گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەڵامى ترەمپ چییە؟

گومان لەسەر تەندروستى ترەمپ دروستدەبێت

2020.06.14 - 22:40
گومان لەسەر تەندروستى ترەمپ دروستدەبێت

ناس کورد-

پرسیار و گومان لەسەر تەندروستى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا دروستبووە، لە حەفتاوچوارەمین ساڵیادى لەدایکبونیدا، ئەوەش دواى ئەوەى چەند نیشانەیەکى ماندووبوونى زۆر لەسەر جەستەى دەرکەوت لەکاتى بەشداریکردنى لە ئاهەنگى پێدانى بڕوانامەى سەربازیدا کە رۆژى شەممە بەڕێوەچوو.

 

سەرەڕاى بەربڵاوى ڤایرۆسى کۆرۆنا، ترەمپ بەشداریکرد لە ئاهەنگى دەرچوونى ئەمساڵى ئەکادیماى وست بوینتى سەربازى لە نزیک نیویۆرک.

 

لەکاتى جێهێشتنى سەکۆکەدا، هەستبەوەکرا کە ترەمپ بە قورسى توانى دابەزێت و بەهەستیارییەوە هەنگاوى دەنا، ئەوەش بەپێی میدیاکانى ئەمریکا.

 

ترەمپ هەروەها هەردوو دەستى بەکارهێنا بۆ هەڵگرتنى ئەو کوپە ئاوەى لەکاتى وتارەکەیدا خرایە بەردەمى، هەروەها بەقورسى توانى ناوى جەنەراڵ دوگلاس ماکارسەر پاڵەوانى جەنگى جیهانى دووەم بهێنێت.

 

ترەمپ ئێوارەى شەممە لە تویتەر وەڵامى ئەو پرسیارانەى دایەوە کە لەبارەى دۆخى تەندروستییەوە دروستبووە.

 

ترەمپ ڕایگەیاند، رێڕەوى گەیشتن بە شوێنەکە زۆر درێژ بووە، دیوار لەتەنیشتییەوە نەبووە، بۆیە بەو هەستیارییە زۆرە مامەڵەی کردووە تا نەکەوێت و نەبێتە گاڵتەجارى میدیاکان.

 

هەروەها جەختیکردەوە کە سێ مەترى کۆتایی ڕێڕەوەکە بە راکردن رۆیشتووە، لەئاماژەیەکدا بۆ باشى تەندروستى.

 

گەورەترین سەرۆک لەمێژووى ئەمریکادا

 

پرسی تەندروستى لەلایەن ترەمپەوە بەهەستیارییەوە مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت، ئەو ملیاردێرە ئەمریکییە تەمەن 74 ساڵە، پرسی تەندروستى دژى جۆ بایدنى رکابەرى دەوروژێنێت کە تەمەنى 77 ساڵە.

 

ترەمپ بەبەردەوامى هێرشدەکاتە سەر روکارى بایدن و دۆخى تەندروستى، بەتایبەتى کە بایدن ناسراوە بە قورسى لە قسەکردنیدا.

 

بەڵام ئەو هێرشانەى ترەمپ بۆ سەر بایدن نەبووەتە هۆى دروستنەبوونى پرسیار لەسەر تەندروستى خۆى، لە تشرینى دووەمى ڕابردوودا کاتێک سەردانێکى لەناکاوى بۆ نەخۆشخانەى سەربازى لە نزیک واشنتن ئەنجامدا، دەنگۆى ئەوە بڵاوبووەوە کە هۆکارەکەى بوونى ئازار بووە لە سنگیدا، بەڵام کۆشکى سپى ئەوەى رەتکردەوە.

 

گومان لە تەندروستى ترەمپ هەروەها لەکاتى سەردانى سەرۆک لەکۆتایی ئایاردا بۆ گۆڕستانى ئەلینگتۆنى سەربازى دوبارە سەریهەڵدایەوە، کاتێک نەیتوانى بەئاسانى بوەستێت بەبێ جوڵەکردنى زۆر.

 

ترەمپ لە کانونى دووەمى 2017 کە تەمەنى 70 ساڵ و 220 رۆژ بوو پۆستى سەرۆکى ئەمریکاى وەرگرت، بەوەش بووە گەورەترین سەرۆک لەمێژووى ئەو وڵاتەدا، بەم دواییانەش مشتومڕێکى دیکە لەسەر تەندروستى دروستبوو کاتێک ئاشکرایکرد کە دەرمانى هيدروكسى كلوروكين دەخوات بۆ خۆپاراستنى لە کۆرۆنا.

 

بەوتەى پزیشکى کۆشکى سپى، تەندروستى ترەمپ زۆر باشە و کێشى 110 کیلۆیە باڵاشى 1,90 مەترە.