ناس کورد-
ئەندامێكی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەك بۆ چارەسەركردنی ناكۆكیەكانی نێوان پەرلەمان و حكومەت لەسەر پڕۆژە یاسای بیمەی تەندروستی پێكهێنراوە و كیشە و ناكۆكیەكانیش چارەسەركراون و پڕۆژەكەش ئامادەیە بۆ دەنگدان.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
غەبایب عەمیری، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، لیژنەیەكی هاوبەش پێكهێنراوە و گەیشتووەتە خاڵێكی چارەسەر بۆ ناكۆكی لەسەر یاسای بیمەی تەندروستی.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە، یاسای تەندروستی خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ كراوە بەڵام چەند خاڵێكی ناكۆكی لەسەر پڕۆژە یاساكە لەنێوان حكومەت و پەرلەماندا هەیە بۆیە لیژنەیەك لەئەندامانی لیژنەی تەندروستی و ژینگە و وەزارەتی تەندروستی پێكهێنراوە هەروەها نوێنەری سەندیكاكانی پزیشكی و تەندروستی و پەرستارانیشی تێدایە و چەندین گفتوگۆیان بۆ تاوتوێكردنی ئەو خاڵە ناكۆكانە ئەنجامداوە و لەئاكامدا هەموو ئەو ئاڵۆزیی و ڕاجیایانەش چارەسەر كراون.
ئەندامەكەی لیژنەی تەندروستی ڕوونیكردەوە، گەیشتوونەتە شێوازێكی كۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساكە و ئامادەیە بۆ دەنگدان و پڕۆژە یاسای بیمەكەش هاریكارێكی باشی چینی هەژاران دەكات و دەبێتە دەسپێشخەرییەكی باش بۆ جێبەجێکردنى چاكسازی لەكەرتی تەندروستیدا.