گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە حەوت کارمەندەوە ئۆتۆمبێلیان نییە

کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی پزیشکی لە سلێمانی تەنها 25%ی کار دەکات

2020.06.09 - 21:00
کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجینی پزیشکی لە سلێمانی تەنها 25%ی کار دەکات

ناس کورد-

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو کارگەیەی کە ئۆکسجینی پزیشکیی لە سلێمانی بەرهەمدەهینێت ٪25ی توانای بەرهەمهێنانی هەیە و دەشڵێت، کارگەکە پێویستی بە 26 ملیۆن دینارە بۆ چاککردنەوە، بەڵام لەلایەن تەندروستییەوە پشتگوێخراوە.

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2020، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: "بە یاوەری کەریم عەلی و بەرزان حامد، ئەندامانی ئەنجومەن سەردانی کارگەی بەرھەمھینانی (ئۆکسجینی پزیشکی)مان لە سلێمانی کرد".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت 25%ی کارگەکە کاردەکات و 75%ی لەکارکەوتووە، کارگەیەکی زۆر گرنگە و بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی زۆر سوودمەند بووە لەو کارگەیە بۆ خزمەتی ھاوڵاتیان لە نەخۆشخانەکان بەتایبەتی لە سەردەمی کۆرۆنادا، بەڵام زۆر کۆنە و لە لایەن تەندروستیشەوە پەراوێز خراوە".

 

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "کارمەندانی کارگەکە یەک کاتژمێر کاردەکەن، بە حەوت کارمەندەوە تائێستا ئۆتۆمبێلێکیان نییە".

ئازاد محەمەد ئەمین دەشڵێت: "لە ئێستادا پێویستیان بە بری 26 ملیۆن دینارە بۆ چاکردنەوە و گۆرینی پارچەکانی، بەڵام نوسراوی داواکاریەکانیان بۆ جاکسازی کارگەکە بێ وەڵام بووە".

 

جەختیشیکردووەتەوە: "لەراستیدا سلێمانی پێویستی بە کارگەیەکی نوێیە بۆ بەرھەمھێنانی ئۆکسجینی خاوێنی پزیشکی، وێرای سوپاس و دەسخۆشیمان بۆ بەڕێوەبەر و کارمەندانی ئەم کارگەیە بۆ ماندووبون ودڵسۆزییان، ،وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ھاوکارو پشتیوان دەبین بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو کارگەیە ".

 

ئەمە لەکاتێکدایە، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە هەریمی کوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی، کێشەی کەمی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانی کۆرۆنا دروست بووە.