گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو توشبوانەى هيچ نيشانەيەكيان نييە كۆرۆنا دەگوازنەوە بۆ كەسانى تر؟

تەندروستى جيهانى لە لێدوانێكى پێشوى لەبارەى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە پەشيمان دەبێتەوە

2020.06.10 - 18:44
تەندروستى جيهانى لە لێدوانێكى پێشوى لەبارەى گواستنەوەى ڤایرۆسەکە پەشيمان دەبێتەوە

ناس کورد- 

ڕێكخراوى تەندروستى جيهانى لە لێدوانێكى سەبارەت بە گواستنەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لەنێوان مرۆڤەكاندا پەشيمان دەبێتەوە و دەڵێت، شيكردنەوەى ئەوەى كە گوايە ئەو كەسانەى كە توشبون و نيشانەكانيان تیایدا دەرناكەوێت بە دەگمەن ڤايرۆسەكە دەگوازنەوە بۆ كەسانى تر بە هەڵە تێگەيشتنێك تێيدا ڕويداوە.

 

لەو بارەيەوە "ماريا ڤان كيروف" شارەزاى تايبەتمەند لە نەخۆشيە گواستراوەكان لە رێكخراوى تەندروستى جيهانى ئاماژەى بەوەداوە، شيكردنەوەى ئەوەى گوايە ئەوانەى كە هەڵگرى ڤايرۆسەكەن و نيشانەى نەخۆشيان نييە گواستنەوەى ڤايرۆسەكە بۆ كەسانى تر زۆر دەگمەنە، تەنها لەسەر بنەماى دوو ياخود سێ لێكۆڵينەوە ئەو قسانەى كردوە و ئەو دەربڕينە هەڵە تێگەيشتنێك بوە.

 

باسى لەوەشكردوە، تەنها وەڵامى پرسيارەكەم دايەوە و باسى سياسەتى رێكخراوى تەندروستى جيهانى ياخود شتێكى لەم جۆرەم نەكردوە، ئەو ڕاپۆرتانە باس لە گواستنەوەى ڤايرۆسەكە دەكەن لەو كەسانەى نيشانەى نەخۆشيان نييە لەسەر بنەماى چەند نمونەيەكى دياريكراو و گومانلێكراو بوون.

 

رونيشيكردوەتەوە، بەپێى لێكۆڵينەوەكان 16%ى توشبوان نيشانەى نەخۆشيان نييە و بەپێى نمونەكانيش 40% ى گواستنەوەى ڤايرۆسەكە لەو كەسانەوەيە كە نيشانەيان تێدا دەرناكەوێت.

 

ماريا ڤان كيروف پێشتر وتبوى، "بەپێى ئەو داتايانەى لامانە تائێستا دەگمەنە كەسێك كە هەڵگرى ڤايرۆسەكەيە و نيشانەى نەخۆشى نييە ڤايرۆسكە بگوازێتەوە بۆ كەسانى تر، بەڵام نابێت ئەوە تێكەڵ بكرێت كە هەيە نيشانەى تيا دەرناكەوێت و لە قۆناغى پێش دەركەوتنى نيشانەكانە، چونكە توشبوان پێش دەركەوتنى نيشانەكان بۆ چەند ڕۆژێك ڤايرۆسەكە دەگوازنەوە دواتر نيشانەكانيان تێدا دەردەكەوێت.

 

لاى خۆشيەوە پەيمانگاى تەندروستى جيهانى لە زانكۆى هارڤارد قسەكانى "ماريا ڤان كيروف"ى ڕەتكردەوە و ڕايگەياند، باشترين بەڵگە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو كەسانەى نيشانەى توشبونيان تێدا دەرناكەوێت دەتوانن بە خێرايى ڤايرۆسەكە بگوازنەوە بۆ كەسانى تر.

 

پەيمانگاكە هۆشداريشى دابوو لەوەى كە گەياندنى زانيارى سەرەتايى بەبێ دەق لەوانەيە كاريگەرى زۆر گەورەى هەبێت لەسەر كاردانەوەى گشتى و حكومەتەكان لەسەر پەتاى كۆرۆنا.