گه‌ڕان

Shadow Shadow

هەڵەبجە پارێزگاى هەزار و یەك هەنگاو بۆ دواوە

2020.06.11 - 22:19

دانا حامید

دانا حامید

بەپارێزگا بوونى هەڵەبجە هیواى هەموو هەڵەبجەییەك بوو لەناوەوە و دەرەوەى ئەم شارە، بۆئەوەى ئەم شارە لە شارێكى پەراوێزخراوى كەم خزمەتەوە ببوژێتەوە و ببێتە پارێزگایەكى نمونەیى لە رووى ئاوەدانى و پێشكەوتن و گەشەسەندنەوە، دەبوو هەرواش بووایەت چونكە یەكەمجاربوو لە مێژووى دەسەڵاتى كوردیدا شارێك لە قەزاوە بگۆڕێت بۆ پارێزگا.

 

هەرزوو بە زوو هەنگاوەكانى چەقبەستوویى پارێزگاى هەڵەبجە بەدەركەوتن، وەك هەموو شتێكى تر وەك هەموو بابەت و پرسێكى تر ململانێى یەكێتى و پارتى لەسەر پۆست و پشكپشكێنەى حزبى، لە ناو دەمارەكانى ئەم پارێزگا نوێیەدا كەوتنە جووڵە، لەوكاتەشدا پاساوەكانى (شەڕى داعش و قەیرانى دارایى) دوو بیانووى حازر بەدەستى حكومەت بوون بۆئەوەى وەكو پێویست بەرپرسیارێتى پێشخستنى ئەم پارێزگا نوێیە لە ئەستۆ نەگرێت.

 

راستییەكى حاشا هەڵنەگریش هەیە كە پێویستە بیڵێن ئەوەیە قەزاى هەڵەبجە گەشەى (بونیادى شار) فەرزى نەكرد لەسەر حكومەت بیكاتە (پارێزگا) راكێشانى سۆز و عاتیفەى هەڵەبجەییەكان و هەڵمژینى توڕەییى خەڵكى ئەم شارە بەهۆى نادادى و كەم خزمەتى و لا لێنەكردنەوەى هەڵەبجە وەكو شارێكى خاوەن قوربانى گەورە، دواجار وایكرد بە پارێزگا كردنەكەشى وەكو كارتێكى سیاسى بەكاربهێنرێت و قەزاى هەڵەبجە بووبە پارێزگاى هەڵەبجە.

 

هەڵەبجە شەش ساڵە پارێزگایە، زیادەڕەوى نیە كە بڵێین هیچ پێشكەوتن و گەشەیەكى بەخۆیەوە نەبینیوە، تەنانەت لە ڕووى كارگێڕیشەوە هەڵەبجە پارێزگایەكى تەواو نیە، پارێزگاى هەڵەبجە كێشەى زۆرى كارگێڕى و دارایى هەیە و نەبوونى ئەنجومەنى پارێزگاش (ئەگەرچى ئەنجومەكانى تریش وادەى یاساییان تێپەڕێوە) كێشەیەكى ترى ئەم پارێزگایەیە، بەپێى یاسا و بڕیارەكانى پەرلەمانى كوردستان و سەرۆكایەتى هەرێم و ئەنجومەنى وەزیران لە بەراورى5/2/2015 یشەوە هیچ ئەنجومەنێكى پارێزگایەكى تر بۆى نیە چاودێرى پارێزگاى هەڵەبجە بكات، جگە لەوەش بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن و ئەمەش بووەتە هۆى ئەوەى بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە بەوەكالەت كار دەكەن هەموو دەسەڵاتێكى كارگێڕییان نەبێت.

 

وەك وتم قەزایەك كراوەتە پارێزگا بەبێ ئەوەى بونیادى شار و رەگەزە بنەڕەتییەكانى شار بوونى هەبێت كە دەبوو بەپێچەوانەوە بووایەت، بنەماكانى شار بوونیان هەبووایەت ئەنجا بكرایەت بەشار، ئەگەر چى لەمێژووى رابردووى هەڵەبجەدا لە رووى بینا سازییەوە (كۆشكى وەسمان پاشاى جاف و بازاڕى حامید بەگ و حەمامى پاشا) لەسەر بنەماى بیناسازى ئەو سەردەمە و بەدەستى وەستاى شارەزاى سنەیى بنیادنراون بەداخەوە ئێستا هیچ یەكێك لەوانەش لە شارەكەدا بوونیان نەماوە، هەرچەندە ئەمە نابێتە پاساو بۆ حكومەت كە دەستى ئاوەدانى و پێشخستنى نەگەیاندووە بە هەڵەبجە.

 

هەر وەك چۆن لە رووى بیناسازییەوە هەڵەبجە پاشەكشەى كردووە، بەداخەوە لە رووى رۆشنبیرى و زانست و عیرفانیشەوە پاشەكشەى گەورەى كردووە ( رابردووى هەڵەبجە لەم رووەوە رابردوویەكى گەشاوەیە نەك وەك ئێستا خامۆش و بێدەنگ!).

 

بونیادنانەوەى هەڵەبجە تەنها جادە و شۆستە و بیناو پرۆژە نیە، دەبێت بونیادنانەوەیەك بێت لەهەموو ڕووەكانەوە و هەموو سێكتەرەكان بگرێتەوە، چونكە هەڵەبجە بەدرێژایى تەمەنى رژێمە یەك لە دوا یەكەكانى عێراق تووشى كاولكارى و لەناوبردن بووەتەوە تا دەگاتە لوتكەى ئەو تاوانانە كە جینۆسایدكردنى خەڵكە بێتاوانەكەى بوو لەسەر دەستى رژێمى بەعس.

 

هەڵەبجە، دەستێكى بەهێز وێرانى كرد، دەبێت دەستێكى بەهێزیش ئاوەدانى بكاتەوە، هەڵەبجە بە خێرخوازێك و دوو خێرخواز و كۆمپانیایەك و رێكخراوێكى بیانى ئاوەدان ناكرێتەوە.

 

تائێستا ئەو بڕیار و یاسایانەى بۆ پارێزگاى هەڵەبجە دەركراون وەكوخۆیان جێبەجێنەكراون كە بریتین لە (بڕیارى پایتەختى ئاشتى ساڵى 2014 و یاساى ژمارە 1 ى ساڵى 2015 كە بە كۆ دەنگى هەموو ئەندامانى پەرلەمانى كوردستان پەسەندكراون هەروەها بڕیارى 104 ى ساڵى 2017 ى ئەنجومەنى وەزیران.

 

كێشەكان زۆرن ئەوەى لەم نووسینەدا خراوەتە روو تەنها سەرە قەڵەمە لەسەر چەند كێشە و گرفتێكى بنەڕەتى، ئەگینا ئەتوانین بڵێین ئێستا هەڵەبجە پارێزگاى هەزار و یەك هەنگاو بۆ دواوەیە.