گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

توێژینەوەیەکی ئەمریکی نهێنییەکى نوێ لەبارەى کاتی سەرهەڵدانى کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

2020.06.09 - 17:22
توێژینەوەیەکی ئەمریکی نهێنییەکى نوێ لەبارەى کاتی سەرهەڵدانى کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

توێژینەوەیەکی ئەمریکی بەپشت بەستن بە وێنەی مانگە دەستکردەکان و داتاکانی گەڕان لە ئینتەرنێتدا ئاشکرای کردووە کە پەتای کۆرۆنا لە وڵاتی چین لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردوودا سەریهەڵداوە نەک لە مانگی تشرینی دووەمدا وەک ئەوەی کە حکومەتی چین پێشتر ڕایگەیاندبوو.

 

بەگوێرەی کەناڵی "سی ئێن ئێن"، توێژینەوەیەکی زانکۆی (هارڤارد)ی ئەمریکی کە پشتی  بە وێنەی مانگە دەستکردەکان بەستووە کە بۆ شوێنی ڕاوەستاندنی ئۆتۆمبێل لە بەردەم پێنج نەخۆشخانەی شاری وهان گیراوە، دەرکەوتووە ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێل لە بەردەم ئەو پێنج نەخۆشخانەیدا ڕاوەستاون کە مێژووی وێنەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی وەرزی هاوین و سەرەتای مانگی پایزی ساڵی 2019".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، "بوونی ئەو ژمارە زۆرە لە ئۆتۆمبێل لە بەردەم نەخۆشخانەکان لەو دەمەدا بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادیانکردووە".

 

 تویژینەوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەو ماوەیەدا تێبینیکراوە گەڕان و سێرچکردنی چینیەکان لە ئینتەرنێتدا بەدوای ئەو وشانەی کە پەیوەندییان بە نەخۆشییە گوازراوەکانەوە هەیە زیادیکردووە.

 

لێکۆڵەرە ئەمریکییەکان لە توێژینەوەکەیاندا بەراوردێکیان لەنێوان ژمارەی ئۆتۆمبێلە وەستاوەکانی بەردەم ئەو پێنج نەخۆشخانەی شاری وهاندا کردووە لە نێوان ساڵانی 2018 و 2019، لەئاکامدا دەرکەوتووە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە ساڵی 2018دا و لەهەمان وەرزیشدا لە بەردەم نەخۆشخانەکانی شاری وهاندا 171 ئۆتومبێل بووە، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2019دا بەرزبووەتەوە بۆ 285 ئۆتومبێل کە ڕێژەکەی دەکاتە 67%، جوڵە و هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانیش لە شەقامەکانی نزیک نەخۆشخانەکان بەراورد بەساڵی 2018 بەڕێژەی 90% زیادی کردووە.

 

 توێژینەوەکەی زانکۆی هارڤارد، ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی جوڵەی ئۆتومبێلەکان لەنزیک نەخۆشخانەکانی شاری وهان، گەڕانی چینییەکانیش لە ئینتەرنێیدا بەدوای وشەکانی "کۆکە و سکچوون" لەو ماوەیدا زیادیان کردووە.

 

جۆن براونشتاین، سەرۆکی ئەو تیمەی کە توێژینەوەکەی ئەنجامداوە لەو باریەوە وتویەتی  "بەگوێرەی ئەو داتایانەی کە بەردەستن، تێبینی کراوە لەو ماوەیەدا چینییەکان لە ئینتەرنێتدا بەچڕی بەدوای ئەو وشانەدا گەڕاون کە پەیوەندیان بە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان و هەرس هەیە، کە پاشان دەرکەوتووە سکچوون و بوونی کێشە لە کۆئەندامی هەرس یەکێکە لە نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

 

ڕوونیشیکردوەتەوە، "پێدەچێت بیرۆکەی ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلەکان لە شوێنی تایبەت بە نەخۆشخانەکان یاخود تێبینیکردنی هەندێ کاری بازرگانی لە نەخۆشخانەکاندا ئاماژەیەک بێت کە شتێک لەنێو دانیشتواندا لەو ناوچەیە ڕوودەدات".

 

دەشڵێت، "دەتوانین لە ڕێگەی ئەو بیرۆکەیەوە بۆ نمونە وەرزی توشبوون بە ئەنفلۆنزای وەرزی لە ئەمریکای لاتینی دەستنیشان بکەین، هەرکات ژمارەی ئۆتومبێلەکان لە پێش نەخۆشخانەکاندا بەراورد بە کاتەکانى تر زیادیانکرد کە ئەوەش بیرۆکەی توێژینەوەکەمانە".