گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شاندەکە بۆ تاوتوێكردنی پرسی لیبیا دەچوو

ڕوسیا سەردانی شاندێكی باڵای وڵاتەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە

2020.06.14 - 17:21
ڕوسیا سەردانی شاندێكی باڵای وڵاتەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە

ناس کورد- 

حكومەتی ڕوسیا سەردانێكی سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوە و سێرگی شۆیگۆی وەزیری بەرگری وڵاتەكەی بۆ توركیا هەڵوەشاندەوە كە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت، ئەوەش دوای پەڕەسەندنی ناكۆكیەكانی ڕوسیا لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بەهۆی لەشكركێشییەكانی توركیاوە بۆ سەر لیبیا.

 

لەڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ڕایگەیاند، سەردانی شاندی دیپلۆماتكارانی ڕوسیا كە پێكهاتبوون لە وەزیری دەرەوە و بەرگری وڵات كە كەبڕیاربوو ئەمڕۆ بۆ توركیا بۆ تاوتوێكردنی پرسی شەڕ و ناكۆكی لەلیبیا ئەنجامبدرێت دواخراوە.

 

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كاتێكی تر بۆ سەردانی ئەو دوو وەزیرە بۆ توركیا ڕێكخراوە و ئەنجامدەدرێت.

 

ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوەش كردووە، هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ڕووسیاو توركیا بەبریكاری سەرۆكی هەردوو  وڵات بەشێوەیەكی كاریگەر پاڵپشتی هێنانەكایەی ڕێكکەوتنێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لیبیا دەكەن.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، شارەزایانی بوارەكە بەردەوام لەپەیوەندی چڕوپڕدان بەمەبەستی گەیشتنە ڕێكکەوتنێكی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ و دۆزینەوەی میكانیزمێك بۆ دانوستانی نێوان لایەنە لیبیەكان لەسەر پرسە جیاوازەكانی سیاسی و ئابووری بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەپێی دەرچەی كۆنگرەی بەرلین بۆ بڕیارە نێودەوڵەتیەكان.

 

لای خۆشیەوە، مەولود چاوش ئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوتا ڕوسیەكەیدا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و تاوتوێى دواخستنی سەردانەكەی ئەمڕۆیان كردووە.



وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی شاندە باڵاكەی وڵاتەكەی بۆ توركیا ئاشكرا نەكردووە، بەڵام بەپێی  زانیاری میدیاكان هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو سەردانە بۆ بوونی ناكۆكی قوڵی نێوان ئەو دوو وڵاتە لە دۆسیەی لیبیادا، دەگەڕێتەوە.

 

مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمانی توركیا ڕەزامەندی لەسەر داواكارییەكی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەربڕی بەمەبەستی ڕەوانەكردنی هێزی توركیا بۆ پشتیوانی حكومەتەكەی فایز سەڕاج لەدژی هێزەكانی خەلیفە حەفتەر لەلیبیا، ئەو كارەش كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و ڕووسیا ئەو دەستوەردانەی توركیاى ڕەتكردەوە، ئەوەش كاری لەسەر دۆسیەی پەیوەندییە دیپلۆماتیەكانی هەردوو وڵات لەو كاتەوە دروستكرد.