گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەی دارایی پەرلەمان: ئەو موچەیەی لەخانەنشیان بڕدراوە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە

2020.06.11 - 09:59
لیژنەی دارایی پەرلەمان: ئەو موچەیەی لەخانەنشیان بڕدراوە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە

ناس کورد- 

بڕیاردەری لیژنەی دارایى پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، موچەی ئەو خانەنشیانەی كە بڕدراوە یاخود كەمكراوەتەوە بۆیان دەگەڕێنرێتەوە و جگە لەپلە باڵاكان دەستكاری موچەی فەرمانبەران ناكرێت.

 

ئەحمە سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق بەمیدیاكانی وت، پەرلەمان بڕیاریدا بەدەستكاری نەكردن و بڕینی موچەی فەرمانبەران جگە لەكەمكردنەوەی موچەی سێ سەرۆكایەتیەكە و پلە باڵاكان و پەرلەمانتاران و گەورە بەرپرسان و ڕێگەش نادرێت موچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و چینەكانی دیكەی كۆمەڵگە كەمبكرێتەوە یاخود لێیان ببڕێت.

 

لەبارەی بڕینی ڕێژەیەك لە موچەی خانەنشیانەوە ، سەفار ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، ئەو بڕەیان بۆ دەگەڕێنرێتەوە.

 

بڕیاری دادگا بۆ بڕینی بەشێك لە موچەی خانەنشینان كاردانەوەی زۆری لێكەوتووەتەوە لەپەرلەمان و لەكۆبونەوەكەی دوێنێی ئەو دەزگایەشدا ئەو هەنگاوە ڕەتكرایەوە.

 

لەدواى سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە، پێشنیاری بڕینی موچەی خانەنشینی ئەوانە كرا كە زیاد لەموچەیەك وەردەگرن و بەیاسا ڕێكخراوە، بەڵام ئەو پیشنیارە ناڕەزایەتی ژمارەیەك لەخانەنشیان و لایەنە سیاسیەكان و پەرلەمانتارانی لێكەوتەوە.