گه‌ڕان

Shadow Shadow

گفتوگۆیەکی ئەمریکی کە لای ئێمەش کاتی هاتووە…

با پارە لە پۆلیس ببڕین!

2020.06.14 - 13:28

ئالان م. نوری

بیروڕا - ئالان م نوری

کوشتنی هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکی لەلایەن پۆلیسێکی سپیپێستەوە، لە 25ی مایسەوە شەقامی شارەگەورەکانی هەموو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هەژاندووە و تا ئێستە دانەمرکاونەتەوە. ئەمە یەکەمین رووداوی دڕندەیی پۆلیس بەرامبەر خەڵکی رەشپێست نییە، بەڵام ئەمەیان لە سەرەتاوە تا گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکە بە ڤیدیۆیەکی هەشت دەقیقەیی بە کامێرای خەڵکی پیادە خرایە سەر تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا... ئینسانێک پەیتا پەیتا هاوار دەکات بۆ تۆزێک هەناسە و ئەفسەرێکی پۆلیسیش چۆکی لەسەر ملی داناوە و سێ ئەفسەری دیکەش وەستاون سەیر دەکەن، تا گیانی دەردەچێت! 

 

ئەم کردارە قێزەونەی کوشتنی ئینسانێک، قەتماغەی گەلێک برینی قووڵی پەیوەندیی مێژوویی نێوان رەگەزەکانی لە ئەمریکادا هەڵدایەوە و دروشمی "ژیانی رەشەکان بێبەها نییە" ی تێکەڵ کرد بە تووڕەیی خەڵک لە شێوازی ئیدارەدانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا و دەرهاوێشتە ئابوورییە ترسناکەکانی. 

 

ئەوەبوو بۆ یەکەمین جار دروشمی سەرزەنشتی پۆلیس و تاوانبارکردنیان بە رەگەزپەرستی لە ئەمریکادا، لە چوارچێوەی گەڕەکە رەشپێستەکان و دەستەیەکی کەمی گەنجی سپیپێستی چەپڕەو تێپەڕی و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دیمەنی شەقامەکانی ئەمریکای کردە هاو دیمەنی شەستەکانی سەدەی رابوردووی ئەو وڵاتە، کە تێیدا زۆرینەی کۆمەڵگا دژی جیاخوازیی رەگەزپەرستی و دژی شەڕ لە ڤێتنام و قەیرانی ئابووری ئاوێتەی یەکبوون و بەگژ سیستەمی باودا چوونەوە.

 

یەکێک لە دروشمە بوێرەکانی ئەم سەرهەڵدانە تازەیە لە ئەمریکادا، بانگەشەی بڕینی پارەیە لە دەزگای پۆلیس. نەیارانی بزوتنەوەکەش، بە سەرۆکی ئەمریکاوە، پێیان وایە بە ترساندنی خەڵک لە پاشاگەردانی و لە تەشەنەکردنی تاوان دەتوانن هەم خەڵک بترسێنن و دووریان بخەنەوە لە بزوتنەوەکە و هەم هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە بە گێرەشێوێن و مایل بە تاوان لەقەڵەم بدەن، بەڵام تا دێت خەڵکێکی زیاتر پشتگیریی بزوتنەوەکە دەکەن و بیرۆکەی پارە بڕین لە پۆلیس تا بێت لایەنگرانی لە کۆنگرێسی ئەمریکا زیاد دەکات.

 

بێگومان کەس لە ئەمریکا بانگەشەی نەهێشتنی پۆلیس ناکات وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی کۆمەڵگا لە تاوان، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە پێی وایە کە پێش ئەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان بگەنە ئاستی تاوان دەبێت چارەسەر بکرێن و ناکرێت پۆلیس ئەرکی  راستکردنەوەی شکستهێنانی سیاسەتی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی، دوای کار لە کارترازان، بە تەنها یەک ئامراز، کە سزادانە، بگرێتە ئەستۆ. 

لایەنگرانی ئەم بزوتنەوەیە داوادەکەن ئەو پارە زۆرەی لە پۆلیسدا سەرف دەکرێت، زوربەی بڕوات بۆ پرۆژەی بووژاندنەوەی ئابووریی ناوچە هەزارەکان و بۆ چاککردنی سیستەمی تەندروستی و پەروەردە و دۆزینەوەی هەلی کار، کە شکستی هەریەکێک لەمانە، لە ئەنجامی فەرامۆشی چەندین ساڵەیان، بۆتە کارگەی بەرهەمێنانی هەستی دژەکۆمەڵ و گیانی تاوان لەناو ئەو گەڕەک و ناوچە هەژارەکانەدا.

