گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەواشەکارى کردووە

کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەقۆستنەوەى پەتای کۆرۆنادا دەیان ملیۆن دۆلارى بەدەستهێنا

2020.06.10 - 23:27
کۆمپانیایەکی ئەمریکی لەقۆستنەوەى  پەتای کۆرۆنادا دەیان ملیۆن دۆلارى بەدەستهێنا

ناس کورد-

بەتۆمەتی قۆستنەوەی پەتای کۆرۆنا بۆ مەرام وبەرژەوەندی تایبەت، حکومەتی ئەمریکا کۆمپانیاییەکی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی کردەوە.

 

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانی وەزارەتی دادی ئەمریکا، مارک شینا، سەرۆکی کۆمپانیای " ئاریات" بۆ تەکنەلۆژیای پزیشکی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا، تۆمەتبارە بە گزیکردن لەنرخی پشکی کۆمپانیاکە و هەڵخەڵەتاندنی وەبەرهێنەران و خاون پشکەکان بە بڕی 69 ملیۆن دۆلار. 

 

 وەزارەتی دادی ئەمریکا، ڕوونیکردوەتەوە، سەرۆکی کۆمپانیای " ئاریات" بۆ تەکنەلۆژیای پزیشکی،  پەتای کۆرۆنا قۆستوەتەوە و بەشداربووە لەپلانێکی فێڵکردندا لە خاوەن پشکەکان بەوەی کۆمپانیاکەی توانای ئەوەی هەیە لەماوەیەکی کورتدا و لەڕێگەی دڵۆپە خوێنێکەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەخوێنی توشبووان بدۆزێتەوە".

 

 دەسەڵاتی دادگای ئەمریکا، ئەوەشیان خستوەتەڕوو، کە مارک شینای تەمەن 57 ساڵ بەروونی کاری ساختەکردنی قەواڵە داراییەکانى کۆمپانیاکەی کردووە کەپەیوەندی هەیە بە فێڵکردن لەبواری چاودێری تەندروستیدا.

 

برایان بنکاوسکی، داواکاری گشتیی ئەمریکا، لەو بارەیەوە ڕایگەیاندوە "دەسەڵاتی دادگا لەئەستۆیەتی سیستمی چاودێری تەندروستی وەبەرهێنەرانی ئەو کەرتە بپارێزێت، کە چەندلایەنێک و کەسایەتییەک ویستویانە قەیرانی کۆرۆنا بقۆزنەوە  لەڕێگەی فێڵکردن کە گوایە ئامێر و کەرەستەی  شیکاری و دۆزینەوەی ناوازەی ڤایرۆسەکەیان هەیە".  

 

بنکاوسکی ،ئاماژەی بەوەکردووە، "بەرپرسانی کۆمپانیای ئاریات، وەبەرهێنەران و خاوەن پشکەکانی کۆمپانیاکەیان چەواشەکردووە کە گوایە توانیویانە لەڕێگەی داهێنانێکەوە بە دڵۆپە خوێنێک توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستنیشان بکەن  بە ڕێگایەکی ئاسان و بەنرخێکی گونجاو".

 

 لەمانگی ئاداری ڕابردوودا، بەپێچەوانەی داڕووخانی نرخی پشکی زۆربەی کۆمپانیاکانی جیهان بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، پشکی  کۆمپانیای ئاریات، بەشێوەیەکی خێرا لە بازاڕی پشەکەکان بەرزبوەوە.

 

 لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بەڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهاندا حەوت ملیۆن و397 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 416 هەزار کەسیش بەپەتاکە مردوون.