گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

خۆپاڵاوتنی پێنجەم

سەرۆکێک بەکورسی گەڕۆکەوە

2019.02.18 - 18:29
سەرۆکێک بەکورسی گەڕۆکەوە

 

 

ناس کورد

سەرەڕای ناڕەزایی زۆر‌و نایاساییبوونی هەنگاوەكە، عەبدولعەزیز بوتەفلیقەی سەرۆكی ئێستای جەزائیر بەسەر کورسییەكی گەڕۆکەوە بۆجاری پێنحەم خۆی بۆ گرتنەوەدەستی حوكم ئامادە دەكات، خۆپاڵاوتنی ئەم جارەیشی چەندین پرسیاری گەورە سەبارەت رەوایی ئەو هەنگاوە‌و توانای لە حوكمكردن‌و بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەوروژێنێت.

عەبدولعەزیز بوته‌فلیقه‌ له‌دایكبووی 2 مارسی 1932 یە له‌ وجده‌ی سه‌ر به‌ مه‌غریب‌و له‌ڕه‌چه‌ڵه‌كدا ئه‌مازیغییه، ده‌یه‌مین سه‌رۆكی جه‌زائیره‌ له‌ وه‌ته‌ی بووەتە ده‌وڵه‌ت و هه‌شته‌مین سه‌رۆكه‌ له‌وه‌ته‌ی وڵاتەکە سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرتووه‌ ( له ده‌ستی داگیركاری فه‌ره‌نسا). یه‌كه‌مین سه‌رۆكی جه‌زائیره‌ كه‌ درێژترین ماوه‌ له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات ماوه‌ته‌وه‌.

پێش ئه‌وه‌ی ببێ به‌ سه‌رۆك پۆستی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی دامه‌زرێنه‌ی نیشتمانی( په‌رله‌مان) و وه‌زیری وه‌رزش و لاوان و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وه‌رگرتووه،‌ پاشان بووه‌ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سسیاسی حزبی به‌ره‌ی نیشتمانی فه‌رمانڕه‌وا.

به‌شداری كردووه‌ له‌و كوده‌تایه‌ی له‌ ساڵی 1965دا لەلایه‌ن هەواری بومدیەنەوە به‌سه‌ر سه‌رۆكی پێشووتری جه‌زائیر ئەحمەد بن بلەدا کرا.

پاش مردنی بومدیەن له ساڵی‌ 1978، بوته‌فلیقه‌ جه‌زائر جێده‌هێڵێت و به‌ زۆری  له‌ ئیمارات ده‌مێنێته‌وه‌ و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رده‌چێت به‌ تۆمه‌تی گه‌ه‌نده‌ڵی تا له‌ساڵی 1986 له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی وڵات شازلی بن جديد لێبوردنی بۆ ده‌رده‌كرێت و له‌ ساڵی 1987 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ جەزائیر.

له‌ ساڵی 1988 نیازی خۆی بۆ خۆپاڵاوتن و كێبڕكێی سه‌رۆكایه‌تی ئاشکرا دەکات، ئه‌وه‌ بوو هه‌موو کاندیدە‌كانی تر كشانه‌وه‌ به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی بوته‌فلیقه‌ ده‌رچوونی مسۆگه‌ره‌، چونكه‌ له‌ لایه‌ن سوپاوه‌ پاڵپشتی لێ ده‌كرا و هه‌رواش بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ نیسانی 1999 توانی ده‌ربچێت و بووە  سه‌رۆك كۆمار.

له‌ خولی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییە‌كه‌یدا كۆمه‌ڵێك چاكسازی ڕاگه‌یاند و ده‌ستووری هه‌مواركرده‌وه‌و رێكه‌وتنی هاوبه‌شی ستراتیجی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپا ئیمزاكرد.

