گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

كەربولى: وەفدى دانوستانكارى عێراقى لەگەڵ ئەمريكا تەنها بۆ سەرلەقاندن لە كۆبونەوەكە بەشدارن

2020.06.11 - 21:35
كەربولى: وەفدى دانوستانكارى عێراقى لەگەڵ ئەمريكا تەنها بۆ سەرلەقاندن لە كۆبونەوەكە بەشدارن

ناس کورد-

محەمەد كەربولى، ئەندامى هاوپەيمانى هێزەكان دەڵێت، وەفدى عێراقى بۆ دانوستان لەگەڵ ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا هيچ ئەندامێكى سونەى تێدا نييە و پێشى وايە ئەو وەفدە تەنها بۆ ئەوە چون كە سەر بلەقێنن.

 

كەربولى لە گفتوگۆيەكى تەلەفزيۆنيدا وتى، داعش نەچوە بەغداوە هەروەها لەناو ديالە و كەركوكيش دەرنەكەوت، هەندێك لە سياسيەكانى پێشوو لەسەر ئەو بيرۆكەيە دەژيان، پێيان وابوو سوارى شەپۆلەكە دەبن و لەوانەيە ئەوەش ببێتە هۆى ڕاگەياندنى هەرێمێك ياخود دەوڵەتێك بەپێى ئەو ئەجێندايانەى ئەو كاتە هەبوو.

 

باسى لەوەشكردوە: "ئێمە لە پرۆسەى سياسيدا بونمان هەبوو، بەڵام پشتگيرى ئەو جۆرە بيركردنەوانە ناكەين، بۆيە قسەمان پێ دەوترا و بەوە تۆمەتبار دەكراين كە سەربە نورى مالكين و خۆفرۆشين و سونەى مالكين (نورى مالكى سەرۆك وەزيرانى پێشوترى عێراق)". 

 

ئەو پەرلەمانتارە باس لەوەشدەكات، موسڵ پێويستى بە باوەشى تايبەتى حكومەتى عێڕاقى هەيە، ژمارەيەك زۆر خەڵكين و زياتر لە سێ مليۆن هاوڵاتى سونى و شيعە و شەبەك و ئێزى و مەسيحى و كەمە نەتەوەكانى ترين، بەڵام مستەفا كازمى سەرۆكوەزيران نەيتوانيوە موسڵ لەخۆى بگرێت.

 

ئاماژەى بەوەشداوە، كازمى پێى وايە بونى لەگەڵ كەمە نەتەوەكان نزيكى دەكاتەوە لە ئەمريكا و كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، ئەوەش وەهمێكە لەلايەن هەندێك كەسى نوێ لە پرۆسەى سياسى دروست بوە.

 

سەبارەت بە گفتوگۆى ستراتيژى نێوان عێراق و ئەمريكا ڕەخنەى لە وەفدەكە گرت بەوەى كە نوێنەرى سونەكانى تێدا نييە و وتيشى: "كاتێك بەرگرى لە مافى خەڵكەكەم دەكەم تاييفى نيم، تێگەيشتنى ئەوەى كە بەرگريكردن لە ماف تاييفيە تێگەيشتنێكى هەڵەيە، ئەو پۆستانەشى كە سونە وەريگرتون وەك وەزيرى بەرگرى و سەركردەى پرۆسەكان گرنگ نين، چونكە زنجيرەيەكى پێداچونەوەى باڵاتر هەيە".

 

پێشى وايە، ڕاگەیەندراوی كۆتايى گفتوگۆكانى ئەمريكا و عێڕاق پێشتر ئامادەكراوە و وەفدى عێراقى تەنها بۆ سەر لەقاندن لەوێن.