گه‌ڕان

Shadow Shadow

بۆچی مۆری مەرزی لاوەکی پشتە دزراوە؟

2020.06.10 - 14:23

ڕەمەزان نامیق

ناس بیروڕا-

ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە مۆری بنکەی چاودێری خۆراک لەمەرزی لاوەکی پشتەی سنوری ناحیەی بەمۆ سەر بە پارێزگای هەڵەبجە دزراوە و دیارنەماوە و هەتا ئێستاش سۆراغەکان هیچیان ئاشکرانەکردووە.

 

ڕاستە بە ئاشکرا مۆری ڕێگەپێدان بۆهاوردەکردنی خۆراک دیارنەماوە، لەگەڵ ئەوەشدا داهاتی ساڵانەی ئەم مەرزە زیاتر لە 27 ملیار دینار دەبێت کەس نازانێت بۆکوێ دەچێت و دانیشتوانی سنورەکەش تەنها سودیان لە تەپ وتۆز و خراپبوونی ڕێگاکە بینیوە و نەتوانراوە بەشێک لەداهاتەکەی بۆ خزمەتگوزاری بەتایبەت ڕێگاوبانەکەی بەکاربهێنرێتەوە.

 

دزینی ئەم مۆرە چاوەڕوانکراوبوو، چونکە هەرلە سەرەتای بەفەرمی بون و کردنەوەی مەرزەکە حکومەت زۆربێ منەت بوو لەکردنەوەی مەرزەکەو هیچ گرنگیەکی ئەوتۆی پێ نەدا کەببێتە مایەی خۆشحاڵی هاوڵاتیانی سنورەکە بەڵکو بەپێچەوانەوە بەهەوڵ و ماندوبونی دانیشتوان و بەرپرسانی سنوری ناحیەکە و کۆمەڵێک دڵسۆز و بازرگانانی ناو مەرزەکە سەرجەم کولفە و تێچوی کردنەوەی مەرزەکە و داواکاری لیژنەکەی بەغدادیان گرتە ئەستۆی خۆیان لەپێناو دانەخستن بەفەرمی کردنی مەرزەکە.


دزینی مۆرەکە هاوشێوەی داهاتەکەی بەبەرنامە بووە و بڕواناکەم هیچ کەسێکی ئاسایی ئەم کارە گەورەی کردبێت یاخود پێویستی بەم مۆرە بووبێت، لەبەرئەوە ئەم کارە بووەتە ڕێگە خۆشکەر بۆ هاوردەکردنی خۆراک و کەلوپەلی بێ کوالیتی.

 

ئەگەر بە گریمانە هۆکارێکی تری ئەم کردەوە ناشیرینە هەوڵێک بێت بۆ لە کەدارکردنی مەرزەکە و داخستنی بکرێتە بیانوو ئەوا ئەمەدەبێتە هێڵی سور بۆ دانیشتوانی سنورەکە و ڕێگەنادەن ڕەنجی هەوڵ و ماندووبونەکەیان بەبابچێت و ڕێگە نادرێت لەپێناو بەرژەوەندی تایبەتی ئەم سنورە بکرێتە ململانێی هیچ لایەن و کەسێک.

 

دەبێت سەرپەرشتیاری مەرزی پشتە دزینی مۆرەکە لەئەستۆبگرێت هەتا ئەوکاتەی بە خێراترین ڕێگا بکەرانی دزینی مۆرەکە و هاوکارانی پشتی ئاشکرا دەبێت و بەسزای خۆیان دەگەن.


هەروەها داواکارم داواکاری گشتی ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگرێتە بەر کە کەمتەرخەم بون و نەیانتوانیوە مومتەلەکاتی حکومەت بپارێزن کەبە زیمە لەئەستۆیان بووە.