له‌ 22ی شوباتی 2004یشدا رایگه‌یاند خۆی بۆ خولی دووه‌م هه‌ڵده‌بژێرێته‌وه‌، له‌ رۆژی 8ی نیسانی 2004 هه‌ڵبژێررایه‌وه‌و توانی رێژه‌ی 85%ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت.

نه‌خۆشكه‌وتنی بوته‌فلیقه‌

له‌ 26ی تشرینی دووه‌می 2005 باری ته‌ندروستی بوته‌فلیقه‌ تێك ده‌چێت و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی فەرەنسا ده‌كرێت، هه‌ر چه‌ند میدیای جەزائیر به‌ نه‌خۆشییه‌كی ئاسایی ناوی ده‌بات و راگه‌یاندن  ده‌كه‌ن به‌وه‌ تۆمه‌تبار دەکات کە بابه‌تیكە گه‌وره‌ ده‌كه‌ن، به‌ڵام  میدیای فەرنسا راستی بابه‌ته‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو كه‌ حاڵه‌ته‌كه‌ هێنده‌ توند بووه‌ خه‌ریك بووه‌ بوته‌فلیقه‌ گیان لەدەست بدات.

له‌ 6ی كانونی یه‌كه‌می 2006یشدا بوته‌فلیقه له‌ هه‌وڵێكی تیرۆركردن ڕزگاری ده‌بێت و له‌ 9ی نیسانی 2009 جارێكی تر و بۆ جاری سێیه‌م به‌ سه‌رۆكی جەزائیر هه‌ڵبژێررایه‌وه‌ به‌ بەدەستهێنانی رێژه‌ی 90 %ی ده‌نگه‌كان، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌ستووری وڵاتیان هه‌مواركرده‌وه‌، چونكه‌ پێشترو به‌پیێی ده‌ستوور سه‌رۆك بۆی هه‌بوو ته‌نیا بۆ دوو خولی یه‌ك له‌وای یه‌ك خۆی هه‌ڵبژێرێت.

له‌ نیسانی 2013 جارێكی تر باری ته‌ندروستی بوته‌فلیقه‌ تێكچووە‌وه و‌ تووشی جه‌ڵته‌ی مێشك هات و به‌په‌له‌ گەیەندرایە نه‌خۆشخانه‌ی ڤاڵ دوگراسی سه‌ربازی له‌ فه‌ره‌نسا، له‌ 17 ی ته‌مموزی 2013 بوته‌فلیقه پاش 80 رۆژ‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ جەزائیر، به‌ڵام به‌ ته‌ندروستییه‌كی ته‌واو شێواوه‌وه‌و له‌سه‌ر كورسییه‌كی گەڕۆک، چونكه‌ نه‌یده‌توانی به‌ پێوه‌ بوه‌ستێ و له‌ هیچ كام له‌ بۆنه‌ نیشتمانی و ئایینیه‌كانی كه‌ پێشتر وا ڕاهاتبوو به‌شدارییان تێدا بكات، به‌شداری نه‌كرد، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكرد لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن داوا بكه‌ن به‌ پێی مادده‌ی 88ی ده‌ستووری وڵات به‌تاڵبوونی كورسی سه‌رۆك كۆمار ڕابگه‌یه‌نرێت، چونكه‌ به‌ پێێ ئه‌و بڕگه‌یه‌ی ده‌ستوور هه‌ر كاتێ سه‌رۆك نه‌یتوانی ئه‌ركه‌كانی راپەڕێنێت ئه‌وا هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌نجام ده‌درێت.

له‌ هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2014 سه‌ره‌ڕای خراپبوونی باری ته‌ندروستی و ده‌ركه‌وتنی له‌سه‌ر كورسیه‌كی گەڕۆک، جارێكی تر بوته‌فلیقه‌ خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار كاندید كرده‌وه و له‌ 14ی نیسانی 2014 و بۆ جاری چواره‌م، به‌ سه‌رۆكی جه‌زائیر هه‌ڵبژێررایه‌وه‌ به‌ڕێژه‌ی 81%ی ده‌نگه‌كان.