 

شایانی باسە گەلێک لە سەرکردەکانی دەزگاکانی پۆلیس هاوڕان لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا کە ناکرێت سیاسەتمەداران بێباک بن لەوەی هەموو سیستەمێکی دیکەی دەستگیرۆیی و بوژاندنەوەی کۆمەڵگا شکست بێنێت، تەنها ئەوە بەلایانەوە گرنگ بێت کە ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لەسەر جادە بن. پۆلیس ئەلتەرنەتیڤی چارەسەری کێشەکانی کۆمەڵگا نییە و هەموو کێشەیەکیش بە دەمانچە و تێڵای پۆلیس چارەسەر ناکرێت.

 

لێرەوە دەمەوێت بێمە سەر ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەدوای راپەڕینی  1991 ەوە وپاشان لەدوای رووخانی رژێمی سەددامەوە.

 

هەر لە سەرەتای دروستبوونی یەکەمین حکومەتی هەرێمەوە تا حکومەتە جیاکانی کاتی شەڕی ناوخۆ و تا دوای رووخانی سەددامیش، ئەولەوییەت لە کارنامەی هەموو حکومەتەکان لە هەرێمی کوردستان، هەمووکات بۆ ئاسایش بووە و ئاسایشیش تەنها بە مانا بەرتەسکەکەی زیادکردنی ژمارەی چەکبەدەست بووە.

 

سەرچاوەی سەرەکیی ئەم خولیایەش  دروستکردنی شوورایەک لە خەڵکی چەکدار بە وەزیفەی رەسمی و بە پارەی داهاتی گشتیی وڵات لەدەری سەرکردە دەسەڵاتدارەکانی دوو حیزبە سەرەکییە ناکۆکەکە بووە، لە ململانێی ئاشکرا و شاراوەی نێوانیان بۆ بەڕەهاکردنی دەسەڵاتیان لە سەرتاسەری کوردستاندا.

 

لە هەڕەتی قەیرانی گەمارۆی سێقۆڵی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە نەوەدەکانی سەدەی رابوردوودا، بوون بە پۆلیس و ئاسایش و ئەودوای جۆرەکانی دیکەی چەککردنە شان، بۆ گەنجێکی زۆری ئەم هەرێمە، بوو بە سەرچاوەیەکی سەرەکیی بژێوی و دەرامەت بۆ خێزانەکانیان. لەو کاتەوە تا ئێستەش پێوەری سەرەکیی دەسەڵاتی سیاسیی و حیزبیی هەر بەرپرس و بەرپرۆسۆلکەیەک بریتییە لەوەی چەند تفەنگچی لە چەند سەیارەی جام ڕەشدا دوای دەکەون کاتێک کە لەپڕ حەزی لە گۆشت برژاندن بێت لەو دەشت و دەرەدا.

 

بەهاکانی کۆمەڵگا بەهۆی سیاسەتی ئەولەویەتی "ئاسایش" ەوە بە ڕادەیەکی ترسناک گۆڕان. پایەی کۆمەڵایەتی و ئابووریی خەڵک پابەند بوو بەوەی کێ و چەند لە شەقوەشێنی گەورە دەناسیت… هیچ بەهایەک بۆ خوێندن و شارەزایی و پسپۆڕی نەما، چونکە سەرکەوتن لە ژیاندا بەند بوو بە ئەو دەسەڵاتەی کە لەشانکردنی چەک پێت دەدات، نەک چی دەزانیت و چ سوودێک بە کۆمەڵگا دەگەیەنیت.

 

بەپێی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی لە عێراقدا کەسێک کە هیچ خوێندەوارییەکی نەبێت دەرامەتی یەکسانە بە کەسێک کە خوێندنی سەرەتایی و ئەویش بە کەسێک کە ناوەندی و ئەویش بە کەسێک کە ئامادەیی تەواو کردبێت. هەمان لێکۆڵینەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بە تێکڕا، هەڵگری بڕوانامەی دیپلۆمی پەیمانگا دەرامەتی تەنها 20٪ زیادترە لە نەخوێندەوارێک، هەروا هەڵگری بڕوانامەی بەکەلۆریۆسیش تەنها 25٪ ی زیاترە. هۆکارێکی سەرەکیی ئەم حاڵە نائاساییەش بریتییە لە جیاوازیی گەورەی نێوان دەرامەتی کارمەندانی هێزە جیاجیاکانی "ئاسایش" لەگەڵ ئەودوای کۆمەڵگادا.

