ی ئایار، وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند، 30 رۆژ مۆڵەت هەیە بۆ ئەوەی هەرێم بگاتە ڕێککەوتنی کۆتایی و تاوەکو ڕێککەوتنیش واژوو نەکرێت هیچ بڕە پارەیەکی دیکە بۆ هەرێم نانێرن.

 

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەغدا ئەوەی خستەڕوو، زۆرینەی پرسەکان گفتوگۆیان لەسەر کراوە و تەنها هەندێک وردەکاری ماوە، بۆیە ئومێدیان هەیە پێش ئەو وادەیە بگەنە رێککەوتن و هیوادارن عێراقیش بەهەمانشێوە و ویستی ڕێککەوتن مامەڵە بکەن.