گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەیەک بڕیاری نوێ لەژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانییەوە.. ڕێکارەکان توند دەکرێن

2020.06.11 - 18:25
ژمارەیەک بڕیاری نوێ لەژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانییەوە.. ڕێکارەکان توند دەکرێن

ناس کورد-

لیژنه‌ی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا ڕایگەیاند، لیژنەکە به‌ سه‌رپه‌رشتی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی كۆبۆوە و دوای هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستا و رابردوو و پێشبینیەكانی داهاتوو، بەكۆی دەنگ ئەم بڕیارو رێنمایی و پێشنیازانە پەسەندكران:

 

1- رێكارەكانی چاودێریكردن ‌و بەدواداچوون ‌و لێپرسینەوە بەرامبەر هەر سەرپێچییەكی رێنماییە تەندروستیی و كارگێڕییەكان توندترو خێراترو فراوانتر دەكرێن ‌و بۆ ئەم مەبەستە بنكەكانی تەندروستیی ‌و پۆلیس ‌و ئاسایشی گەڕەكەكان ڕاسپێردران‌ و دەسەڵاتی تەواویان دراوەتێ‌ بۆ چاودێریكردن ‌و لێپرسینەوە و داخستنی هەر شوێنێك لە سنوری گەڕەكەكاندا، كە پابەندی رێنماییەكان نەبێت.

 

2- سەرجەم یەكە كارگێڕیی ‌و فەرمانگه‌كانی دەوڵەت لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا راسپێردراون بۆ گرتنەبەری رێكاری پێویست بەپێی تایبەتمەندی فەرمانگاكەیان‌ و داخستنی هەر شوێنێكی سەرپێچیكار لەڕێی تیمی پشكنینی فەرمانگه‌كەیانەوە بەتایبەتی فەرمانگه‌كانی (تەندروستی، شارەوانی، ئەوقاف، گەشتوگوزار).

 

3- لیژنەی بەدواداچوونی یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنە هاوبەشەكانی قائمقامیەتەكان‌و تیمە تەندروستیەكان بە هەماهەنگیی لیژنەكانی ئارامیی لە پارێزگا و قەزا و ناحیەكاندا هەر شوێنێكی سەرپێچیكار دادەخەن ‌و رووبەڕووی رێكاری یاساییان دەكەنەوە.

 

4- بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی ‌و قەزاو ناحیەكان راسپێردراون بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر ئۆتۆمبێلێكی گواستنەوەی گشتی (تاكسی، مینی پاس، پاس) ئەگەر پێچەوانەی رێكارو رێنماییە تەندروستییەكان كاربكەن.

 

5- هەموو فەرمانگاكانی دەوڵەت ‌و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت پێویستە پابەندی تەواوی رێكارو رێنماییە تەندروستیەكان بن‌ و بەپێچەوانەوە رێكاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت دادەخرێن.

 

6- هاتووچۆ لەنێوان هەرێمی كوردستان‌ و دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە جگە لەو حاڵەتە مرۆیی‌ و دبلۆماسیی‌ و بازرگانییانە نەبێت كە بەیانی وەزارەتی ناوخۆ دیاریكردوون، هەر سەرپێچی‌ و بەكەمگرتنێك بەڕێوەبەرو بەرپرسی دەروازە نێودەوڵەتی‌ و مەرزو بازگەكان رووبەڕووی رێكاری یاسایی توند دەكاتەوە.

 

7- هەر هەوڵێك بۆ هێنانی خەڵك بەقاچاخ، یان بەقاچاخ گەڕانەوە، بەتاوانی زیانگەیاندن بە سیستمی گشتی ‌و ئاسایشی تەندروستیی ‌و تەندروستیی گشتیی ئەژمار دەكرێت‌ و رێكاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

 

8- هەركەس ‌و گروپ ‌و دامەزراوە و میدیا و هێز و لایەنێكی سیاسیی، هەوڵی بە سیاسەتكردنی ئەم بارودۆخە تەندروستیە بدات‌ و هانی هاووڵاتیان بدات بۆ پابەندنەبوون‌ و بەدگومانی بە مەترسییەكانی پەتای كۆرۆنا، لەلایەن فەرمانگای داواكاری گشتییەوە رێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

 

9- لە ئێوارەی ئەمڕۆوە هەموو مزگەوتەكانی ناوبازاڕی شاری سلێمانی تا كاتێكی نادیار دادەخرێن.

 

10- لەسەر راسپاردەی وەزارەتەكانی تەندروستی ‌و پەروەردە تا كاتێكی نادیار پەیمانگا فێركاریی ‌و پیشەییەكان ناكرێنەوە.

 

11- دانانی پرسە لە مزگەوت‌ و گەڕەك ‌و ژێرخێمە و ماڵەكانیشدا بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە.

 

12- ئاهەنگ ‌و بۆنە و كۆڕو كۆبوونەوە و لایڤ موزیك ‌و هەر چالاكییەك قەرەباڵغی ‌و تێكەڵاوبوون دروست بكات قەدەغەیە.

 

13- پێویستە هەموو مۆڵ‌ و ماركێت ‌و بازاڕەكان ڕەچاوی رێنماییە تەندروستییەكان بكەن ‌و بەپێی رووبەرو قەبارەی شوێنەكان رێگا بە هاتووچۆی هاووڵاتیان‌ و بازاڕكردن بدەن، بەپێچەوانەوە دادەخرێن.

