گه‌ڕان

Shadow Shadow

نرخەکانی نەوت بەرز دەبنەوە

2020.06.09 - 16:03

ئەنەس بن فەیسەڵ حاجی

نوسینی: ئەنەس بن فەیسەڵ حەجی (ئابوریناسی تایبەتمەند لەبواری وزە)

وەرگێڕانی: سۆران ڕەشید 

 

شەممەى ڕابردوو وڵاتانی ڕێکخراوی ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس کۆبوونەوە و بڕیاریان دا بە درێژکردنەوەى ماوەى دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران کە تەموزیش دەگرێتەوە، هاوکات جەختیان لەسەر گرنگی پابەندبوونی وڵاتانی ئەندام کردەوە بەو پشکی بەرهەمهێنانەى کە لەسەری ڕێککەوتوون، ئەو وڵاتانەش کە زیاد لە بڕی پێویستیان بەرهەمهێناوە بەڵێنیان دا لە مانگەکانی ئاب و ئەیلول قەرەبوی بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنان کەمتر بکەنەوە.

 

ئەو کۆبوونەوەیە دوای بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو هات لە نرخەکانی نەوت بەهۆی کرانەوەى نمچەیی یاخود تەواوەتی ئابوری چەند وڵاتێک دوای کەرەنتینە و داخستن بەهۆی بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆیە خواستیش لەسەر نەوت بە شێوەیەکی بەرچاویش زیادی کرد کە بە چوار ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا مەزەندە دەکرێت، بە تایبەت دوای داخستنی بەشێکی زۆری بیر و کێڵگەکانی نەوت لە ئەمریکا و کەنەدا.

 

ڕۆژی یەکشەممە، کۆمپانیای "ئارامکۆ"ی سعودی بەرزبوونەوەى نرخەکانی نەوتی خاوی بۆ مانگی تەموز ڕاگەیاند کە نرخەکان بۆ سەرجەم کڕیارەکانی زیاد بوو بوون، بە تایبەت کڕیارە ئاسیاییەکانی کە بەرزترین ئاست بوو لە مێژوودا. دوای ئەوە کۆمپانیای "ئەدنوکی" ئیماراتیش بەرزبوونەوەى نرخەکانی ڕاگەیاند، چاوەڕێش دەکرێت هەریەکە لە کوەیت و عێراقیش بەرزبوونەوەى نرخەکانیان ڕابگەیەنن، لەگەڵ کرانەوەى بازاڕیش نرخەکانی نەوت بە شێوەیەکی دیار بەرزبوونەوە.

 

دواتر دوێنێ دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی تایبەتی کۆبوونەوەکەى ئۆپێک، ئەمیر عەبدولعەزیز بن سەلمان، وەزیری وزەى سعودیە جەختیکردەوە لەسەر پابەندبوونی وڵاتانی ئەندام بە پشکی دیاریکراوی بەرهەمهێنانی نەوت، وتیشی، دابەزاندنی خۆبەخشانەى بەرهەمهێنان لەلایەن ڕیازەوە کە لە سەرەتای ئەم مانگە دەستیپێکرد، لە کۆتایی مانگدا کۆتای دێت و جارێکی تر بەرهەمهێنانی بەرزدەکەنەوە، بەڵام ئەو بڕە نەوتە لە ناوخۆدا بەکاردەهێنن بەهۆی بەرزبوونەوەى خواست لەسەر وزە لە مانگەکانی هاویندا.

 

لەگەڵ کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکەى ئۆپێکیش، هەواڵی دەستپێکردنەوەى دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەى نەوتیی "شەرارە"ی لیبیا بە بڕی 30 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بڵاوبووەوە، بەشێوەیەک لە سێ مانگی داهاتوودا بگاتە ئاستی تەواوەتی خۆی لە بەرهەمهێنان. پێش کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەش هەواڵی دەستپێکردنەوەى دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەی نەوتیی "فیل" لە بەندەری "ملیتە" لە لیبیا بڵاوبووەوە.

