گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا هێندە دواکەوت؟

2020.06.14 - 15:37
بۆچی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا هێندە دواکەوت؟

ناس کورد- 

پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، شاندی هەرێم چاوەڕوانی دیاریكردنی كاتی سەردانەكەن بۆ بەغدا و تەوەری دانوستانەكانیش هەمان پرسەكانی پێشوو دەبن كە نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكانە.

 

شێروان میرزا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ناس كوردی ڕاگەیاند: "شاندی كوردی بۆ ئەوەی بچنەوە بەغدا بەمەبەستی دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی هەرێم و فیدراڵ لەسەر كێشە هەڵواسراوەكانی نێوانیان چاوەڕوانی دیاریكردنی كاتی سەردانەكەن بۆ ئەوەی بەغدا دیاری بكات و سەردانەكە ئەنجامبدەن".



لەبارەی ئەگەری ڕێكکەوتنی نوێ و تەوەرەكانی گفتوگۆكانەوە، شێروان میرزا ووتی: "بۆ تاووتوێ كردنی هەمان ئەو لێكتێگەشتنانەیە كە پێشتر لەنێوان شاندی هەرێم و بەغدادا لەسەر پرسی نەوت و داهاتی خاڵە سنورییەكان و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە و بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانەیە بەرەو ڕێكکەوتنی یەكجارەكی". 



لەوەڵامی ئەوەی سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی شاندی هەرێم دەكات یاخود هەمان ئەندامانی پێشووی شاندەكە دەبن، پەرلەمانتارەكەی یەكێتی ڕەتیکردەوە هیج زانیارییەکی هەبێت و ئاماژەی بەوەکرد: "ئاگاداری گۆڕانکاریکردن نیم لە ئەندامانی شاندەکە". 

 

زیاتر بخوێنەوە: هەرێم: سەرجەم ئەو داواکارییانەى بەغدا داوای دەکات ڕادەستی دەکەین

 

پێش متمانەدان بە كابینەكەی مستەفا كازمی لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت، چەند جارێك شاندی كوردی بەمەبەستی چارەسەركردنی ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم سەردانی بەغدایان كرد، بەڵام سەرۆكی حكومەت سەرۆكایەتی شاندەكەی نەكرد و جێگرەكەی بۆ ئەو سەردانانە ڕاسپاردبوو.



پێشتریش فارس عیسا، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەبەغدا بەناس كوردی ڕاگەیاندبوو، سەردانەكەی ئەمجارەی شاندی كوردی بۆ تەواوكاری دانوستانەكانی پێشووی نێوان هەرێم و بەغدایە لەسەردەمی كابینەكەی دا عەبدولمەهدیدا و مستەفا كازمیش نیەتی ڕێکكەوتنی لەگەڵ هەرێمدا هەیە.

 

زیاتر بخوێنەوە: هەرێم و بەغدا لەبەردەم ئەگەرى رێککەوتنێکى نوێدا

 

جەختی لەوەشكردبووەوە، ھەرێم ڕەزامەندە لەسەر ڕادەستکردنی نەوت بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتن، لەگەڵ نیوەی داھاتی خاڵە سنورییەکان و گومرگ بەپێی دەستوری عێراق.