گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کەمی ڕێژەى مردن بە کۆرۆنا لە ڕوسیا سەری لە تەندروستی جیهانی تێکداوە

2020.06.12 - 15:53
کەمی ڕێژەى مردن بە کۆرۆنا لە ڕوسیا سەری لە تەندروستی جیهانی تێکداوە

ناس کورد-

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە ڕوسیا دەکات پێداچوونەوەیەک بە شێوازی ژماردنی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە بکات چونکە کەمی ژمارەکە شتێکی "نائاساییە"، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەى دەیلی تەلەگراف.

 

بەپێی دوایین ئامارەکان، شەش هەزار و 500 کەس بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ڕوسیا گیانیان لەدەستداوە، لەکاتێکدا ژمارەى توشبووان گەیشتووەتە 511 هەزار کەس.

 

حکومەتى ڕوسیا دەڵێت، تۆمارکردنی ئەو حاڵەتە زۆرە بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمێکی گشتگیرە بۆ ئەنجامدانی پشکنین کە تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 700 هەزار پشکنین، زۆرێک لەو کەسانە پشکنینەکەیان پۆزەتیڤ بووە بەڵام هیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکەیان نییە.

 

بەڵام کەمی ژمارەى گیانلەدەستدان بۆ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی شتێکی سەیرە و گومانی هەیە لە ژمارەکە.

 

مایکڵ ڕایان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بەرنامەى فریاکەوتنی تەندروستی لە ڕێکخراوەکە دەڵێت، "بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا هەمان شێوازی بڵاوبوونەوەیەتی لە ئەوروپا، بۆیە تێگەیشتن لە کەمی ڕێژەى مردن ئاڵۆزە."

 

باسی لەوەشکرد، "پێویستە بەرپرسانی ڕوسیا پێداچوونەوە بکەن بە شێوازی ژماردن و دەرکردنی بەڵێننامەى مردن بۆ مردووان."

 

ڕۆژنامەى دەیلی تەلەگراف لە زاری بەرپرسێکی تەندروستییەوە دەڵێت، ڕوسیا سەدان حاڵەتی مردن بە نەخۆشییەکەى تۆمار کردووە بەڵام هەژمار نەکراون لە داتا فەرمییەکاندا.