گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: كارمەندانى وەزارەتى تەندروستى ڕەسەنايەتى خۆيان پيشاندا

2020.06.10 - 21:45
بەرهەم ساڵح: كارمەندانى وەزارەتى تەندروستى ڕەسەنايەتى خۆيان پيشاندا

ناس کورد- 

سەرۆككۆمارى عێراق رایگەیاند، وەزارەتى تەندروستى و كارمەندانى ئەو وەزارەتە ڕەسەنايەتى خۆيان بۆ نیشتمان و هەستی مرۆڤایەتی نیشانداوە و هەوڵ و قوربانیدان و ئازایەتیان جێگەى شانازى و پێزانینى گەلەکەيانە.

 

نوسينگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆكايەتى كۆمار لە ڕاگەيەندراوێكدا بڵاويكردەوە، ئەمڕۆ  (چوارشەممە، 10ى حوزەیرانى 2020) سەرۆككۆمار لە كۆشكی کۆمارى لە بەغدا پێشوازیکرد لە حەسەن محەمەد تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگە و د.مستەفا ھەیتی،  سەرۆکی سندوقی بونیادنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان و ژمارەيەك لە سەرۆکی سەندیکا پیشەییەکان و کادرانی تەندروستی. 

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە پەیامێکدا سەرۆککۆمار رایگەیاند "ئێمە لێرەین بۆ ئەوەى دوپاتى سوپاس و پێزانینى خۆمان بکەینەوە بۆ كادیرە ماندونەناسەكانی کەرتى تەندروستی، لە خاوەن پیشە پزیشكی و پەرستارییەكان و کارمەندانى دیکەی وەزارەتى تەندروستی، ئەوانەى لەم دۆخە پڕ مەترسى و ئاڵۆزەدا سەرقاڵى پێشکەشکردنى خزمەتگوزارییەکانن بۆ هاووڵاتیان، هەوڵ و قوربانیدان و ئازایەتیان جێگەى شانازى و پێزانینى گەلەکەتانە". 

 

بەپێى هەمان ڕاگەيەنراو لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆککۆمار وتويەتى "گەلەکەمان لە توانایدایە ئەو تەنگەژە مەترسیدارە تێپەڕێنێت و دەتوانێ رێز لە کۆششە سەرکەوتوەکانتان بگرێ، ئەمەش بەوەى چ بە تاک چ بە کۆمەڵ کارى خۆپارێزى بکات، لەوەى بەتەواوی پابەندی رێوشوێنى خۆپارێزى کەسى لە پەتاکە و پاراستنى کۆمەڵگەدا بین".

 

بەرهەم ساڵح، ئاماژەى بەوەشداوە هەمومان مەترسیدارى دۆخەکە هەست پێدەکەین کە گەیشتوەتە رادەیەک ئەوە بەسەر هەمواندا دەسەپێنێ لە هاووڵاتى و دامەزراوە و دەوڵەت کە تا ئەو پەڕى ڕادە سووربن لەسەر دەستگرتن بە ژیانەوە، هەمومان داواى ئەوەمان لێدەکرێ پارێزگارى لە ژیانى خۆمان و ئەوانى دیکەش بکەین. 

 

سەرۆككۆمارى عێراق لە كۆتايدا وتويەتى، لەکاتێکدا سڵاو و پێزانینى خۆم ئاڕاستەى دەزگاى تەندروستى نیشتمانی دەکەم لە هەمان کاتیشدا دەستخۆشى لە سەرجەم کارمەندانى دامەزراوە ئەمنى و سەربازى و خزمەتگوزارییەکان دەکەم بۆ ئەو رۆڵەى لەم دۆخەدا دەیگێڕن کە پێویستى ئەوەمان دەخاتە سەر شان هەمومان هاریکارى یەکتر بین.