 

لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانە داراییەکان و پاش بە هەدەردانی ملیارەها دۆلاری نەوت و فشاری هەمەلایەنە بۆ کەمکردنەوەی خەرجیی حکومەت، ئیمپراتۆریەتە ئەمنییەکەی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێمی کوردستاندا رێپێدران بە ئاشکرا رۆبچنە ناو جموجووڵی ئابوورییەوە. لە هەموو جیهاندا ئەگەر وەزیفەی فەرمیی کەسێک ئاسایش بێت، بۆی نییە خۆی و هەرەمی کارمەندانی ژێر خۆی لە بواری ئابووریی ئەوتۆدا کار بکەن کە راستەوخۆ پابەند بێت بە وەزیفە فەرمییەکەیانەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی کە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵی کە کەمێک لە وڵاتانی دونیا ماون بە ئاشکرا وبێ ترس لە سزا تێیاندا ئەنجامبدرێت. لە هەرێمی کوردستاندا، کۆمپانیاکانی سیکیوریتی قۆرغی سەرانی پەرپرسی ئەمنی و هەرەمی ژێر خۆیان و کەسوکاری نزیکیانن. ئەم وێنەیە مەترسییەکی گەورەیە و دەمێکیشە لای هاووڵاتیانی ئاسایی ئاشکرایە. 

 

ئەگەر بزنسی من وا بخوازێت کە خەڵک هەست بە ئاسایش نەکەن و لە ماڵ و حاڵیان بترسن و متمانەیان بە دەزگا فەرمییەکانی پاراستنی هاووڵاتیان نەمێنێت بۆ ئەوەی بێن داوای خزمەتگوزاریی سیکیوریتی لە من بکەن، نابێت و ناشێت هەر خۆشم بەرپرسی دابینکردنی ئاسایش و دڵنیایی خەڵک بم وەک وەزیفە. چونکە ئەگەر هەرکامێکیانم بە بەچاکی کرد، ئەوا ئەوی دییان بە خراپی دەکەم. ئاشکراشە لای هەموو لایەک کامیان باش و کامیان خراپ ئەنجام دەدرێت. سەرنجی ئەوەش بدەن کە وشەی (سیکیوریتی) وشەیەکی ئینگلیزییە و ماناکەی (ئاسایش) ە بە کوردی، بەڵام لەبەر ئەوەی خاوەن وەزیفەی دابینکردنی ئاسایش بۆ گشت هاووڵاتیان نابێت هەمان ئاسایش بە پارە بفرۆشێتەوە بە هاووڵاتیان، پێویستی بەوەیە ئەوەی ناوێکی دی بۆ ئەوی دووەمیان بدۆزێتەوە، چی چاکترە لە وشە ئینگلیزییەکەی هەمان مانا؟

 

لە وڵاتێکدا کە دادوەری گشتی تێیدا سەرپشک نییە لە جووڵاندنی هەر کەیسێکی زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی و موڵک و ماڵی گشتی و دەبێت ئەمری پێ بکرێت لە حکومەتەوە ئەوجا دەست دەبات بۆ هەر کەیسێک، زۆر ناهەقی نییە کە بڵێین یاسای بنەڕەتیی وڵات بریتییە لە گوتە بەناوبانگەکەی نیکسۆن ی سەرۆکی پێشینەی ئەمریکا: "هەر شتێک سەرۆک کردی ئەوا یاساییە". ئەم گوتارە بووە مایەی گاڵتەجاڕی لە ئەمریکا و ئاکامەکەی دەرپەڕاندنی نیکسۆن بوو لە سەرۆکایەتی. لای ئێمەش، زوو یان درەنگ، کۆمەڵگا دەگات بەو تێگەیشتنەی کە ئەم ئاستە لە دەسەڵاتی رەها لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا تەنها گەندەڵیی رەهای لێ دەکەوێتەوە. 

 

هێزێکی پۆلیسی لووشدەری زۆربەی بودجە، سەرانی لە بەرژەوەندیی بازرگانییاندایە کە کەمتەرخەم بن و بە جۆرێک پەروەردە کراوبن کە یاسا بۆ خاوەن دەسەڵات شتێک بێت و بۆ هاووڵاتی ئاسایی شتێکی دیکە...هێزێکی وەها، کاتی ئەوەی هاتووە لە پێشا پارەی لێببڕێت و، ئەو پارەیە، لەم قەیرانی ئابووری و هەڵچوونی پەتایەدا، بۆ مەبەستی بووژاندنەوەی سەرف لەسەر پێداویستییە ستراتیژییەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا سەرف بکرێت. پاشان وەک هەندێک لە شارەکانی ئەمریکا کردیان، هەموو دەزگا ئەمنییەکان لە کار دەرکرێن و بەپێێ سەلماندنی راستەقینەی توانایان لە هێزێکی زۆر بچووکتر و کاریگەرتر و نیشتمانپەروەرتردا سەر لەنوێ چاکترینیان وەربگیرێنەوە.

 

ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ پاشاگەردانی و بە ئاساییکردنی تاوان، ئەمە رێی راستی سەپاندنی سەروەریی یاسا و حکومەتی کارا و خزمەتکاری هاووڵاتیانە. سوپاس بۆ خۆپیشاندەرانی ئەمریکا کە ئەم دەرگایەیان بە بوێرییان بۆ ئێمە و هەموو جیهان کردەوە.