گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گەنجێكى مەغريبى لە ئيسپانيا بەهەمان شێوەى جۆرج فلۆيد گيانى لەدەستدا

2020.06.13 - 08:34
گەنجێكى مەغريبى لە ئيسپانيا بەهەمان شێوەى جۆرج فلۆيد گيانى لەدەستدا

ناس کورد-

 

بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكانى ئيسپانيا، گەنجێكى مەغريبى لەو وڵاتە بەهەمان شێوەى جۆرج فلۆيد كە كەسێكى ڕەشپێستى ئەمريكى بوو بەهۆى ئەوەى پۆليس بۆ چەند خولەكێك ئەژنۆى لەسەر ملى داناوە گيانى لەدەستداوە، بەڵام دەسەڵاتدرانى ئيسپانيا شاردويانەتەوە.

 

ڕۆژنامەى "ئيباييس"ى ئيسپانى  گرتەيەكى ڤيديۆيى بڵاوكردوەتەوە كە تێيدا چۆنێتى گيان لەدەستدانى گەنجە مەغريبيەكە لە ناوەندى پێنەگەيشتوان لە شارى ئەلمێريا لە باشورى ئەو وڵاتە پيشان دەدات و ڕوداوەكە لە مانگى حەوتى ساڵى ڕابردوو ڕويداوە.

 

ڕونيشكراوەتەوە، لە گرتە ڤيديۆييەكەدا ئەوە دەرناكەوێت كە گەنجەكە بەرگرى كردبێت دژى ئەندامانى پاسەوانى مەدەنى ئيسپانيا، هەروەها ئەندامێكى ئەو هێزە دەردەكەوێت كە ئەژنۆى لەسەر ملى گەنجەكە بۆ چەند خولەكێك دادەنێت كە لەسەر دەم كەوتووە.

 

بەپێى ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانيەكان، دادگاى ئيسپانى بڕيارى ئەوەى داوە كە گيان لەدەستدانەکە بە ئەنقەست نەبووە و ئەو ئەندامانەى هێزە ئەمنيەكانى بێتاوان ناساندووە، هەروەها گەنجەكە كە خەڵكى شارى تەتوان بوە لە باشورى مەغريب بەتوندى بەرگرى كردووە.

 

سەرەرڕاى بونى گرتە ڤيديۆييەكەدا كە 13 خولەكە دەسەڵاتدارانى ئيسپانيا بڵاوياننەكردوەتەوە و وەك نهێنى مامەڵەى لەگەڵ كراوە، ڤيديۆكە لە دوو بەش پێكهاتوە كە هەر بەشەى 6 خولەك و 30  چركە دەبێت و تێيدا دەردەكەوێت كە گەنجەكە كەلەپچە كراوە و قەچەكانيشى بە باشى بەستراونەتەوە لەناو ژورێكى بچوكدا.

 

ئەوەش دەردەكەوێت، گەنجەكە بەرگريەكى وا پيشان نادات جێى باس بێت و پێنج ئەندامى هێزە ئەمنيەكان پاسەوانێكى ناوەندەكە لەژورێكدا بەنديان كردوە.

 

ڕۆژنامەكە ئەوەشى رونكردوەتەوە، سروشتى گەنجەكە توند بووە و لە دوو ناوەندى تر دەستبەسەر كراوە، بڕيارە بوە دادگايى بكرێت بەهۆى ئەوەى هەڕەشەى لە پزيشكێكى دەرونى كردوە لەو ناوەندە.

 

پێشتريش خێزانى گەنجەكەش تانەيان لەبڕيارى دادگاى ئيسپانى دابوو وە گومانى ئەوەيان هەبوو كە بەهۆى توندوتيژى زۆرەوە بەرامبەرى گيانى لەدەستداوە.

 

لاى خۆشيەوە پێگەى "moroccoworldnews" بڵاويكردوەتەوە، گەنجەكە ناوى "ئيلياس تاهيرى"يە و تەمەنى 18 ساڵ بووە و دوو مانگ پێشتر چوەتە ناوەندەکە بەڵام بە مردويى هاتوەتە دەرەوە.