خۆكاندیدکردنەوە بۆ جاری پێنجه‌م

بوته‌فلیقه‌ كه‌ ئێستا ته‌مه‌نی به‌ره‌و 82 ساڵ هه‌ڵده‌كشێت، له‌سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی خۆیدا تا ئێستا 3 جار ده‌ستووری وڵاتی هه‌مواركردووه کە‌ دیارترینیان لابردنی بڕگه‌ی دیاریكردنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكه‌ بۆ‌ دوو خولی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك، به‌مه‌ش ڕێگه‌ی بۆ خۆی خۆش كرد تا بۆ خولی سێیه‌م و چواره‌م خۆی هه‌ڵبژێرێته‌وه‌ و ئێستا‌ش به‌ نیازە بۆ خولی پێنجه‌م خۆی كاندید بكات.

له‌ دواهه‌مواری ده‌ستووردا كه‌ له‌ 2016دا ئەنجام درا دیسان ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی وه‌ك پێشووی لێكرایه‌وه‌ كه‌ سەرۆک ته‌نها بۆ دوو خولی یه‌ك له‌دوای یه‌ك بۆی هه‌یه‌ خۆی كاندید بكاته‌وه.‌

هه‌رسێ هه‌مواره‌كه‌ی دەستوور ته‌نیا له‌ په‌رله‌مان كراوه‌و نه‌خراوه‌ته‌ ڕاپرسی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌

هه‌رچه‌ند لایه‌نه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌ توندی سه‌ركۆنه‌یان كردووە، بوته‌فلیقه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ ئاراسته‌ی جه‌ماوه‌ری كرد له‌ 10ی شوباتی ئه‌مساڵدا ڕایگه‌یاند به‌ نیازه‌ خۆی كاندید بكاته‌وه‌ چونكه‌ پێویستی قۆناغه‌كه‌ ئه‌وه‌ی لێ ده‌خوازێت و چه‌ندین به‌ڵێنی چاكسازی دا و بڕیاریشی دا كه‌ جێگرێك بۆ خۆی دابنێ، چونكه‌ باری ته‌ندروستی و هێزی جه‌سته‌ی وه‌ك پێویست نیه‌و پێویستی به‌ یاریده‌ده‌رێكه‌ هاوكاری بكات له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاروباری وڵاتدا.

زۆربه‌ی کاندیدە‌كانی تر كه‌ ژماره‌یان نزیكه‌ی 200 كه‌سه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ داوه‌‌ ئه‌گه‌ر بوته‌فلیقه‌ خۆی هه‌ڵبژێرێت ئه‌وا ئه‌وان ڕه‌نگه‌ له‌ كێ بڕكێكه‌ پاشه‌كشه‌ بكه‌ن.

ئه‌م بڕیاره‌ی بۆته‌فلیقه‌ پاش ئه‌وه‌ هات كه‌ پارتی به‌ره‌ی ڕزگاری نیشتمانی فه‌رمان ڕه‌وا به فه‌رمی بوته‌فلیقه‌ی وه‌ك كاندیدی خۆی ناساند و ناوبراویش ئه‌م بڕیاره‌ی وه‌ك وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بۆ خواسته‌كانی گه‌ل لەقەڵەم دا.

پاش ئه‌م بڕیاره‌ی بوتیفلیقه‌ چه‌ندین شارو شارۆچكه‌ی جه‌زائیر خۆپیشاندانی ناڕه‌زاییان به‌ خۆوه‌ بینی و پرۆتستۆی ئه‌و بڕیاره‌ی به‌ته‌فلیقه‌یان كردو ناوبراویان وه‌ك ئامرازێك وەسف کرد كه‌ كۆمه‌ڵێك ده‌ستڕۆیشتوو به‌کاری ده‌هێنن بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانیان.