گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

قەيس خەزعەلى سەرجەم بارەگاكانى عەسائبى داخست.. پلانى بە ئامانجگرتنيان هەيە

2020.06.09 - 22:40
قەيس خەزعەلى سەرجەم بارەگاكانى عەسائبى داخست..  پلانى بە ئامانجگرتنيان هەيە

ناس کورد-

قەيس خەزعەلى، سەركردەى عەسائيبى ئەهلى حەق فەرمانى بە داخستنى سەرجەم بارەگاكانى گروپە ميليشياكەى كردوە و ئاماژەى بەوەداوە، پلانێك هەيە بۆ بە ئامانجگرتنيان.

 

خەزعەلى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويكردوەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخى تەندروستى و زيادبونى توشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆنا  و گەشەسەندنە سياسيەكان و بونى زانيارى لەسەر ئەجێندا و پرۆژەيەكى بيانى بە هاوكارى چەند لايەن و كەسايەتيەكى ناوخۆيى هەوڵى ئەوە دەدرێت فيتنە دەست پێ بكرێتەوە.

 

باسى لەوەشكردوە، ئەوەش لەڕێگەى سوتاندنى بارەگاى گروپە چەكداريەكان و ئەو لايەنانەى پرۆژەكەى رێكخراوى داعشى تيرۆرستيان شكستپێهێنا، ئەويش لەرێگەى ڕاكێشانيان بۆ توندوتيژى خوێنڕشتن و شەڕى ناوخۆيى و دواتر كاركردن بۆ بە تاوانبار ناساندنيان و بە ئامانج گرتنيان.

 

خەزعەلى پێشى وايە، هەموو ئەوەش بە ئامانجى چۆڵكردنى مەيدانەكەيە لە بونى كەسانى نيشتمانى و بەرگريكاران لە سەروەرى و هەروەها بەرە دژەكانى بوونى هێزە بيانيەكان، بەتايبەتى لەكاتى نزيكبونەوەى دەستپێكردنى دانوستانەكان لەگەڵ ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا بۆ دەرچونى هێزەكانيان لەسەر خاکی عێراق.

 

سەركردەى عەسائيبى ئەهلى حەق دەشڵێت: "لەپێناو هەموو ئەوانەدا بڕيارماندا بە داخستنى سەرجەم نوسينگەكانى جوڵانەوەكە لە پارێزگاكانى باشور و ناوەڕاست تا كاتێكى ناديار".

 

جەختیشیکردووەتەوە، ئەوەش لەگەڵ دڵنيابونەوە لەوەى كە چالاكيەكانى جوڵانەوەكە و ڕێكخستنە جەماوەريەكەى بەردەوام دەبێت و ئەوەى لە توانايدا بێت پێشكەشى دەكات لەپێناو خزمەتى ڕۆڵەكانى گەلەكەى بەتايبەتى لەم بارودۆخەدا، ئەوەش لەڕێگەى دۆزينەوەى شوێنگەرەوە و ئامادەبون لەناو خەڵكدا بۆ بەجێهێنانى پێويستيەكانيان.