گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس كورد وردەكاری ئۆپراسیۆنەکە بڵاو دەكاتەوە

لەژێر ناوى (چڕنوکى هەڵۆ) تورکیا ئۆپراسیۆنێکى لە هەرێمى کوردستان دەستپێکرد 

2020.06.15 - 08:45
لەژێر ناوى (چڕنوکى هەڵۆ) تورکیا ئۆپراسیۆنێکى لە هەرێمى کوردستان دەستپێکرد 

ناس کورد- 

تورکیا دەستپێکردنى ئۆپراسیۆنێکى سەربازى لەژێر ناوى (چڕنوکى هەڵۆ) لە هەرێمى کوردستان دژ بە بارەگاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) دەستپێکرد و لەو چوارچێوەیەدا بۆردومانى چەند ناوچەیەکى لە هەرێمى کوردستان ئەنجامدا و تائێستاش حکومەتى هەرێم و عێراق لەئەنجامدانى هێرشەکان و ئۆپراسیۆنەکە بێدەنگن. 

 

چەند شایەتحاڵێك لەپارێزگای دهۆك و نەینەوا كە قسەیان بۆ ناس كورد كردووە ڕایانگەیان د،هاوكات لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگری توركیا بۆ دەستپێكردنی ئۆپراسیۆنى (چڕنوكی هەڵۆ) لەدژی پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەرێمی كوردستان، گوێیان لەدەنگی تەقینەوە و پریشکى موشەک بووە لەئاسمانى چەند ناوچەیەک. 

 

بەوتەى شایەتحاڵەکان لەپارێزگای نەینەوا ، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بۆردومانی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستانیان كردووە لەسەر سنوری چیای شنگال.

 

سەرچاوەكانی ناس كورد ئاماژەیان بۆ ئەوەش كردووە، بۆردومانەكانی توركیا درێژای سنوری شاری زاخۆی سەر بەپارێزگای دهۆكیشی گرتووەتەوە.

 

پێش دەستپێكردنی پەلامارەكانی توركیا، وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە ڕایگەیاند پەلامارەكانیان بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لەهەرێمی كوردستان دەستپێدەكەن و ناویان لێناوە چڕنوكی هەڵۆ.

 

تا ئێستا هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش لەسەر دەستپێكردنی ئەو پەلامارە و پێشێلكردنی سەروەرییەكانی خاكی هەرێم و عێراق بێدەنگن و هیچ كاردانەوەیەكیان نیشاننەداوە.