 

لەدوای کۆنگرەکەش، نرخەکانی نەوت بە ڕێژەى زیاتر 3% دابەزی دوای ئەوەى هەواڵ بڵاوبووەوە کە کۆمپانیاکانی نەوت، ئەوانەى کە وازیان لە دەرهێنانی و هەڵکەندی کێڵگەکانی کەنداوی مەکسیک هێنابوو بەهۆی زریانی کرستنبڵ، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان چونکە کێڵگەکان زیانیان پێنەگەیشتووە.

 

دوای باشبوونی نرخەکانی نەوتیش لە هەفتەکانی ڕابردوودا، کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەستیانکرد بە کردنەوە و کارکردن لەو بیرانەدا کە دایانخستوو یاخود بەرهەمهێنانیان تێدا دابەزاندبوو، بەڵام لە چەند ناوچەیەکدا هێشتا جیاوازی زۆر هەیە لە نرخەکاندا و نرخەکەى هێشتا نزمە، ئەوەش مانای وایە کە جارێ بەمزوانە بیرەکان ناکرێنەوە و بەرهەمهێنان دەستپێناکاتەوە.

 

بازاڕەکانی نەوت لە مانگەکانی داهاتوودا

ئەوەى لە سەرەوە باسکرا گرنگترین ئەو هۆکارانە بوون کە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کاریگەری بۆسەر نرخەکانی نەوت هەبووە کە ئاڵۆزی و تێکەڵاوی کاروباری بازاڕەکانی نەوت دەردەخات، ئەوەش مانای وایە خەمڵاندن و پێشبینی بۆ نرخەکانی نەوت زۆر سەختە، بۆیە پێویستە تەرکیز بخرێتە سەر ئاڕاستەى نرخەکان نەک بڕی بەرهەمهێنان.

 

زۆر هۆکار هەن کە بەشدارن لە بەرزکردنەوەى نرخەکانی نەوت لە چەند مانگی داهاتوودا، گرنگترینیان گەڕانەوەى خواستە لەسەر نەوت بەهۆی کرانەوەى ئابوری جیهانی بەبێ گوێدانە کۆرۆنا. بۆیە خواست لەسەر نەوت زیاددەبێت و نرخەکانیش باش دەبن تەنانەت ئەگەریش پاشەکشێ لە ئابوری جیهاندا ڕووبدات، چونکە پاشەکشێی ئابوری زۆر باشترە لە سەردەمی کەرەنتینە و داخستنی تەواوەتی بەهۆی کۆرۆناوە.

 

زۆر بەڵگەش هەن لەسەر ئەوە، گرنگترینیان دابەزینی ئاستی بێکارییە لە ئەمریکا هەرچەندە ئەو ژمارانەى بڵاوکراونەتەوە زیادەڕۆیی تێدایە بە هۆکاری هونەری. هاوکات زیادبوونی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بە شێوەیەکی فراوان لە چین، هەروەها قەرەباڵغبوونەوەى زۆرێک لە شارە گەورەکانی جیهان تاڕادەیەک هاوشێوەى سەردەمی پێش کۆرۆنا. 

 

ئەوەى زیاتر خواست لەسەر نەوت زیاد دەکات نزمبوونەوەى ئاستی بەکارهێنانی گواستنەوە گشتییەکانە و پەنابردنە بۆ بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت بەهۆی ترس لە بڵاوبوونەوە و توشبوون بە کۆرۆنا و جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی دورەپەرێزی کۆمەڵایەتی و تێکەڵنەبوون، زۆربوونی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەتیش دەبێتەهۆی زیادبوونی خواست لەسەر بەنزین بەشێوەیەک کە قەرەبووی بەشێک لە دابەزینی خواست لەسەر بەنزینی فڕۆکە دەکاتەوە، چونکە کاتی گەڕانەوە بۆ ژیانی پێش کۆرۆنا کاتێکی زیاتری دەوێت وەک لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی کەسی و تایبەت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە ئاستی نەوتی کۆگاکراو لە دەریاکاندا دابەزیوە، بەشێوەیەک زۆرێک لەو یەدەکە بەکارهاتووە کە کۆمپانیاکان زەخیرەیان کردووە تاوەکو لەکاتی گۆڕانکارییەکانی نرخی نەوت بەکاریبهێنن، هەرچەندە کۆگای بازرگانی هێشتا بەرزە بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی داهاتووەوە ئەویش بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

