گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عەلاوى وەڵامى كازمى دەداتەوە: رەتيدەكەمەوە كچەكەم لە حكومەتە پيسبوەكەت هيچ پۆستێك وەرگرێت

2020.06.11 - 23:30
عەلاوى وەڵامى كازمى دەداتەوە: رەتيدەكەمەوە كچەكەم لە حكومەتە پيسبوەكەت هيچ پۆستێك وەرگرێت

ناس کورد-

 

دواى ئەوەى مستەفا كازمى، سەرۆك وەزيرانى عێڕاق ئاشكرايكرد، ئەياد عەلاوى، سەرۆكى ئيئتلافى نيشتمانى داواى پۆستى وەزارەتى بەرگرى و ئەوەى كردوە كە كچەى ببێتە ڕاوێژكارى سەرۆك وەزيران، ناوبراو قسەكانى كازمى رەتدەكاتەوە و دەڵێت: " بە توندى ڕەتيدەكەمەوە كچەكەم لەو ڕژێمە پيسبوەى كازمى سەرۆكايەتى دەكات هيچ پۆستێك وەرگرێت".

 

نوسينگەى عەلاوى لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕايگەياندوە: "كازمى چەندين شتى هەڵبەستراوى بەناوى عەلاويەوە وتوە بۆيە بەبيرى ناوبراوى دەهێنينەوە كە ئەو بوو دەستپێشخەرى كرد و داواى لە عەلاوى كرد كە كەسانى نيشتمانى بۆ وەزارەتەكانى ديارى بكات و ئەويش تەنها يەك داواكارى هەبوە ئەويش ئەوەى كە سەنديكاكان و يەكێتيەكان و خۆپيشاندەران بەشدارى بكەن بۆ نمونە نەقيبى سەنديكاى پارێزەران ببێتە وەزيرى داد". 

 

ئەوەش هاتوە، سەبارەت بە وەزارەتى بەرگريش هەر كازمى بوو داواى كرد كە ئەياد عەلاوى كەسى بەتواناى بۆ هەڵبژێرێت و ئەوەش بوو "فەيسەڵ فنر فەيسەڵ" ديارى كرا و كازميش ناوبراوى بينى و پشتگيرى كرد، بەڵام لە دواساتەكاندا هەڵگەڕايەوە و تائێستاش هۆكارەكان ناديارن، هەروەها داواى كرد كەسێك بۆ وەزيرى پەيوەنديەكان ديارى بكات و ئەوەبوو كازم شمەرى سەرۆكى كوتلەى نيشتمانى لە پەرلەمان ديارى كرا، بەڵام لە دواساتەكاندا سەرۆكوەزيران كەسێكى ترى ديارى كرد، سەرەڕاى ئەوانەش داواى كرد دوو ناوى تر بۆ دوو وەزارەتى تر ديارى بكات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە: "هەرچى سەبارەت بە خاتوو سارە ئەياد عەلاوىيە درۆى بۆ ئەويش هەڵبەستوە و عەلاوى تەنها بە كازمى وتوە كە كچەكەى زۆر گرنگى بە سياسەت دەدات و بەبێ پاسەوانيش دەسوڕێتەوە ئەويش ترس لەلاى دروست كردوە، نازانين كێ ئەم سيناريۆيەى بەسەر كازميدا سەپاندوە تا لەبەردەم ڕاگەياندندا باسى بكات، ئەوەش پێشێلكردنى بەهاكانە و واديارە كازمى پێى ڕاهاتوە". 

 

تەئكيديش كراوەتەوە: "عەلاوى بە توندى ڕەتيدەكاتەوە كە كچەكەى لە ڕژێمێكى پيسبودا پۆست وەرگرێت كە كازمى سەرۆكايەتى بكات، ناوبراو بە ياوەرى برايان مەسعود بارزانى و بەرهم ساڵح پشتگيرى كازميان كرد و پێى وابوو كە لادانەكانى پرۆسەى سياسى و بارودۆخى ژيانى هاوڵاتيان چاك دەكاتەوە و بكوژانى خۆپيشاندەران دەداتە دەدگا و ئامادەكارى بۆ هەڵبژاردنى پێشوەخت دەكات، نەمانزانى كە بە درۆ و پڕوپاگەندەى هەڵبەستراوە و بەتاڵ و بڕيارى خراپ سەرقاڵمان دەكات كە كۆتا دانەيان چينى خانەنشينانى گرتەوە". 

 

نوسينگەى عەلاوى كۆتايى بە ڕاگەیەندراوەکە هێناوە بەوەى: "ئەم درۆ هەڵبەستراوانە نامانهەژێنێت و وێنەى تێكچوى كازميش بريقەدار ناكاتەوە و ئەو يەكێكە لە هۆكارەكانى وێرانبونى عێراق و گەيشتنى بەم حاڵە و ڕژێمەكەى بەردەوام لە كوشتنى خۆپيشاندەران و ئەوانەى داواى چاكسازى دەكەن و لەسەر ئەو ڕێبازەش بۆ بەرگرى لە گەلەكەمان و بەرژەوەنديەكانى عێراق بەردەوام دەبێت، جا كازمى ڕازى بێت ياخود نا".