گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کیبڕکێ لەسەر کۆشکى سپى گەرم دەبێت

ترەمپ و بایدن یەکترى بە هەوڵى ئەنجامدانى ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا تۆمەتبار دەکەن

2020.06.13 - 09:04
ترەمپ و بایدن یەکترى بە هەوڵى ئەنجامدانى ساختەکاریی لە هەڵبژاردندا تۆمەتبار دەکەن

ناس کورد-

 

دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، کارى دیکە دەکات ئەگەر لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمریکا کە بڕیارە لە تشرینى دووەمى ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت شکست بهێنێت، ئەوەش دواى ئەوەى جۆ بایدنى رکەبەرى ڕایگەیاندبوو سەرۆک ساختەکاریی دەکات و رەتیدەکاتەوە کۆشکى سپى جێبهێڵێت.

 

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵى فۆکس نیوز وتى "ئەگەر لەهەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتنم بەدەستنەهێنا کارى دیکە دەکەم".

 

لەگەڵ توندبوونى کێبڕکێ لەنێوان ترەمپ و بایدن پێش هەڵبژاردنەکە، هەردووکیان تۆمەت ئاڕاستەى یەکتر دەکەن و بەوەى پەنا بۆ ساختەکاریی دەبەن ئەگەر لە هەڵبژاردنەکەدا سەرنەکەون، ئەوەش بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز.

 

بایدن کە لە زۆربەى راپرسییەکانى هەفتەى ڕابردوودا لەپێش ترەمپەوە بووە، نیگەرانى خۆى نیشانداوە لەوەى ترەمپ هەوڵدەدات ساختەکاریی بکات، بەڵام جەختیکردەوە کە دڵنیایە لەوەى سەربازانى سوپا هاوڕێیەتى ترەمپ دەکەن بۆ جێهێشتنى کۆشکى سپى ئەگەر بدۆڕێت و دان بە ئەنجامى هەڵبژاردندا نەنێت.

 

لاى خۆیەوە ترەمپ جەختیکردەوە، پێشوازى لە ئەنجامى هەڵبژاردن دەکات.

 

وتیشى دیموکراتەکان دەیانەوێت زیادکردنى دەنگدان لەرێگەى بەریدەوە بەکاربهێنن وەک هۆکارێک بۆ ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکەدا، لەکاتێکدا بایدن بەڵینیدا پارێزەر لە بنکەکانى دەنگدان جێگیربکات بۆ ئەوەى چاودێرى هەوڵى دیموکراتەکان بکەن بۆ یاریکردن بە دەنگەکان.

 

لاى خۆیانەوە، شارەزایانى هەڵبژاردن پێیانوایە، هەڵبژاردنى ئەمجارەى سەرۆکایەتى ئەمریکا زۆر گەرم دەبێت.

 

پێشبینیدەکرێت دەنگدان لەرێگەى بەریدەوە زۆر بێت، بەهۆى ترس لە پەتاى کۆرۆنا، بۆیە شارەزایان هۆشداریدەدەن لەدروستبوونى فەوزا هاوشێوەى ئەوەى لە هەڵبژاردنى بەرایی ویلایەتەکان روویدا.

 

دەنگدانى ژمارەیەکى زۆرى خەڵک لەرێگەى بەریدەوە و نەگەیشتنى بەشێکیان یان جیانەکردنەوەیان لەکاتى گونجاودا رەنگە ببێتە هۆى تانەدان لە ئەنجامى هەڵبژاردن، بەو پێیەى جیاکردنەوى ئەو دەنگانە کاتێکى زۆرترى دەوێت بۆ دڵنیابوونەوە لە ناسنامەى دەنگدەر و ئەگەرى ئەوە دەهێنێتە کایەوە کە ئەنجامى هەڵبژاردن لەرۆژى دەنگداندا بەنادیارى بمێنێتەو و بکەوێتە دواى ئەو رۆژە، ئەوەش بەوتەى شارەزایانى هەڵبژاردن.