گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چى لەبارەى ئەو کچەوە دەزانيت کە بە مۆبایلەکەى ناڕەزایەتیەکانى ئەمریکاى هەڵگیرساند؟  

2020.06.11 - 10:26
چى لەبارەى ئەو کچەوە دەزانيت کە بە مۆبایلەکەى ناڕەزایەتیەکانى ئەمریکاى هەڵگیرساند؟  

ناس کورد-

ماڵپەڕێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، گرتە ڤیدیۆیەکی ساتەوەختی ڕووداوی کوشتی جۆرج فڵۆید کە لەلایەن کچێکی  هەرزەکارەوە تۆمارکراوە بووەتە هۆکاری پریشکی هەڵگیرسانی شەپۆلی توڕەییەکانی گەلی ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان دژ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "حوڕە"ی ئەمریکی، دارنێلا فرایزەری تەمەن 17 ساڵ  کە کچێکی ڕەش پێستە لە ساتەوەختی ڕووداوی پێش کوشتنی فلۆید بەمەبەستی کڕینی چەند شتومەکێک لەگەڵ خزمێکی نزیکی خۆیدا کە تەمەنی نۆ ساڵانە چووەتە  فڕۆشگایەکی نزیک شوێنی ڕووداوەکە و لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماڵەوە بەڕێکەوت ڕووداوەکەی بینیوە کە تێیدا پۆلیسەکان فلۆیدیان دەستگیرکردووە و یەکێک لەپۆلیسەکانیش ئەژنۆی خستوەتە سەر ملی، بۆیە ئەویش لەو ساتەوەختەدا مۆبایلەکەی دەرهێناوە و ڤیدیۆی ڕووداوەکەی تۆمارکردووە".

 

 ڕاپۆرتەکەی ماڵپەڕەی حوڕە، ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ئێستادا ئەو گرتە ڤیدیۆیەی کەلەلایەن ئەو کچە هەرزەکارەوە گیراوە یەکێکە لەهەرە گرنگترین ئەو بەڵگانەی کە دادگاى ئەمریکا پشتی پێ بەستووە لەدادگاییکردنی ئەو پۆلیسانەی کە بوونەتە هۆکاری گیانلەدستدانی جۆرج".

 

 لە ئێستادا تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی فلۆید، (دێرک شۆڤین)ە، کە لەلایەن دادگاوە تاوانی کوشتنی پلە دووی خراوەتە پاڵ، شۆڤین لە گرتە ڤیدیۆیەکەدا کە ماوەی 8 خولەکە دەردەکەوێت بە توندی ئەژنۆی خستوەتە سەرملی فلۆید بەبێ ئەوەی گوێبدات بە هاوارەکانی کە دەڵێت: "خنکام ناتوانم چیدی هەناسە بدەم".  

ماڵپەڕە ئەمریکییەکە، ئەوەی ڕوونکردوەتەوە،  "فرایزەر گرتە ڤیدیۆکەی ساتی کوشتی فلۆیدی لە 26ى ئایاری ڕابردوودا بڵاوکردوەتەو دوای یەک ڕۆژ لە ڕوودانی ڕووداوەکە".

 

هاوکات ماڵپەڕی "ئینسایدەر"ی ئەمریکی، لەبارەی ڕووداوەکەوە ئەوەی خستوەتەڕوو،" پاش ئەوەی فرایزەر گرتە ڤیدیۆکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردوەتەوە دوچاری هێرشێکی تووند بووەتەوە لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەوەی کە ئەو  هەوڵی یارمەتی فلۆیدی نەداوە لەو کاتەی کە پۆلیسەکان خەریکن دەیکوژن".

 

 ئاماژە بەوەکراوە، فرایزەر وەڵامی تەنز و ڕەخنەکانی بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی داوەتەوە وتویەتی، "ئەو تەنها تەمەنی 17 ساڵە و هەرزەکارە و توانای بەرەنگاربوونەوەی پۆلیسەکانی نەبووە".  

 

  ئاماژە بەوەشکراوە کامێرەکان وێنەی فرایزەریان چرکاندووە کاتێک دوای چەند ڕۆژێک لە کوشتنی فلۆید چووەتە شوێنی ڕووداوەکەو بە خورپە گریاوە وتویەتی : " تائێستا ئەو توشی شۆک بووە، نازانێت هەست بەچی دەکات، ئەوەی ڕوویداوە زۆر ناخ هەژێن بووە تەنها ئەوەی پێکراوە  مۆبایلەکەی دەربکات و لەنزیکەوە ڤیدیۆیەک تۆمار بکات، چونکە ئەگەر ئەو ڤیدیۆی ڕووداوەکەی تۆمار نەکردایە کەس باوەڕی پێنەدەکرد وتەکانی پۆلیسەکان بەسەر وتەکانی ئەودا سەردەکەوت".

 

  لە ئێستادا فرایزەر،گەواهی لەسەر ڕووداوەکە داوەتە بەشی مافە مەدەنییەکانی نوسینگەی لێکۆڵێنەوە فیدڕاڵییەکانی ئەمریکا لە ولایەتی مینیسۆتا.

 

 پاش 15 ڕۆژ لەگیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید، ڕۆژی (سێشەممە)ی ڕابردوو، لەمەراسیمێکی شکۆداردا ناوبراو لە لایەن ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە ساسیی و گشتییەکان  و خەڵکی ئاسایی  کۆمەڵگای ئەمریکی لە شاری هیوستن لە تەنیشت گڵکۆی دایکییەوە بەخاکسپێردرا.