گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داواكارى مافى پەنابەرى لە ئەوروپا 87% كەميكردوە

2020.06.11 - 20:50
داواكارى مافى پەنابەرى لە ئەوروپا 87% كەميكردوە

ناس کورد-

بەراورد بە ساڵى ڕابردوو داواكارى مافى پەنابەرى لە ئەوروپا بەڕێژەى 87% كەميكردوە، ئەوەش بەهۆى ڕێوشوێنەكانى ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا.

 

نوسينگەى ئەوروپى بۆ پشتگيرى پەنابەران لە ڕاپۆرتێكدا بڵاويكردوەتەوە، لەمانگى چوارى ئەمساڵ لە وڵاتانى نەرويج و سويسرا كە بەشێكن لە يەكێتى ئەوروپا 8730 داواكارى مافى پەنابەرى تۆمار كراوە، ئەوەش كەمترين ژمارەيە لەساڵى 2008 ەوە، لەچاو قۆناغى پێش بڵاوبونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ COVID-19  بەتايبەتى لە چاو مانگەكانى يەك و دووى ئەمساڵ ڕێژەكە 87% كەميكردوە.

 

ئەوەش هاتوە: "لەگەڵ ئەوەشدا پێشبينى ئەوە دەكەين لە مانگەكانى داهاتوو داواكارى مافى پەنابەران بەرز ببێتەوە، ئەوەش لەگەڵ گەڕانەوەى جوڵە و گەشتەكان بەشێوەيەكى قۆناغ بە قۆناغ كە بەهۆى رێوشوێنەكانەوە وەستێنران".

 

ئەوروپا كە بە كيشوەرە پيرەكە ناسراوە ناوەندى پەنابەران و داواكارانى مافى پەنابەرى بوو، هەروەها ڤايرۆسى كۆرۆنا زۆر زياتر زيانى لە وڵاتانى ئەو كيشوەرە داوە بەراورد بەو وڵاتانەى كە پەنابەريان لێوە دەچێت، زۆرترين زيانەكانيش وڵاتەكانى فەرەنسا، ئەڵمانيا، بەريتانيا، ئيتاڵيا و ئيسپانياى گرتوەتەوە.

 

شارەزايان پێيانوايە، كە بەم نزيكانە ژمارەى داواكارانى مافى پەنابەرى و كۆچەران ڕوو لە زيادبون بكات بەتايبەتى كە رێكخراوى داعش لە عێراق و سوريا چالاكيەكانيان زيادى كردوە هەروەها پرۆسە سەربازيەكانى هاوپەيمانانيش بەهۆى پەتاى كۆرۆناوە وەستاون.