گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو پرسیارانەى زانایان وێڵن بەدواى وەڵامەکانیاندا

دواى شەش مانگ لە سەرهەڵدانى ئایا زاناکان نزیکن لە شکستهێنان بە کۆرۆنا؟

2020.06.15 - 08:12
دواى شەش مانگ لە سەرهەڵدانى ئایا زاناکان نزیکن لە شکستهێنان بە کۆرۆنا؟

ناس کورد-

دواى نزیکەى شەش مانگ لەسەرهەڵدانى پەتاى کۆرۆنا و توشبوونى ملیۆنان کەس و گیانلەدەستدانى سەدان هەزار کەس، زاناکان گەیشتوون بەچى لەبارەى ئەو پەتایەوە؟ ئایا هیچ هەلێک هەیە بۆ دروستکردنى ڤاکسین پێش کۆتایی ئەمساڵ.

 

لە ووهانى چینەوە لە کۆتایی 2019، کۆرۆنا بەجیهاندا بڵاوبووەوە و بووەتە هۆى توشبوونى نزیکەى حەوت ملیۆن و 895 هەزار کەس، لەگەڵ مردنى 433 هەزار کەس، ئەوەش خراپترین کارەساتە لەمێژووى نوێدا.

 

 

لەکاتێکدا توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەى چارەسەرى پەتاکە، یان کەمکردنەوەى ژمارەى مردووان، کە هێشتا ڕێژەکەى لەسەدا یەکى کۆى توشبووانى تێنەپەڕاندووە، بەڵام هێشتا سەدان هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.

 

لەسەرەتاى سەرهەڵدانى ڤایرۆسەکە، زاناکان ئامادەنەبوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، بۆیە ژمارەى توشبووان بەشێوەیەکى گەورە بەرزبووەوە، هەروەها تیمى پزیشکى لەسەرتاسەرى جیهان بەدەست کەمى زانیارییەوە لەسەر ڤایرۆسەکە دەناڵێنن، لەگەڵ کەمى کەلوپەلى پزیشکى.

 

پرسیارە بێ وەڵامەکان

لەگەڵ تێپەربوونى کاتدا، زانایان وێنەیەکى رونترى ڤایرۆسەکەیان دۆزییەوە، بەڵام دواى شەش مانگ هێشتا چەندین پرسیار هەیە لەو بارەیەوە، کە هێشتا زانست وەەڵامی نەداوەتەوە لەوانە:

 

ئەوانەى چاکدەبنەوە دژە تەن لە جەستەیاندایەوە و پارێزراودەبن لە ڤایرۆسەکە، بەڵام ماوەى پاراستنیان هێشتا جێگەى مشتومڕە و نەسەلمێنراوە.

 

بەپێی توێژینەوەکان ئەو ماوەیە لەنێوان شەش مانگ بۆ ساڵێکدایە، بۆیە پزیشکان ئامۆژگارى ئەو کەسانە دەکەن کە بەشێوەیەکى رێکخراو نمونەى خوێنیان لێوەربگیرێت.

 

پرسێکى دیکە کە هێشتا جێگەى مشتومڕە تایبەتە بەوەى چۆن دۆخى توشبوویەک بەخێرایی دەگۆڕێت بۆ خراپ، یان چۆن ئەو حاڵەتانە دیاریدکرێن کە دەبێت لەژێر چاودێرى چڕدا بن.

 

بۆ نمونە بەشێک لە توشبووان توشى جەڵتەى خوێن دەبنەوە بەتایبەتى گەنجان، بەڵام پزیشکان تائێستا نازانن کام حاڵەتانە ئەگەر هەیە توشى ئەوە بن تا چارەسەریان پێبدەن.

 

دۆزینەوەى ڤاکسین؟

لەسەرەتاى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە زۆرێک پێیانوابوو گەیشتن بە ڤاکسین لەماوەى چەند مانگێکدا دەبێت، بەڵام هێشتا هەندێک هیوایان هەیە لە پێش کۆتایی ئەمساڵدا بدۆزرێتەوە، لەکاتێکدا هیچ ئاماژەیەک نییە لەو بارەیەوە.

 

مارك وولهاوس مامۆستاى پەتاناسى لە زانکۆى ئەدنبرە دەڵێت ڤاکسین هیوایە نەک ستراتیژ، هەلى گەیشتن پێش کۆتایی ئەمساڵ لاوازە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەیەک کۆمپانیاى زەبەلاح کاردەکەن لەسەر دروستکردنى ڤاکسین و دابەشکردنى لە نزیکترین کاتدا، لەناویاندا کۆمپانیاى ئەسترازينيكا کە گرێبەستى لەگەڵ وڵاتانى ئەوروپا کردووە بۆ فڕۆشتنى 400 ملیۆن دانە، پێش کۆتایی ئەمساڵ.

 

بەڵام ئەوە هێشتا تەنها هیوایە، لەکاتێکدا دەرمانى دژە ڤایرۆس بەکاردەهێنرێت بۆ توشبووانى کۆرۆنا کە لە بنەڕەتدا چارەسەرى نەخۆشى دیکەن.

 

مارتن هيبيرد مامۆستاى نەخۆشیە گوازراوەکان لە کۆلێژى لەندن بۆ تەندروستى و پزیشکى دەڵێت، هێشتا ڤاکسین دورە بدۆزرێتەوە، بەڵام چارەسەرى دژە ڤایرۆسەکان زیاتر گەشبینى دەبەخشن.

 

وتیشى "تاقیکردنەوەکانى ئێستا لەسەر ژمارەیەک دژە ڤایرۆس، کە گەشەیان پێدراوە لەمامەڵەکردنیان لەگەڵ نەخۆشى دیکە و ئێستا دوبارە بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ئەنجامەکانیان لەچەند مانگێکدا دەردەکەون".

 

لەئەگەرى سەلماندنى ڤاکسینەکان بۆ چارەسەرى کۆرۆنا لەلایەن توێژینەوەکانەوە، چاوەڕواندەکرێت ڕێژەى مردن بەو ڤایرۆسە لەسەدا یەکەوە بۆ 0,1 دابەزێت.