 

14- داوا لە هەموو نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت دەكەین، كە پشتیوانی ‌و هەماهەنگیی كەرتی تەندروستیی دەوڵەتیی بن، لەكاتی زیادبوونی ژمارەی تووشبووەكاندا نەخۆشخانەكانیان بخەنە خزمەت كەرتی تەندروستی گشتییەوە و خۆیان بۆ ئەم دۆخە نوێیە ئامادەبكەن، چونكە لە حاڵەتی زۆربوونی تووشبووندا لە توانای نەخۆشخانە حكومییەكاندا نامێنێت نەخۆش وەربگرێت.

 

15- داوا لە هەموو كەناڵ‌و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەكەین ڕۆڵی بەرپرسیارانەی مێدیاییانەی مرۆییانەی نیشتمانییانەی خۆیان لە بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنادا ببین‌و پشتیوانی  كەرتی تەندروستی‌و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی بكەن.

 

16- داوا لە رێكخراوە مەدەنییەكان دەكەین رۆڵی شیاوی خۆیان لە بڵاوكردنەوەی پەیامەكانی خۆپارێزیی ‌و بەرزكردنەوەی ئاستی خۆپارێزیی لای هاووڵاتیاندا، ببینن.

 

17- داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین بەیەكەوە كار بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و پشتگیریكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتە خۆجێیەكان‌ و هاووڵاتیانی كوردستان بكەن، خۆیان لە هەر ململانێیەكی سیاسیی‌ و بەسیاسیكردنی دۆزو دۆخی تەندروستی، بەدووربگرن.

 

18- داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەین بە متمانەیەكی تەواوو بە هۆشیارییەكی فراوانەوە خۆیان بپارێزن‌و پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەكانەوە، دڵنیایان دەكەینەوە، كە ئەگەر هەموو بە ورەو ئیرادە و متمانەیەكی تەواوەوە بەرەنگاری كۆرۆنا نەبینەوە، ئەوا لە رۆژانی ئایندەدا دەبێت چاوەڕوانی مەرگی خۆمان‌ و ئازیزانمان بكەین‌ و توانستە تەندروستی ‌و مرۆییەكانمان توانای وەرگرتنی نەخۆشیی نوێ ‌و چارەسەركردنی ژمارەی زۆری تووشبووانی نامێنێت ‌و وڵاتەكەمان رووبەڕووی كارەساتێكی گەورە دەبێتەوە. دەبێت دڵنیابن كە گیان ‌و ژیان‌ و بژێویی‌ و كارو كەسابەتمان دووچاری هەڕەشەی گەورە دەبنەوە. پێویستە لەسەر بنەمای سزاو خۆپارێزیی گشتیی، خۆیان لە هەر شوێنێك داببڕین كە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان نابێت‌ و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بكەنەوە بۆ داخستنی ئەو شوێنانە.

 

19- داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، كە بەخێرایی موچە و مافی دارایی كەرتی تەندروستی ‌و هەموو كەرتە حكومییەكانی تر خەرج بكات ‌و رێزلێنان‌و پێزانین بۆ هەموو ئەو پزیشك‌ و كارمەندانەی بوارە جیاجیاكانی تەندروستیی بەتایبەتی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا و كەرتە جیاجیاكانی كارگێڕیی ‌و ئارامیی ‌و خزمەتگوزاریی‌ و ئابوورییانەی تریش بكات، كە لەم بارودۆخەدا خۆنەویستانە خزمەت دەكەن.

 

2- پێشنیاز دەكەین بۆ وەزارەتی تەندروستی، كە ژمارەی پشكنینەكان لە كەرتی گشتیدا زیاتر بكات ‌و دەرفەتیش بداتە كەرتی تایبەت كە لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیدا بتوانن پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان بكەن، چونكە ئەگەر خۆپارێزی بەردەوام نەبێت ‌و پابەندییەكان زیاتر نەبن، لە رۆژانی ئایندەدا دەرفەتەكانی پشكنینی هاووڵاتیان زۆر كەمدەبنەوە.

 

21- داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەكەین، كە ئاماری رۆژانەی پارێزگاكانی هەرێم بەیەكەوەو لەیەك كاتدا رابگەیەنێت‌ و لەسەر ئاستی پارێزگاكانیش شوێن ‌و گەڕەكی تووشبووان دیاری بكرێن‌ و بڵاوبكرێنەوە.

 

22- هاووڵاتیانی خۆشەویست، داوا لە هەموولایەكتان دەكەین پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستی‌ و خۆپارێزییەكان بن، بەپێچەوانەوە ناچار دەبین لە رۆژانی داهاتوودا پێشنیازی قەدەغەی تەواوی هاتووچۆ بكەین، كە بەدڵنیایی هەڕەشەو مەترسیی گەورە لەسەر بژێویی ‌و ئابووریی ‌و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتیان‌ و دەوڵەتیش دروست دەكات.

 

23- داوا لە هەمووان دەكەین كە هەموو ڕۆژێكی پێنجشەممە لە سەعات (8)ی ئێوارەدا بۆ ڕێزلێنان لە ئەرك‌و ماندوبوون‌و جوامێریی‌و شكۆمەندیی كەرتی تەندروستی: گوڵێك لەسەر دیواری تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، یان كەناڵەكان، یان ناوەندە تەندروستییەكان، یان سەرمێزو ناوگوڵدان‌و پەرداخ و حەوشەو هەیوان و ئینجانەو باخچەی ماڵەكانتاندا دابنێن، وەك هێمایەك بۆ ڕێزگرتن لەم مرۆڤە میهرەبانانە.