گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆچى بۆ هندستان کەم و بۆ چین زیادیکردووە؟

پێگەیەکى ئەمریکى جوڵەى نەوتى عێراق و هەرێم بۆ بازاڕەکان ئاشکرادەکات

2020.06.13 - 14:10
پێگەیەکى ئەمریکى جوڵەى نەوتى عێراق و هەرێم بۆ بازاڕەکان ئاشکرادەکات

ناس کورد-

 

لەكاتی سەرهەڵدانی قەیرانی كۆرۆناوە هەناردە كردنی نەوت لە عێراق و هەرێمەوە بۆ  چین زیادیكردووە و زۆربەى هەناردەى نەوت بۆ ئەو وڵاتە بووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکى پێگەى فۆربسی ئەمریكی.

 

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەروەها بۆیەكەمجار لەساڵی 2018 ەوە و لەماوەی مانگی ئایاری ڕابردودا هەناردەی نەوتی بەسرە بۆ بازاڕەكانی هیندستان بۆ نزمترین ئاست كەمیی كردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەناردەكردن بۆ چین لەلایەن عێراقەوە بۆ بەرزترین ئاست بەرزبووەتەوە و لەمانگی نیسانی ڕابردودا هەناردە كردنی نەوتی بەسرە بۆ چین بۆ یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە زیادی كردووە، ئەوەش بەراورد بە هەناردەكردن لەساڵی 2019 كە ڕۆژانە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.

 

باس لەوەشكراوە، نەوتی سوكی خاوی بەسرە نزیكەی 90% ڕێژەی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ چین پێكدەهێنێت لەمانگەكانی نیسان و ئایاردا. 

 

بەپێی داتاكانی ماڵپەڕی  ( TankerTrackers) كە وێنەی پرۆسەی گواستنەوەی نەوت لەڕێگەی مانگە دەستكردەكانەوە دەگرێت، نەوتهەڵگرە عێراقییەكان بۆ چین بەڕێژەی 44% كۆی گشتی هەناردەكردنی نەوتیان پێكهێناوە. هەروەها هەناردەى نەوتى هەرێم بۆ چین لەرێگەى بەندەرى جەیهانەوە لەمانگى ئایاردا بەرزبوونەوەیەکى گەورەى بەخۆوە بینیوە.

 

باس لەوەشكراوە، هەناردەكردنی نەوتی بەسرە بۆ هیندستان لە مانگی نیسانەوە بەهۆی ڕێوشوێنەكانی بەرەنگاری دژی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەو وڵاتە لە 724 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەوە نزیكەی 30% كەمیی كردووە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، كۆی گشتی هەناردە كردنی نەوتی خاوی عێراق جگە لەهەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژانە گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل ڕۆژانە لەمانگی ئایاردا وداهاتەكەشی نزیكەی 2 ملیار دۆلار بووە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، عێراق پابەند دەبێت بە كەمكردنەوەی هەناردەكردن بەپێی ڕێكەوتنەكەی وڵاتانی ئۆپیك، كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان ئەو كێڵگە نەوتیانەش دەگرێتەوە كە لەلایەن كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتیەكانەوە بەڕێوەدەبرێن و بەپێچەوانەشەوە سزای قورس بەسەر بەغدا دەسەپێنرێت.