 

سەبارەت بە لایەنی خستنەڕوو، چەندین گۆڕانکاری گرنگ هەن کە هاوکار دەبن بۆ بەرزکردنەوەى نرخەکەى، گرنگترینیان دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانە لەلایەن وڵاتانی ئۆپێک پڵەس کە بڕیارە لە مانگی ئابەوە ئاستی بەرهەمهێنانی دابەزێنن بۆ 7.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەوە جگە لە دابەزینی بەرهەمهێنانی جیهانی نەوت بەهۆی دابەزینی وەبەرهێنان کە بوونەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخەکانی نەوت.

 

لەوانەیە زۆرترین دابەزاندن لەلایەن ئەمریکاوە بێت سەرباری هەوڵی کۆمپانیاکان بۆ کردنەوەى ئەو بیرانەى کە لە چەند هەفتەى ڕابردوودا داخران.

 

هێشتا تێکڕای بەکاربردنی بیرە نەوتییە بەردییەکان بەرزە و گەیشتووەتە 65% لە ماوەى یەک ساڵدا، بەرهەمهێنە ئەمریکییەکان توانییان بە وەبەرهێنانی زیاتر، لێدانی بیری زیاتر و تەواوکردنی زیاتر ئاستی بەرهەمهێنانی زیاتر بکەن. 

 

لەئێستادا وەبەرهێنانی کۆمپانیاکان لەنێوان 20 بۆ 50% دابەزیوە، بەو دابەزینەش هاوڕێ لەگەڵ نزمی نرخەکانی نەوتدا، هەڵمەتەکانی تەواوکردن (هەڵکەندنی بیری نەوت و دەرهێنانی) وەستاون، ژمارەى هەڵکەندنی بیرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بۆ نمونە لە تەکساس ئەوەندە کەمە کە لە چەند دەیەی ڕابردوودا نمونەی نەبووە، هەروەها هەڵمەتی هەڵکەندن لە هەردوو کێڵگەى "ئیگڵ فۆرد" لە باشوری تەکساس و "باکان" لە داکوتای باکور بە شێوەیەک دابەزیوە کە لە مێژوودا نمونەى نەبووە. هەموو ئەوانەش مانای وایە ئاستی بەرهەمهێنانی ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەکات.

 

زۆر کەسیش پێیان وایە بە بەرزبوونەوەى نرخەکانی نەوت جارێکی تر چالاکییەکانی دەرهێنانی نەوتی بەردینی ئەمریکیش بەرزدەبێتەوە وەک ئەوەى لە ساڵی 2016 ڕووی دا، بەڵام ئەو بیروڕایە نامەنتیقییە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، ساڵی 2016 سەرمایە زۆر بوو، وەبەرهێنەرەکانیش خواستێکی زۆریان هەبوو بۆ بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین، بەڵام دۆخەکە لە ئێستادا تەواو پێچەوانەیە. جگە لەوەش، نرخەکانی غاز و غازی شل زۆر بەرزتر بوون لە ئێستا، بۆیە وەبەرهێنەر لە و ناوچانەى نەوتی بەردینیان تێدایە لە هەمان کاتدا نرخی نەوت و غاز و غازی شلیشی لا مەبەستە.

 

هەروەها داڕمانی نرخەکانی غاز و غازی شل مانای ئەوەیە کە بەرزبوونەوەى نرخەکانی نەوت سیناریۆی ساڵی 2016 دووبارە ناکاتەوە. ئەوەى نرخەکانی نەوتی بەردین باشتر دەکات بەرزبوونەوەى نرخەکانی نەوتی خاوی تەکساسە بۆ سەرو 45 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لەگەڵ بەرزبوونەوەى نرخەکانی غاز و غازی شل بە ڕێژەى 40%ی ئەوەى ئێستا هەیە، ئەوەش شتێکە کە پێشبینی ناکرێت لە ئێستادا بەهۆی زۆری غازەوە.

 

بە کورتی، نرخەکانی نەوت بەرز دەبنەوە.