گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لە قژى بڕاوى مشتەرییەکانى تابلۆى هونەرى دەنەخشێنێت

سەرتاشێكى گەنجى عێڕاقى بە بەهرە جياوازەكەى سەرنج بەلاى خۆيدا ڕادەكێشێت [وێنە]

2020.06.11 - 11:42
سەرتاشێكى گەنجى عێڕاقى بە بەهرە جياوازەكەى سەرنج بەلاى خۆيدا ڕادەكێشێت [وێنە]

ناس کورد- 

سەرتاشێكى عێراقى بەهۆى بەهرەكەيەوە سەرنجى هەموان بەلاى خۆيدا ڕادەكێشێت و پاشماوەى قژى ئەو كەسانەى سەردانى دەكەن بۆ قژ چاككردن دەكات بە چەندين وێنەى سەرنجڕاكێش و سەرنجى هەموانى بەلاى خۆيدا ڕاكێشاوە.

 

هەميشە دواى بەڕێكردنى كڕيارەكانى سەرتاشەكانى جيهان پاشماوەى قژەكان كۆدەكەنەوە و فڕێى دەدەن، بەڵام "حسێن" جياواز لە هەموان بەهرەيەكى ترى بۆ خۆى هەڵبژاردوە و بوەتە يەكێك لە گەنجە داهێنەرەكان لەبوارى سەرتاشيندا سەرەڕاى ئەوەش لە پاشماوەى قژەكان تابلۆى ناوازە و سەرنجڕاكێش دروستدەكات ئەويش دواى ئەوەى پاشماوەكان كۆدەكاتەوە و هەموو ڕۆژێك لە كۆتايى كارەكەيدا تابلۆيەكى پێ دروستدەكات.

 

حسێن كە خەڵكى شارى بەغدايە بەهرەكەى بۆ تەمەنى منداڵى دەگەڕێتەوە لە وێنەكێشاندا كە سەرەتا بە قەڵەم و وەرەقە دەستى پێكردوە و بە درێژايى چەندين ساڵ پەرەى بە بەهرەكەى داوە و خواردن و ميوە و سەوزەو چەندين جۆر كەرەستەى ترى بۆ كێشانى تابلۆكانى بەكارهێناوە.

 

بەڵام لە چەند ساڵى ڕابردودا جياواز بوە و دەستى كردوە بە كێشانى تابلۆكانى لە پاشماوەى قژ، كە چەندين تابلۆى جوان و ناوازەى پێ كێشاوە، تابلۆكانيشى لە وێنەى كەسايەتيە بەناوبانگ و گياندارەكان پێكدێت بەشێوەيەكى گشتى، كارەكەشى سەرنجى هەزاران كەسى بەلاى خۆيدا ڕاكێشاوە بەتايبەتى لە تۆڕى كۆمەڵايەتى ئينستاگرام و پشتگيرى مەعنەوى پێشكەش دەكەن بۆ برەودانى زياتر بە بەهرەكەى.

حسێن سەبارەت بە كارەكەى دەڵێت "هۆكارى ئەوەى كە پەنام بردوە بۆ ئەم ڕێگەيە بۆ وێنەكێشان بۆ ئەوەيە كە جياواز بم لە كەسانى تر و شێوەيەكى هونەرى جياواز بەخۆم پەيڕەو بكەم".

 

سەرەڕاى ئەوەى تابلۆكان كاتێكى زۆرى دەوێت تەمەنيشيان زۆر كەمە و دواى گرتنى وێنەكان ئيتر دەست دەكەن بە پاككردنەوەى دوكانەكە، بەڵام حسێن نيازى ئەوەى هەيە كە كارەكەى بكات بە كارى جێگير و لەسەر تابلۆ بە قژ وێنەكانى بكێشێت بۆ ئەوەى بمێننەوە و دواتريش لە پێشانگايەكدا نمايشيان بكات كە ئەوەش يەكەم پێشانگاى خۆى دەبێت.

حسێن جەختیشدەكاتەوە، سەرەڕاى ئەوەى وێنەكانى تەنها هيوايەتێك و هيچ سودێكى دارايى بۆى نييە، بەڵام كڕيارەكانى لە دوكانەكەى بەو هۆيەوە زياديان كردوە و ناوبانگى پێ بەخشيوە، هەروەها چەندين كەسى تريش سەردانى دەكەن بۆ بينينى كارەكەى لەكاتى دروستكردنياندا.

 

باس لەوەشدەكات، سەرەڕاى ئەوەى چەندين كەس لە لايەنە فەرميەكان بەڵێنى هاوكاريان پێداوە بەڵام هيچ هاوكاریيەك نەكراوە تايبەت بە هونەرەكەى، ئاواتيشى ئەوەيە كە بەهرەكەى دەربخات بۆ ئەوەى وەك گەنجێكى داهێنەر خۆى بسەلمێنێت و نوێنەرايەتى عێڕاق بكات، داواش لەو گەنجانە دەكات كە بەهرەيان هەيە و ناويان نييە بەردەوامبن لەكاركردن و هەوڵى جدى بدەن بۆ بەدەستهێنانى ئەوەى دەيانەوێت.