گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق داوا لە هەرێمى کوردستان دەکات بەرهەمهێنانى نەوت کەمبکاتەوە

2020.06.15 - 09:35
عێراق داوا لە هەرێمى کوردستان دەکات بەرهەمهێنانى نەوت کەمبکاتەوە

ناس کورد-

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێڕەی رێککەوتنی ئۆپێک بەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکەنەوە و لە بەرژەوەندی عێراقە ئەو کارە بکات، داواش لە هەرێمی کوردستان دەکات پابەند بێت و ڕۆژانە 370 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.

 

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند: "جگە لە یەک کۆمپانیا، سەرجەم کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە لە عێراق ڕەزامەند بوون بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و کەمکردنەوەی خزمەتەکانیان".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرژەوەندی عێراقە ئەو کارە بکات و پابەندی ڕێککەوتنەکەی ئۆپیک بێت و بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە.

 

هاوکات وەزیری نەوتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستانیش کرد بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە و ڕایگەیاند: "داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین پابەندی ڕێککەوتنەکە بن و لەو پشکەی بەریان دەکەوێت هاوکاربن، داواشمان کردووە چیتر ڕۆژانە 370 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنن بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە پابەندبوون بەڕێککەوتنەکە".

 

داواکەی وەزیری نەوتی عێراق لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە، بەوتەی بەرپرسانی حکومەت، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، واتە دەبێت نزیکەی 80 هەزار بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە.

 

بەپێی رێککەوتنەکەى ئۆپیک و وەبەرهێنەرانى، تا کۆتایی مانگی تەمموز وادەى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان درێژکراوەتەوە و بڕى 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمدەکرێتەوە، بەوەش ئاستى خستنەڕووى ئەو وزەیە لە بازاڕەکان بەڕێژەى نزیکەى 10% کەمدەکرێتەوە، بە ئامانجى بەرزکردنەوەى نرخى نەوت.