گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سويد داوا لە عێراق و ئێران و لوبنان دەكات ئەو کەسانە وەربگرنەوە کە داواى مافى پەنابەرێتییان رەتکراونەتەوە

2020.06.12 - 17:02
سويد داوا لە عێراق و ئێران و لوبنان دەكات ئەو کەسانە وەربگرنەوە کە داواى مافى پەنابەرێتییان رەتکراونەتەوە

ناس کورد-

 

وەزيرى داد و كۆچى سويد ڕایگەیاند، حكومەتى وڵاتەکەى فشار دەخاتە سەر حكومەتەكانى عێراق و لوبنان و ئێران تا ئەو هاوڵاتييانەيان وەربگرنەوە كە داواى مافى پەنابەريان كردووە بەڵام داواكارييەكانيان ڕەتكراونەتەوە.

 

 

مۆرگان يۆهانسۆن لەلێدوانێكدا بۆ ئاژانسى هەواڵى سويدى "TT" وتويەتى، "ناكرێت بارودۆخەكە بەم شێوەيە بەردەوام بێت و ژمارەيەكى زۆر داواكارى مافى پەنابەريمان هەيە كە ڕەتكراونەتەوە بەڵام دەوڵەتەكانى خۆيان ڕەتيدەكەنەوە كە وەريانبگرنەوە".

 

ئاماژەى بەوەشداوە، "باڵيۆزى ئەو دەوڵەتانە بانگهێشت دەكەين بۆ كۆبونەوەى تايبەت بۆ گفتوگۆكردن لەو بارەيەوە، بۆ ئەوەى بگەينە لێكتێگەيشتنێكى هاوبەش لەپێناو ئەوەى كە هاوڵاتيەكانيان وەربگرنەوە".

 

وەزيرى داد و كۆچى سويد باسى لەوەشكردوە، سويد هەمان كێشەى لەگەڵ وڵاتى تريش هەيە وەك سۆماڵ، بەڵام ئەو وڵاتە نوێنەرايەتى لە سويد نييە، هەزاران داواكارى مافى پەنابەرى هەيە كە داواكاريەكانيان ڕەتكراوەتەوە و ناشتوانين بياننێرنەوە ئەو چوار وڵاتە چونكە ڕەتيان دەكەنەوە.

 

ئەوەشى ئاشكرا كردووە، پێش 10 ساڵ عێراق ڕێكەوتنێكى لەگەڵ سويد واژۆ كردوە و بەپێى ڕێكەوتنەكە پێويستە هاوڵاتيەكانى وەرگرێتەوە بەڵام ڕێكەوتنەكە جێبەجێ نەكراوە، ئەو دەوڵەتانە سورن لەسەر بونى پەيوەندى لەگەڵ سويد بەڵام پابەنديش نين بە ياسا نێودەوڵەتيەكان كە باس لەوەدەكەن دەبێت هاوڵاتيەكانيان كە لە دەوڵەتانى ترن وەرگرنەوە.

 

سويد پێیوايە، كە پێويستە يەكێتى ئەوروپا فشارى زياتر بخاتە سەر ئەو دەوڵەتانەى كە ڕەتيدەكەنەوە هاوڵاتييةكانيان وەربگرنەوە كە داواكاريەكانيان بۆ مافى پەنابەرى ڕەتكراونەتەوە.