گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زۆر نیگەرانین

مەسرور بارزانی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان

2020.06.14 - 15:15
مەسرور بارزانی داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکات بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان

ناس کورد-

لە پەیامێکدا دەربارەی هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش لە خانەقین، مەسرور بارزانی نیگەرانی زۆری خۆی نیشاندا لەدۆخی ئەو ناوچانە و داواش لە حکومەتی عێراق دەکات، بەهاوکاری یەکتر ڕێکبکەون و پێشمەرگە بگەرێتەوە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.

 

لە پەیامێکدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "بەداخەوە شەوی ڕابردوو لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستان بۆ سەر گوندەکانی دارا و مێخاسی سەر بە قەزای خانەقین ژمارەیەک خوشک وبرای کاکەیی شەهید بوون و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهیدانە دەکەین و خوای مەزن گیانیان بە بەهەشت شاد بکات و هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازین".

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی دەشڵێت: "ئێمە لە کاتێکدا زۆر لە دۆخی ناسەقامگیریی ئەو ناوچانە نیگەرانین، لە هەمانکاتدا جەخت لە میکانیزمی ھاوکاریی ئەمنیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و گرنگیی هەبوونی هێزی پێشمەرگە  لەو ناوچانە دەکەینەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای عێراق، سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە و سەروماڵی هەموو هاووڵاتییانی ناوچەکە بپارێزن".

 

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لەسەر هێرشەکەی شەوی ڕابردووی داعش بۆسەر ماڵێکی کورد و شەهید و بریندارکردنی 12 کەس هاتەدەنگ و داوادەکات، بەزووترین کات لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە.

 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "شەوی 13 لەسەر 14ی 6ی 2020،  گروپێکی چەکداری سەر بە تیرۆریستانی داعش هەڵیانکوتایەسەر  گوندی (دارا)ی سەر بە قەزای خانەقین و بەداخەوە، حەوت کەسیان لە خێزانێکی کوردی کاکەیی، شەهید کرد و پێنجی دیکەشیان بریندارکرد".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەتوندی دژ بە تاوانی قێزەونی لەو شێوەیە دەوەستینەوە، داواش لەهێزە عیراقییەکانی ئەو سنوورە دەکەین سەرو ماڵی خەڵکی بێتاوان، بەبێ جیاوازی نەتەوەیی و ئاینیی بپارێزن و سەلامەتی دانیشتوانی ئەو سنوورانە لەئەستۆی ئەو هێزانەیە، کە لەو سنوورە جێگیر کراوان".

 

وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو: "لەماوەی رابردوو، چەندین جار هۆشداریمان داوە لە نەبوونی هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەو مەترسیی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراقیمان خستۆتەڕوو".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەچەند بارەبوونەوەی تاوانی لەو شێوەیە، وا دەخوازێت بەزووترین کات، لیژنەی باڵای هاوبەشی وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزارەتی پێشمەرگە کارا بکرێتەوە،  بەیەکەوە لەرێگەی (پێشمەرگە و سوپای عیراقی)  کار بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیانە بکرێت، بەجۆرێک سەرو ماڵی رۆڵەکانمان لەو ناوچانە بە کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتە ئاینی و نەژادییەکان پارێزراوبێت".

 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا ئەوەش هاتووە: "بە ئامانجگرتنی کوردانی ئەو ناوچانە و چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان بە زەبری هێز، تاوان و کوشتن، تەنیا کاری ئەو گروپە تیرۆریستیانەیە کە لەگەڵ داعش بوون و دەیانەوێت بەو کردەوە ترسنۆکانەیان کورد ناوچەکە چۆڵ بکات و  بەردەوامی بدەن بە شاڵاوی تەعریب و تەهجیر لەو ناوچانە".

 

 

جەختیشیکردووەتەوە: " هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە، ئەرکی هێزەکانی پێشمەرگە رێگریکردن و لەناوبردنی خەونی گڵاوی تیرۆریستان و تاریکپەرستانی دژ بە رۆڵەکانمان دەبێت و بەتوندی بەرپەرچی هەر هەوڵ و ئامانجێکی لەو شێوەیە دەدەینەوە".

 

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمان بۆ کەس و کارو خانەوادەی قوربانیانی ئەو تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیە دووپات دەکەینەوە و سەلامەتی و شیفای بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین".