گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’پێچەوانەی مەرجەعیەت و پەرلەمان هەڵسوکەوت دەکەن’

پەرلەمانتارێكی فەتح: بەشێک لە هێزە کوردى و سونییەکان هەوڵى مانەوەى ئەمریکا لە عێراق دەدەن 

2020.06.15 - 12:07
پەرلەمانتارێكی فەتح: بەشێک لە هێزە کوردى و سونییەکان هەوڵى مانەوەى ئەمریکا لە عێراق دەدەن 

ناس کورد-

پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند " بەشێک لە هێزە کوردى و سونییەکان هەوڵی پەكخستنی بڕیارەكەی پەرلەمانى عێراق دەدەن بۆ دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق و پێچەوانەی پەرلەمان و مەرجەعیەت هەڵسوكەوت دەكەن".

 

حەنین قەدۆ، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیاکانى ڕاگەیاند: " لەژێر چەند پاساوێكی لاوازدا، لەنموونەى گەڕانەوەی داعش و كەمتوانایی هێزە ئەمنیەكان بۆ پاراستنی ناوچەكەمان، هەندێ لایەنی سیاسیی كورد و سوننە هەوڵی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق، دەدەن". 



قەدۆ ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو لایەنەنانە بەربەست لەبەردەم ڕێكکەوتن و دانوستانەكان دادەنێن، بەمەبەستی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا.



پەرلەمانتارەکەى فەتح باسی لەوەشكرد، هێزە سونی و کوردییەکان بەرهەڵستی بۆچونەكانی مەرجەعیەت و پەرلەمان دەكەن بۆ كردنە دەرەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هەوڵی قۆستنەوەی دەرفەتی ڕێكکەوتن لەگەڵ ئەمریكادا دەدەن بۆ سەپاندنی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا بەشێوەیەكی شەرعی.



قەدۆ ڕونیكردەوە، بەرهەڵستییەکانى بەشێک لە هێزە کوردیى و سونیەکان وای كردووە پرسی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا و كۆتایهێنان بەكوشتوبڕ كارێكی ئاسان نەبێت و كاتی زۆری بوێت بۆ گفتوگۆ و ڕێکكەوتن.



پێشتریش چەند بەرپرسێكی حكومەتی عێراق ئەوەیان ڕاگەیاند، گفتوگۆكان لەدانوستانە ستراتیژیەكانی ئەمدواییەی نێوان ئەمریكا و عێراقدا لەبارەی زۆر پرسەوە لەوانەش مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق ئەرێنی بووە، ئەوەش وەكو ئاماژەیەك بۆ کشانەوەى هێزە سەربازییەكانی ئەمریكا لەعێراق كە لەبڕیارەكەی پەرلەماندا هاتووە بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان.